له به‌دواداچوونێكی "وشه"دا بۆ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاریی چه‌می قلیاسان له سلێمانی، ده‌ركه‌وتووه به‌شێكی پڕۆژه‌كه رووخاوه و ئاو بردوویه‌تی، به‌شێكی تریشی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه تێكدراوه و بووه‌ته شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك و كۆبوونه‌وه‌ی سه‌گی به‌ره‌ڵا، له كاتێكدا پاره‌یه‌كی زۆری لێ خه‌رج كراوه.
چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانییه‌وه، بڕیاری دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری چه‌می قلیاسان له به‌شی رۆژئاوای سلێمانی درا، به‌و ئامانجه‌ی خه‌ڵك و گه‌شتیار سه‌ردانی بكه‌ن و كاتێكی خۆشی لێ به‌سه‌ر به‌رن، به‌ڵام پڕۆژه‌كه به نیوه‌چڵی كه‌وته به‌ر غه‌زه‌بی لافاو و زێده‌ڕۆیی خه‌ڵك.
له به‌دواداچوونه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ به‌شێكی ئه‌و پڕۆژه‌یه به ته‌واوی تێكدراوه، به‌شێكیشی كه كه‌وتووه‌ته لێواری چه‌مه‌كه، ئاو و لافاو بردوویه‌تی. جگه له‌وه، ته‌واوی كورسی و مێزه‌كانی تایبه‌ت به دانیشتن و فواره‌كانی ئاو تێكدراو و رووخاون، 20 كورسیش كه به‌شێوه‌ی بازنه‌یی جێبه‌جێ كرابوون و چه‌تریشیان به‌سه‌ره‌وه بووه، شكێنراون و خراپ بوون.
پڕۆژه‌كه به نیوه‌چڵی كه‌وته به‌ر غه‌زه‌بی لافاو و زێده‌ڕۆیی خه‌ڵك
ئارام شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، پڕۆژه‌كه بۆ ساڵی 2012 ده‌گه‌ڕێته‌وه و بڕێكی زۆر پاره‌ی تێچوو، به‌ڵام هیچ سوودێكی نه‌بوو.
روونی كرده‌وه، "پڕۆژه‌كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به گه‌شتوگوزاری سلێمانییه‌وه نه‌بوو، لێیشی ئاگادار نه‌بووین و ته‌نانه‌ت پاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن گه‌شتوگوزاره‌وه خه‌رج نه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌واوی كاره‌كان له نه‌خشه و ته‌نده‌رین و دروستكردن و جێبه‌جێكردن، پارێزگار خۆی سه‌رپه‌رشتی كردووه".
به‌گوته‌ی شوانی ئه‌و پڕۆژه‌یه نزیكه‌ی چوار ملیار دیناری تێچووه، كه‌چی له جیاتی كۆكردنه‌وه‌ی گه‌شتیار، بووه‌ته شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك. پڕۆژه‌كه بۆ سه‌رده‌می پارێزگاری پێشتری سلێمانی به‌هرۆز قه‌شانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ته‌واوی كاره‌كان و سه‌رپه‌رشتیكردنی پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن پارێزگار خۆیه‌وه بوو، به‌نیاز بوون له‌گه‌ڵ دروستكردنی پڕۆژه‌كه، ناوچه‌كه بكرێته شوێنی گه‌شتیاری.
رێبوار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به‌دواداچوونی بۆ پڕۆژه‌كه كردووه و ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوالێتی پڕۆژه‌كه باش نه‌بووه و ماده‌ی چاك و كۆنكرێتی باشی بۆ به‌كار نه‌هاتووه، بۆیه به‌و چاره‌نووسه گه‌یشت.
به‌گوته‌ی ئه‌و ئه‌ندام ئه‌نجوومه‌نه، "كێشه‌كه ته‌نیا ئه‌و پڕۆژه‌یه نییه، به‌ڵكو به‌شێك له پڕۆژه‌كانی سنووری سلێمانی به‌تایبه‌تی باڵه‌خانه‌ی كتێبخانه و چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌كی تر، له كاتی دروستكردنیان رووكاری ده‌ره‌وه‌یان به به‌ردی حه‌لان دروست كراون، له كاتێكدا ئه‌مه له ئه‌ندازیاریدا رێپێدراو نییه و مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر گیانی هاووڵاتییان".
"پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی چه‌می قلیاسان گه‌نده‌ڵیی زۆری تێدا كراوه، بۆیه سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی وا بووه. ئه‌و شوێنه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروست كراوه، چه‌مێكه له زستاندا ئاوی زۆر له‌سه‌ره، پێویست بوو به كۆنكرێتێكی ئه‌ستوور بكرێ و ماده‌ی باشی تێدا به‌كار بهێنرێت، به‌ڵام به به‌رد و به‌شێوه‌ی دیواری ئاسایی كراوه، بۆیه له كاتی باران و لافاو به‌رگه‌ی نه‌گرتووه و ئاو بردوویه‌تی و رووخاوه" رێبوار ئه‌حمه‌د وای گوت.
له كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت له جیاتی شوێنی گه‌شتیاری، بووه‌ته مه‌یدانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی ماڵه‌كانی ده‌وروبه‌ر و كۆبوونه‌وه‌ی سه‌گی به‌ره‌ڵا، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات ئامانجه‌كه‌ی گۆڕاوه و بووه‌ته شوێنێكی مه‌ترسیدار، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی لێ خه‌رج كرا.
ئه‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه كێشه‌یه‌كی به‌رچاوی پرۆژه‌كانی سلێمانییه كه گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ی تێدا كراوه و دواتر پشتگوێ خراوه و پرۆژه‌كه خه‌سار بووه. بۆیه دانیشتوانی شاره‌كه له‌وپه‌ڕی نائومێدیدان به‌رانبه‌ر كاره‌كانی خزمه‌تگوزاری.
وشه/به‌دواداچوونی هۆشیار عه‌لی