ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەسەڵاتی بە كۆسرەت ڕەسووڵ دا

:: PM:02:48:18/02/2020 ‌
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێـی كۆتایی هات، تێیدا دەسەڵات بە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ئەو حزبە درا.

ئەمڕۆ سێشەم 18ـی شوبات، رزگار عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیدا بەكۆی دەنگی سەركردایەتی پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند كرا.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی گوتی، هۆكاری مانەوە و گفتوگۆی زۆر لەسەر پێڕەوی ناوخۆ ئەوە بوو لە سەرەتاوە پڕۆژەی پێڕەوی ناوخۆ ئازادانە وەك رەشنووس هێندرایە سەركردایەتی یەكێتی و سەرجەم مادەكان خرانە دەنگدانەوە، دوا مادەش كە پێوەندی بە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی هەبو ئەمڕۆ گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەوە كرا و پەسەند كرا.

ئەمڕۆ گفتوگۆی تێروتەسەلی لەبارەوە كرا و پەسەند كرا
باسی لەوەش كرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسووڵ پێگە و دەسەڵاتی تایبەتی خۆیان لەناو پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت، هەروەها ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی وەك لە كۆنگرەی چوارەم بڕیارە پێڕەوەكەی ئەوەیە بە شێوازێكی نوێ كاری یەكێتی لە ئایندە بەڕێوەبچێت، ئامانجی سەرەكی و نییەتی هەمو ئەندامانی سەركردایەتیش ئەوەیە كە یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزرێت.

ڕوونی كردەوە، ئێستە وەكو یەكێتی بۆ ناوخۆی یەكێتی و هەم بۆ پێوەندیەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لاپەڕەی سپی هەڵدەدەینەوە و كاری لەپێشنەیشمان پاراستنی یەكڕیزی ناوخۆی كوردستان دەبێت.

ڕۆژی شەموو لەسەر داوای كۆسرەت ڕەسووڵ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی وەستێنران و ئەمڕۆ دەستیان پێ‌ كردەوە.


وشە - رامیار جەواد