شەڕی پێشمەرگە و تیرۆرستانی داعش گیراو و برینداری لێكەوتەوە

:: AM:11:51:18/02/2020 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنێكی فراوان بۆ سەر چەكدارانی داعش لە سنووری گەرمیان دەستی پێ‌ كردووە، چەندان تیرۆریست گیراون و لە هێزەكانی ئاسایشدا بریندار هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 18ـی شوبات، ئەسكەندەر عەلی ئەفسەری پێشمەرگە لە سنووری پەلكانە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعات پێنجی بەیانییەوە ئۆپراسیۆنێكی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و هاوپەیمانان لە سنووری پەلكانە و گوندی جوانڕۆ لە گەرمیان، دەستی پێ‌ كردووە.

هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و ئاسایش سەرجەم ئەو خاڵانەیان دیاری كردووە 
زیاتر گوتی، لە ئۆپراسیۆنەكەدا سێ‌ تیرۆریست گیراون و كێوماڵكردن بەردەوامی هەیە، چونكە هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و ئاسایش سەرجەم ئەو خاڵانەیان دیاری كردووە كە پێویستە ئۆپراسیۆن كۆنترۆڵیان بكات.

بەگوتەی ئەو ئەفسەرە، لە ناو داعشە گیراوەكان، باس لەوە دەكرێ بەرپرسەكەیان لەو سنوورە كە بە "ئەمیر" ناسراوە، گیراوە و زیانەكانی پێشمەرگە و ئاسایش تا ئێستە برینداربوونی ئاسایشێكە.

ماوەی چەند مانگێكە تیرۆرستانی داعش بەردەوامن لە جموجووڵی تیرۆریستی، لە سنووری باشوور و ڕۆژئاوای گەرمیان، چەندان هاووڵاتییان ڕفاندووە. لە ناوچەكانی تری پارێزگای سەڵاحەدین و رۆژئاوای كەركووك و مووسڵیش، باس لە چاكبوونەوەی تیرۆرستان دەكرێ.




وشە - رامیار جەواد