نەوت بەرزترین نرخی لەم مانگەدا تۆمار كرد

:: AM:10:32:19/02/2020 ‌

دوای ئەو كاریگەرییە خراپانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ سەر بازاڕی نەوت دروست بوو، ماوەیەكە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی شوباتی 2020 نەوتی برێنت بەرزترین نرخی لە ماوەی ئەم مانگەدا تۆمار كرد. بەگوێرەی livechart ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتەكە بە 58 دۆلار و 37 سەنت دەفرۆشرێت و بەراورد بە سەرەتای ئەم هەفتەیە دۆلارێك و بەراورد بە هەفتەی رابردوو چوار دۆلار هەڵكشاوە.

نرخی نەوت لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە رووی لە دابەزین كردبوو و هەموو هەفتەیەك بڕێك لە نرخی نەوت دادەبەزی، بەڵام هەفتەی رابردوو ئاراستەكەی  پێچەوانە بووەوە بۆ یەكەم جار هەفتەیەك لە هەڵكشانی نرخ تۆمار كرا. پێشبینی دەكرێ ئەم هەفتەیەش هەڵكشانی نرخ تۆمار بكرێ.

نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە لایەك پێوەندی بە زیاتركردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ڤەنزوێلا هەیە و لەلایەكی تریشەوە پێوەندی بە هەواڵی دڵخۆشكەر لەسەر رەوتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە.

ئەمەریكا بڕیاری داوە رێ لە هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بگرێت و ئەمەش بە واتای كەمبوونەوەی خستنەڕوو دێت كە دواجار نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە.

لە ماوەی رابردوودا ئاستی داخوازی نەوت بەهۆی كۆرۆنا دابەزیبوو، بۆیە نرخی نەوت شكابوو. لەپاڵ هەندێك رووداوی وەك سزادانی ڤەنزوێلا، رێكخراوی ئۆپێك پڵاسیش رۆڵی هەیە لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بە مەرجێك كۆبوونەوەی مانگی ئاداری پێش بخات، جگە لە درێژەدان بە رێككەوتنەكانی پێشوو، بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر كەم بكاتەوە.
لە ماوەی رابردوودا ئاستی داخوازی نەوت بەهۆی كۆرۆنا دابەزیبوو

دواین رێككەوتنی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كۆتایی ساڵی رابردوو كرا، رێككەوتنەكەش بریتی بوو لە كەمكردنەوەی 500 هەزار بەرمیلی تر لە بەرهەمهێنانی نەوت كە لەگەڵ ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیلی پێشوو دەكاتە ملیۆنێك و 700 هەزار بەرمیل.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت ئەم وڵاتانە دووبارە لە پێنج و شەشی ئادار كۆ ببنەوە و بڕیارێكی تر لەبارەیەوە دەربكەن. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەرتی پیشەسازیی چینی خستووەتە ژێر كاریگەری و ئەگەر داخوازی لەسەر كڕینی نەوت كەم ببێتەوە، نرخی نەوتیش دادەبەزێت و بە حوكمی ئەوەی چین بەشێكی زۆر لە بەرهەمی نەوتی دنیا دەكڕێتەوە، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بازاڕەكە دادەنێت.




وشە - سلێمان تاشان