زۆر كتێب هه‌ن خوێنه‌ر له ژیانیدا به‌ئاسانى ناتوانێ تێپه‌ڕیان بكات و له خوێندنه‌وه‌یان ببێته‌وه، چونكه به ئاسانى ناتوانێ تێ‌یان بگات، هه‌ر به‌هۆى ئه‌مه‌یشه‌وه زۆربه‌ى ئه‌م جۆره كتێبانه، خۆیان و نووسه‌ره‌كانیان ده‌بنه جێى مشت‌ومڕ. یه‌كێك له‌م كتێبانه "میر"ى نیكۆلا میكیاڤیلی.
كتێبى "میر" بۆ میرێكى گه‌نج نووسرا و نه‌یخوێنده‌وه، كه‌چى بوو به هاوڕێى سه‌دان سه‌ركرده
ئه‌م نووسه‌ره له ساڵى 1469 له شارى فلۆڕه‌نساى ئیتاڵیا له دایك بووه و له حوزه‌یرانى 1527 كۆچى دوایى كردووه. ئه‌و كۆمه‌ڵێك نووسینى هه‌بووه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له نووسینه‌كانى به‌قه‌د كتێبى "میر" ناوبانگى نه‌بووه.
"میر" وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كرد، یه‌كێكه له‌و كتێبانه‌ى ده‌یان و ره‌نگه سه‌تان لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر كرابێت. كۆى لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به دوو ئاراسته و تێگه‌یشتنى جیاواز بوونه. تێگه‌یشتنێك كتێبى "میر" به رێبه‌رى دیكتاتۆر و سته‌مكاران ده‌زانێ و میكیاڤیلی به مه‌راییكردن بۆ ده‌سه‌ڵاتداران تۆمه‌تبار ده‌كات. كه‌چى تێگه‌یشتنه‌كه‌ى تر "میر" به كتێبێكى كلاسیكى و گرنگ ده‌زانێ له هزرى سیاسى و نووسه‌ره‌كه‌یشى به دڵسۆز ده‌زانێ بۆ نیشتمانه‌كه‌ى "ئیتاڵیا".
میر چۆن نووسراوه؟ كتێبى میر له "26" به‌ش پێكهاتووه، له شێوه‌ى نامه‌ى ئامۆژگارى نووسراوه و نووسه‌ر رووى قسه‌كانى له كه‌سێكى دیاریكراو ده‌كات، گوایه یه‌كێكه له میرانى فلۆڕه‌نسا.
میكیاڤیلى له پێشه‌كى كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تى، "له نیكۆڵا میكیاڤیلییه‌وه بۆ لیۆرانسۆى مه‌زنى كوڕى بیارۆى میدیتچى". له‌م پێشه‌كییه ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه خه‌ڵك حه‌ز ده‌كه‌ن دیارى نایاب به میر و سه‌رداران بده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌م كتێبه ده‌كاته دیاری بۆ ئه‌وه‌ى میر سوودمه‌ن بێت لێى و له حوكمڕانى پێڕه‌وى بكات.
له رووى مێژووییه‌وه ئه‌وه‌ى روون بێت ئه‌وه‌یه، بنه‌ماڵه‌ى میدیتچى ماوه‌یه‌كى زۆر حوكمڕانى فلۆڕانسایان كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌یره ناوى ئه‌و میره‌یه كه میكیاڤیلى كتێبه‌كه‌ى پێشكه‌ش كردووه، یان بۆى نووسیوه.
حوسێن عارف كه "میر"ى وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى، له په‌راوێزێكدا باس له‌وه ده‌كات "لیۆرانسۆى مه‌زن" كه به خۆشویستنى ئه‌ده‌ب و زانست و هونه‌ر ناسراوه، له ساڵى 1492 مردووه، كه‌واته ئه‌و كه‌سه نییه كه میكیاڤیلى كتێبه‌كه‌ى بۆ نووسیوه، به‌ڵكو میرێكى تر‌ى گه‌نج هه‌بووه له بنه‌ماڵه‌كه‌دا و ئه‌وكاته‌ى بۆ جارى دووه‌م بنه‌ماڵه‌ى میدیتچى ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست ناوى هه‌بووه. ئه‌و كاته‌یش میكیاڤیلى ده‌چێته لادێ.
كه‌مال مه‌زهه‌ر له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا پرسیاری ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه بۆچى ناوى میكیاڤیلى به كتێبى میر زڕاوه و له‌كه‌دار كراوه؟
ئه‌و لیۆرانسۆیه گه‌نجێكى تازه پێگه‌یشتوو بووه، هه‌رچه‌نده میكیاڤیلى چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى لێ كردووه ئیتالچیا رزگار بكات، به‌ڵام دواجار رۆژگار ده‌ریده‌خات ئه‌و گه‌نجه نه‌ك ئیتاڵیا، به‌ڵكو فڕى به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه نه‌بووه و زوویش مردووه.
كه‌واته ئه‌و كه‌سه‌ى "میر"ى بۆ نووسراوه، لێى سوودمه‌ند نه‌بووه، كه‌چى سه‌دان سه‌ركرده‌ى تر دێن ئه‌م كتێبه ده‌خوێننه‌وه و پێى كاریگه‌ر ده‌بن.
میكیاڤیلى له به‌شه‌كانى كتێبه‌كه‌ى باس له زۆر شتى گرنگ ده‌كات له‌باره‌ی فه‌رمانڕه‌وایى و سیاسه‌ت، پێوانه‌ى هێزى ده‌وڵه‌ت و چۆنیه‌تى هه‌ڵسوكه‌وتى سه‌ركرده، میر و هونه‌رى رازیكردنى خه‌ڵك و چه‌ندان خه‌سڵه‌تى تر كه ده‌بێ میر له هه‌ندێكیان به دوور بێت و هه‌ندێكیشیان له خۆیدا بنوێنێ.
هه‌ڵبه‌ته ناكرێ له وتارێكدا ته‌واوى بابه‌ته‌كانى میر ئه‌گه‌ر به پوختیش بێت، ئاماژه‌یان بۆ بكرێت و هه‌ق به گرنگى كتێبه‌كه بدرێت، به‌ڵام ده‌كرێ باس له‌و چوارچێوه فه‌لسه‌فه سیاسییه‌یه بكرێ كه میكیاڤیلى بۆ بیروڕاكانى داناوه و تێیدا بابه‌ته‌كانى تاوتوێ كردووه.
ئه‌و نووسه‌ره زۆر واقیعییانه باس له هونه‌رى سیاسه‌تكردن ده‌كات، وه‌ك فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانى تر نه‌هاتووه "یوتوپیا"یه‌ك دروست بكات بۆ سیاسه‌ت له شێوه‌ى ئه‌و كتێبانه‌ى به ناوى "شارى چاكه‌كاریى- مه‌دینه فازیله" نووسراون. به‌ڵكو به راشكاوى پێت ده‌ڵێ، "خه‌ڵك به‌م جۆره مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و تۆیش پێویسته به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت".
ئه‌م خاڵه له ناونیشانى چه‌ند به‌شێكى كتێبه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وانه "ئه‌و كاروبارانه‌ى بۆ مرۆڤ و میر ده‌بنه مایه‌ى ستایش یان توانج لێدان، سه‌خاوه‌ت و پیسكه‌یى، ئایا میر ده‌بێ چۆن به‌ڵێنه‌كانى بباته‌سه‌ر و چۆنیه‌تى خۆ به‌دوورگرتن له كه‌سانى دووڕوو".
له‌و به‌شدا "چۆنیه‌تى خۆ به‌دوورگرتن له كه‌سانى دووڕوو"، میكیاڤیلى باس له‌وه ده‌كات كه خه‌ڵكێكى دووڕوو هه‌ن هه‌میشه ده‌ورى میر و سه‌رداره‌كان ده‌ده‌ن، بۆ میر گرنگه بزانێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره كه‌سانه بكات، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ بۆ میر گرنگه رێ به خه‌ڵك بدات له به‌رده‌میدا راستگۆ بن، به‌ڵام كاتێك هه‌ر كه‌سێك بوێرى هه‌بێت له به‌رده‌مى میر راستگۆ بێت، ئه‌وا میرى رێزى نامێنێ، بۆیه وا باشتره میر رێى سێیه‌م هه‌ڵبژێرێت، به واتاى ئه‌وه‌ى رێزى خۆى له‌ناو خه‌ڵك بپارێزێت و له هه‌مانكاتیشدا رێ به كه‌سانى دانا بدات له‌گه‌ڵى راستگۆ و راشكاو بن.
ئه‌م جۆره بۆچوونه راشكاوانه، یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ى هه‌ڵه تێگه‌یشتنن له میكیاڤیلى، ئه‌وه‌ى قوڕه‌كه‌یش بۆ ئه‌م بیرمه‌نده زیاتر خه‌ست ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێك دیكتاتۆر و سته‌مكار به‌و كتێبه سه‌رسام ده‌بن و به بانگه‌شه‌ى خۆیان ئه‌م كتێبه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى ئیلهامیان بۆ حوكمڕانى.
ره‌نگه ده‌یان بۆچوونى تر‌ى میكیاڤیلى له شێوه‌ى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه هه‌بێت كه سه‌ركرده و فه‌رمانده‌كان ده‌توانن به باش و خراپ كه‌ڵكى لێ وه‌ربگرن، لێره‌وه میكیاڤیلى به‌مشێوه‌یه پۆرترێته‌كه‌ى ده‌كێشرێت: نووسه‌رێكه مه‌رایى بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كات، فێرى پیلانى چه‌په‌ڵى ده‌كات و دواتریش ده‌بێته نووسه‌ری دروستكردنى دیكتاتۆر.
ئه‌وانه‌ى به‌مشێوه‌یه پۆرترێتى میكیاڤیلى ده‌كێشن، چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌نه ڕوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیتله‌ر هه‌موو شه‌وێك به‌ر له نووستن، به‌شێكى له "میر" خوێندووه‌ته‌وه.
نموونه‌یه‌كى تریش مۆسۆلینى فاشیست كه سه‌رچاوه‌كانى مێژوو باس له‌وه ده‌كه‌ن مۆسۆلینى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر "میر" نووسیوه و پله‌ى دكتۆراى پێ وه‌رگرتووه، دواتریش كتێبى "میر"ى به هاوڕێى هه‌میشه‌یى ده‌سه‌ڵاتداران وه‌سف كردووه.
له به‌رانبه‌ر ئه‌م بۆچوونانه‌ى سه‌ره‌وه، هه‌ندێكى تر هه‌ن میكیاڤیلى به بیرمه‌ندێكى گرنگ ده‌زانن له مێژووى هزرى سیاسی‌دا، ره‌نگه تاكه كێشه‌ى نووسینه‌كانی ئه‌وه بێت زۆر واقیعییانه و راشكاوانه باسى له سروشتى كۆمه‌ڵگه و مرۆڤ و ده‌سه‌ڵات كردووه.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ى به‌مشێوه‌یه داكۆكى له میكیاڤیلى ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن میكیاڤیلى نیشتمانه‌كه‌ى خۆى زۆر خۆشه‌ویستووه و ته‌نانه‌ت به كتێبى میر ویستوویه‌تى له دروستكردنى وڵاتێكى ئازاد و پێشكه‌وتوو و یه‌كگرتوو به‌شدار بێت، له نووسینه‌كانیشى باسى له‌وه كردووه به باشترى ده‌زانێ به برسێتى له فلۆڕه‌نسا بمرێت نه‌ك له شوێنى تر بژیی.
نووسه‌ر دوا به‌شى كتێبه‌كه‌ى ناوناوه "هاندان بۆ ئازادكردنى ئیتاڵیا له ده‌ست دڕه‌نده‌كان"، ئه‌و خوێنه‌ره‌ى ته‌نیا چاو به به‌شه‌كانى كتێبى "میر"دا بخشێنێ، له ناونیشانه‌كاندا تێبینى ئه‌وه ده‌كات كه خه‌ونى میكیاڤیلییان له‌خۆ گرتووه بۆ ئازادى وڵاته‌كه‌ى.
كتێبى "میر" یه‌كێكه له‌و كتێبانه‌ى زوو بۆ سه‌ر زمانى كوردى هاتووه‌ته وه‌رگێڕان و چه‌ندان جار چاپ كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ى من له‌م وتاره‌دا به‌كارم هێناوه، ئه‌وه‌یانه كه له ساڵى 2006 له‌لایه‌ن سه‌نته‌رى هه‌تاو بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌م چاپه‌یان له‌لایه‌ن حوسێن عارف هاتووه‌ته وه‌رگێڕان و له‌گه‌ڵ كتێبه‌كه‌یش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر بڵاو كراوه‌ته‌وه.
كه‌مال مه‌زهه‌ر له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا پرسیاری ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه بۆچى ناوى میكیاڤیلى به كتێبى میر زڕاوه و له‌كه‌دار كراوه؟
مێژوونووسى به‌ناوبانگى كورد كه‌مال مه‌زهه‌ر چه‌ند هۆكارێك دیاری ده‌كات كه وایانكردووه هه‌ڵه تێگه‌یشتن له میكیاڤیلى هه‌بێت، یه‌كه‌میان ئیره‌یى هاوڕێیانى میكیاڤیلى خۆی بووه كه ئه‌و نووسه‌ره‌یان به "مه‌رایى"كار تۆمه‌تبار كردووه، هۆكارێكى تر ئه‌وه بووه كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده له قۆناغه جیاوازه‌كانى مێژوو، به خراپى كتێبه‌كه‌یان به‌كار هێناوه و ته‌نیا ئه‌و شوێنانه‌یان به‌كار هێناوه كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسیى ئه‌وان یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
به بڕواى من بۆ تێگه‌یشتنى راسته‌قینه له "میر"، پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ى دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر و ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ى تر بخوێنرێنه‌وه، تا به دروستى تێى بگه‌ین و بزانین "میر" ته‌نیا بۆ دیكتاتۆر نه‌نووسراوه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو مرۆڤێكه، نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه میكیاڤیلى له به‌شى به‌ر له كۆتایى كتێبه‌كه‌دا باسى له‌وه كردووه، "مرۆڤ به‌گشتى و میر به‌تایبه‌تى، ده‌بێ فێرى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن بن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان".
ئه‌و نووسه‌ره دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه نابێ مرۆڤ چاره‌نووسى خۆى راده‌ستى قه‌زاوقه‌ده‌ر بكات، چونكه ئه‌مه بۆ مرۆڤ جا هه‌ر كه‌سێك بێت، ترسناكه. به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه میر بێت، ئه‌وا راسپاردنى شته‌كان به قه‌زاوقه‌ده‌ر زۆر ترسناكتتره، چونكه میر جگه له خۆى، چاره‌نووسى گه‌ل و وڵاتێكى به‌ده‌سته‌وه‌یه.