دابەشكردنی مووچەی سبەی ڕاگەیەنرا

:: AM:08:51:18/02/2020 ‌
پارەكەی بەغدا گەیشتووەتە هەولێر و چاوەڕوانی فەرمانی خەرجكردن دەكرێت، بۆ ئەوەش لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان ئاشكرا دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 18ـی شوبات، بەپێی خشتەی دابەشكردنی مووچە، سبەی چوارشەم مووچەی ئەنجوومەنی دادوەری دابەش دەكرێت .

لە زانیارییەكاندا هاتووە، پارەكەی بەغدا گەیشتووەتە هەولێر و هیچ كێشەیەكی نییە، تەنیا فەرمانی خەرجكردنی بۆ وەزارەتی دارایی ماوە، چاوەڕوان دەكرێ لەم هەفتەیە ئەو فەرمانە دەربچێت و دابەشكردنی مووچە خێرا بكرێت.

لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت
هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوای تەنگژەی دارایی پشت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن، دەبەستێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد