چەند زانیاریەك لەبارەی پێكهاتەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی

:: PM:08:34:19/02/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، داوای لە پەرلەمان كرد هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پێدانی متمانە بە حكوومەتەكەی ساز بكات، محەمەد خالدی نزیك لە تیمی عەلاوی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت چەند زانیارییەك لەبارەی كابینەكە ئاشكرا دەكات.
بێ پۆستەكانی كورد كابینەكەی دەخاتە روو
خالدی دووپاتی كردەوە كە عەلاوی لە دیاریكردنی زۆرینەی ئەندامانی كابینەی حكوومەتەكەی كۆتایی هاتووە و دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی دەكەوێتە دووشەمی داهاتوو، روونی كردەوە، زۆرینەی لایەنە شیعەكان جیا لە هاوپەیمانی نووری مالیكی، پاڵپشتی لە عەلاوی دەكەن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیش بەردەوامە.

زیاتر گوتی، هەروەها زۆرینەی هێزە سوننەكان ئەوانیش دەنگ بە عەلاوی دەدەن، تەنیا پەرلەمانتارەكانی سەر بە محەمەد حەلبووسی نەبێت و ژمارەی پەرەلمانتارانی سوننە كە دەنگ دەدەن 40 دەبن، هەرچی كوردە 15 ئەندامیان كە زۆرینەیان لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانن، دەنگ بە عەلاوی دەدەن لەبەرانبەر ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە گفتوگۆ بۆ رازیكردنیان بەردەوامە و ئەگەر سووربوون لەسەر داواكاریان، عەلاوی دووشەم كابینەكەی دەخاتە روو بێ وەزارەتەكانی كورد تا گەیشتن بە رێككەوتن.

خالدی ئاشكرای كرد كە پشكی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان بەهەمان شێوەی حكوومەتی پێشووە، تەنیا وەزارەتێك بۆ توركمانەكان زیاد كراوە، واتە ژمارەی وەزارەتەكان دەبێتە 22، (12ی بۆ شیعە و 8ی بۆ سوننە و سێی بۆ كورد و یەكێك بۆ توركمان). 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل