دواجار بەرهەم ساڵح بێ‌ پۆست مایەوە

:: AM:09:53:19/02/2020 ‌
دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بەرهەم ساڵح جێگری پێشووی سكرتێری یەكێتی بێ‌ پۆست مایەوە و تەنیا یەك چانسی تری هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی شوبات، خالید محێدین پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گۆڕینی پێڕەوی ناوخۆ لەهەر حزبێك یان دانانی پێڕەوی نوێ‌، ئەوا كۆمەڵێك ئۆرگان و پێگەی نوێی بۆ دروست دەبێت.

كۆمەڵێك ئۆرگان و پێگەی نوێی بۆ دروست دەبێت
ئەو پسپۆڕە سیاسییە گوتی، پێشبینی دەكرێت لە شوێنی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، ناوەندێكی تر دروست بكرێت و كەسێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بكرێتە لێپرسراوی ئەو ئەنجوومەنە.

شاخەوان عەلی چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "كێشەكانی یەكێتی تەنیا بە دیاریكردنی هاوسەرۆكەكانی كۆتایی نایەت، هێشتا كێشمەكێشی پێنج كارگێڕی ئەو حزبە ماوە چارەسەر بێت بۆ بەڕێوەبەردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی.

باسی لەوەش كرد، پێشبینی دەكرێ ڕەفعەت عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت، بەرهەم ساڵح و ئەندامێكی ژن كە پێشبینی شاناز ئیبراهیم دەكرێت لەگەڵ كەسێكی تر، لە تیمی یەكێتی لە حكوومەت بكرێنە كارگێڕی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی.

بەرهەم ساڵح لە دوو ساڵی ڕابردوودا جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر بە بەڵێنی پێدانی چەند پۆستێك لەناو یەكێـتی گەڕایەوە ناو ئەو حزبە و ئێستەیش جارێكی تر بێ‌ پۆست مایەوە .



وشە - رامیار جەواد