"وشه‌" ڕێنوێنی زانستی بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: AM:10:20:21/02/2020 ‌
بۆ رێگری لە هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ئامێری پشکنینی ئەم ڤایرۆسەی داناوە و پشکنین بۆ گەشتیاران دەکات، پسپۆڕێكی مایكرۆبایۆلۆجی ڕێنوێنی زانستی لەڕێی "وشە" ده‌داته‌ هاووڵاتییان.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21ى شوبات، زانیار بەهادین پسپۆری مایكرۆبایۆلۆجی به‌ تایبەت ڤایرۆس لەڕێی "وشە"وە گوتی، "داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەم كە چەند پێداویستیەكی خۆپاراستنی سەرەتای گرنگ هه‌یه‌ به‌كارى بهێنن، بۆ ئەوەی خۆیان لە تووشبوون به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا بپارێزن.

ڕوونی کردەوە، چەند پێداویستیەكی خۆپاراستنی سەرەتایی هه‌ن، وەك: ماسكی N95، دەستكێشی ڤینیلی ئەستوور، كحوولی ئەسیلی (% 60 ـــ % 75)، گاونی نەشتەرگەری یان بەدلەی تاقیگە لەگەڵ كەمێك لە گەوز یان لەفاف، بەشی سەرجەم ئەندامانی خێزانیان لە ماڵەكانیان دانێن، بۆ ئامادەباشی لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو.

پسپۆڕێكی مایكرۆبایۆلۆجی ڕێنوێنی زانستی ده‌داته‌ هاووڵاتییان

ئەمەى باسمانكرد ترساندن نییە، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ئێران کە وڵاتی دراوسێی ئێمەیە، مەترسی زۆر نزیكە لێمان و پێویستە خۆمان بپارێزین. زانیار وای گوت.

ڕوونى كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى تاكو ئێسته‌ كه‌ وەك چارەسەر لە نەخۆشخانەی ووهان دەكرێت، زیادكردنی بەرگری جەستەیە لە ڕێی: زۆر خواردنی ئاو، میوە مزرەمەنییەكان هەروەها گرنگترین خۆراك بۆ زیاتر چالاككردنی سیستمی بەرگری لەش خواردنی پیاز و سیرە.

تاکو ئێستە وەزارەتی تەندروستی ئێران هەواڵی تووشبوونی 21 کەس و مردنی پێنج تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئێران ڕاگەیاندووە، ئەمەش ترسی کردووەتە دڵی هاووڵاتییانی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە دراوسێی ئێرانە.

ڤایرۆسی کۆڕۆنا (Coronavirus) گرووپێک ڤایرۆسن کە تووشی مەمکدارەکان دەبن، لەوانەش مرۆڤەکان و باڵندەکان. لە مرۆڤەکاندا، دەبێتە ھۆی ژەھراویبوونی ھەناسەدان بە نەرمی، بەڵام لە ھەندێک باردا دەکرێ کوشندە بێت. لە مانگا و بەرازەکاندا دەکرێ ببنە ھۆی سکچوونیان لە کاتێکدا لە مریشکەکاندا دەبیتە ھۆی ژەھراویبوونی بەشی ھەناسەدانی سەرەوە. تا ئێسته‌ ھیچ دەرمانێکی پێکوتان و حەبێک بۆ چارەسەر و ڕێگرتنی ئەو ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە، تەنیا پسپۆران هەوڵی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی جەستە دەدەن، ئەم ڤایرۆسە سه‌ره‌تا لە شاری ووھان لە وڵاتی چینەوە لە دوایین مانگه‌كانى ساڵى 2019 دەرکەوتووە و پەرەی سەندووە، لە نیشانەکانی نەخۆشییەک کە لەم ڤایرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، ئاماژە بە تا و کۆکە و ھەندێک جار کێشەی ھەناسەدان ده‌كرێت.


وشە - ڕێناس شابان