بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە چەند نەخۆشخانە و هۆتێلێك بەپەلە دەكرێنـە شوێنی مانەوەی هاتنی ئەو كەسانەی لە ئێران بوون و دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ شەموو 22ـی شوبات، سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، چەندان ڕێوشوێن گیراونەتەبەر.
لە دوو هوتێلی شارۆكەی سۆراندا جێگیر كران
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتی، 30 هاووڵاتی كە پێشتر گەشتی ئێرانیان كردبوو، كە لە رێی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، پشكنینی پزیشكییان بۆ كراوە و بە پاسێك گواسترانەوە شارۆكەی سۆران و لەوێ لەژێر چاودێریدا دەمێننەوە.
ئاشكرای كرد، چەندان گەشتیار لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و لە دوو هوتێلی شارۆكەی سۆراندا جێگیر كران، دواتر دەبرێن بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی بۆ پشكنین.
دوێنێ لە مەرزی پەروێزخانیش ژمارەیەك هاووڵاتیی لە ئێرانەوە گەڕانەوە بۆ هەرێم و لە یەكێك لە هۆتێلەكانی شارۆكەی كەلار، دەخرێنە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی.
ئەو هەنگاوانە لە كاتێكدایە ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بڵاو بووەتەوە و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، چەندان ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر.