كێشه‌ی‌ كاره‌با له‌ ئێران سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

:: PM:03:28:17/02/2020 ‌
كارەبای بەشێك لە شار و پارێزگاكانی ئێران بڕا و گوتەبێژی پیشەسازی كارەبای ئەو وڵاتەیش دەڵێ، دابین نەكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئەو گرفتەی دروست كردووە.
لە هەندێک پارێزگا رۆژانە 12 سەعات کارەبا دەبڕێت

ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات، ماڵپەڕی ئەوروپای ئازاد "فەردا" ئاشكرای كردووە، ماوەی چەند رۆژێكە پارێزگاكانی تاران و گیلان و مازەندەران و خوراسان و سمنان لە ئێران رووبەڕووی بێ كارەبایی بوونەتەوە.

مستەفا رەجەبی، گوتەبێژی پیشەسازی كارەبای ئێران بە میدیاكانی راگەیاندووە، زۆربەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێران بە غاز كار دەكەن و بەهۆی ئەوەی لە وەرزی سەرمادان و هاووڵاتییان غازێكی زۆر بەكار دەهێنن بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان، حكوومەت توانای دابینكردنی گازی بۆ وێستگەكان نییە.

رۆژانە 600 ملیۆن مەتری سێجا غازی ماڵان لە ئێران بۆ خۆگەرمكردنەوە دەسوتێنرێت و ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لەو وڵاتە لە رۆژێكدا 800 ملیۆن مەتری سێجایە و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا رۆژانە پێویستییان بە 170 ملیۆن مەتر سێجا گازە، بەڵام حكوومەت تەنیا 60 ملیۆن مەتری سێجایان بۆ دەستەبەر دەكات.

ئیستە لە زۆربەی پارێزگاكانی ئێران رۆژانە شەش بۆ 12 سەعات كارەبا لەسەر هاووڵاتییان دەبڕێت و هیچ سیستەمێكی تری جێگرەوەی وەك موەلیدە نییە بۆ قەرەبوو كردنەوەی، ئەو دۆخەیش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.


وشە - هیدایه‌ت جان