عێراق ناردنی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند

:: AM:11:23:18/02/2020 ‌
عێراق واژووی لەسەر ناردنی بڕی 452 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان كردووە و كۆتایی هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، فەرمانی خەرجكردنەكە دەگاتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 18ـی شوبات، ساڵح یانی راوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هیچ كێشەیەك لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی كوردستان نییە و واژووی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان كراوە.

دوێنێ‌ فەرمانی دەستبەكاربوونی چوار بەڕێوەبەرە نوێیەكە دەرچووە
ئەو ڕاوێژكارە گوتی، چوار بەڕێوەبەری گشتی و پشكنینی گشتی لە وەزارەتی دارایی عێراق خانەنشین بوونە، ئەو دەنگۆیانەی هەن هەموو لەسەر ئەوەیە كە مووچەی فەرمانبەران دوا بكەوێت، بۆیە هیچ مەترسییەك نییە لە دواكەوتنی، دوێنێ‌ فەرمانی دەستبەكاربوونی چوار بەڕێوەبەرە نوێیەكە دەرچووە.

هاوكات فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی واژوو كراوە و دێتە ناردن. دواكەوتنەكەی بەهۆی هەندێك گۆڕانكاریی ناوخۆی وەزارەتەوە بووە.
 
هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوای تەنگژەی دارایی پشت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن، دەبەستێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد