لە یەك رۆژدا تووشبووانی كۆرۆنا لە كۆریای باشوور 50% هەڵكشا

:: AM:09:50:19/02/2020 ‌

بازنەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و خەریكە وڵاتانی نزیك لە چین زیاتر گیرۆدە دەكات. لە نوێترین ئاماردا رێژەی تووشبووانی ڤایرۆسەكە لە كۆریای باشوور 50% زیادی كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19/2/2020 میدیای فەرمیی كۆریای باشوور بڵاوی كردەوە، لە یەك رۆژدا 13 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان تۆمار كراوە. ئەو شوێنەی ڤایرۆسەكە تێیدا تەشەنەی سەندووە، 300 كیلۆمەتر لە سیئولی پایتەخت دوورە.
ژنێكی بە ساڵاچوو تووشی ڤایرۆسەكە بووە كە هیچ گەشتێكی بۆ دەرەوەی وڵات نەبووە

لە شارەكەدا كە بە "دگۆ" ناسراوە، ژنێكی بە ساڵاچوو تووشی ڤایرۆسەكە بووە كە هیچ گەشتێكی بۆ دەرەوەی وڵات نەبووە، 13 كەسی تریش لە خزم و هاوڕێیانی ژنەكە تووشی هەمان ڤایرۆس بوون. رووداوەكە نیگەرانیی بەرپرسانی كۆریای باشووری بەدواوە بووە.

كۆی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە كۆریای باشوور گەیشتووەتە 46 حاڵەت و سەرجەم ئەو نەخۆشانەش لە كۆریای باشوور خراونەتە كەرەنتینەوە.

بەگوێرەی Gisanddata.maps كۆی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 75 هەزار و 199 حاڵەت. دوو هەزار و 12 كەس گیانیان لە دەست داوە و 14 هەزار و 675 نەخۆشیش چاك بوونەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان