هه‌رچه‌نده پێشتر كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی بڕیاری ڕاگرتنی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ی داوه، به‌ڵام ئێسته بۆچوونێك هه‌یه كه كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌رده‌وامی پێ بدرێ.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌دوای كۆنگره‌ی چواره‌مه‌وه كه ساڵی ڕابردوو ئه‌نجامیدا، هێشتا كاره‌كانی ته‌واو نه‌كردووه و جگه له ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه 121 كه‌سن و په‌سه‌ندكردنی پێره‌وی ناوخۆ كه‌س بۆ هاوسه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵنه‌بژێردراوه و كێشه‌ی باڵه‌كانیش به‌رده‌وامه.
جووت ئامۆزا، به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سووڵ-یان پێ ڕ‌ازى ناكرێ
به‌هۆی كێشه‌ی باڵه‌كانی ئه‌و حزبه و به دیاركراوی جووت ئامۆزاكه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر پۆستی هاوسه‌رۆكایه‌تی، ڕۆژی شه‌مووی ڕابردوو كۆسره‌ت عه‌لی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كرد و بڕیاری ڕاگرتنی كۆبوونه‌وه‌كانی دا، ئه‌وه‌یش به‌پێی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و حزبه‌یه و له‌لایه‌ن باڵه‌كانه‌وه ڕێز لێگراوه ئه‌گینا تا ئێسته ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و له‌ناو یه‌كێتی ڕوون نه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 17ی شوبات، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، بۆچوونێك له‌ناو یه‌كێتی هه‌یه كه ئه‌و بڕیاره‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ كاری پێنه‌كرێ و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی ده‌ست پێ بكاته‌وه تا هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام چه‌ندان ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ڕایه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه دڵنیانه‌بوو كه كه‌ی بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌كرێ، به‌ڵام گوتی، له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتی داهاتوو به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ كه یه‌كێتی پێشێلی بڕیاره‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌كات و كۆبوونه‌وه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه یان وه‌ك خۆی به ڕاگیراوی ده‌مێنێته‌وه.
له به‌رانبه‌ردا نه‌سروڵا سورچی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، تا ئێسته بۆ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه.
سورچی ئاماده‌نه‌بوو قسه‌ی زیاتر بكات و وه‌ك خۆی گوتی" له‌و قۆناغه‌ی ئێسته‌ی یه‌كێتی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كه‌مترین قسه ده‌كه‌ن".
جووت ئامۆزاكه " لاهوور جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی" ده‌یانه‌وێ هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی بن، به‌ڵام تا ئێسته هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕازی كردنی كۆسره‌ت ره‌سووڵ و به‌رهه‌م ساڵح بێ سوود بووه ئه‌وه‌یش وای كردووه ململانێ و كێشه‌كانی ناو ئه‌و حزبه به‌رده‌وام بێ.
جێی بیرهێنانه‌وه‌یه دوای ڕاگرتنی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی كۆسره‌ت ره‌سووڵ سه‌ردانی ئوردنی كردووه.