سه‌ربه‌ست نه‌بی مامۆستای زانكۆی كۆیه و چاودێری سیاسی دۆخی رۆژئاوای كوردستان، نه‌بی له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا، باس په‌ره‌سه‌ندنی دۆخی شه‌ڕ له ئیدلیب ده‌كات كه به گوته‌ی ئه‌و "خواستی رووسیا سه‌رده‌كه‌وێت و دواتر ده‌ستوور ده‌نووسنه‌وه به ئاماده‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی لاواز.
ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌مه‌ریكا به‌رنامه‌یان هه‌یه ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌نه‌كه‌سه و ته‌ڤده‌م له رۆژئاوا دروست بكه‌ن
نه‌بی ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه سیناریۆی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپییه‌كان بۆ رۆژئاوای كوردستان ئه‌وه‌یه ئه‌نه‌كه‌سه و ته‌ڤده‌م بگه‌یه‌نن به یه‌ك و گۆڕانكارییه‌كانی دواتری دیمه‌شق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بێت.
ئیدلب دوا وێستگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ر به توركیا، رژێمی ئه‌سه‌د به پشتگیریی رووسیا به‌رده‌وامه له پێشڕه‌وی. ره‌وشه‌كه سه‌ر ده‌كێشێ بۆ شه‌ڕی نێوان توركیا و سووریا؟
توركیا له سووچی سازشی بۆ رووسیا كرد كه رێ به هێزی سووریا بدات بگه‌ڕێته‌وه ئیدلب به‌رانبه‌ر به ناوچه كوردستانییه‌كان، رۆژهه‌ڵاتی فوڕات. رووسیا ره‌زامه‌ندی دا توركیا له منبه‌جه‌وه تا سه‌رێ كانی و عه‌ین عیسا و كۆبانی داگیر بكات. كاتێك هێرشه‌كه ده‌ستى پێ كرد، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى قبووڵیان نه‌كرد و تره‌مپ به‌ڵێنی دا هێزی توركیا نه‌چێته كۆبانێ، ئه‌مه وایكرد ته‌نیا ناوچه‌یه‌كی سنووردار داگیر بكات، بۆیه پڕۆژه‌ى ئه‌ردۆغان شكستى هێنا له هێنانی ملیۆنان په‌نابه‌ری عه‌ره‌ب.
ئه‌ردۆغان له به‌ڵێنی خۆی پاشگه‌ز بووه‌وه، رووسیا تێگه‌یشت به‌تایبه‌ت پاش ململانێی توركیا و رووسیا له‌سه‌ر خاكی لیبیا، بۆیه رێككه‌وتنه‌كه‌ی له دژی توركیا به‌كار هێنا، حه‌له‌ب كه‌وته ده‌ستی رژێم و هێزی رژێم له ده‌رگه‌ی عه‌فرینه‌وه ته‌نیا پێنج كلیۆمه‌تر دووره له ئیدلب. ئێسته ئه‌ردۆغان داوای پشتگیریی ناتۆ ده‌كات، ئه‌مه‌ریكاش پشتگیریی ناكات و ئه‌ویش ناتوانێ خۆی له رووسیا رزگار بكات، ناشتوانێ فڕۆكه بباته سه‌ر ئاسمانی سووریا، هێزی زیاتریش بنێرێت كوژرانی زیاتریان ده‌بێ و شه‌قامی توركیا زیاتر ده‌هه‌ژێنێت.
باوه‌ڕم وایه شاری ئیدلب تا ماوه‌یه‌ك دابه‌شی سه‌ر توركیا و ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ك و رژێم له‌لایه‌ك ده‌بێت، كه‌وتنی ئیدلبیش، یانی نه‌مانی كارتى گوشار به ده‌ست ئه‌ردۆغان له سووریا.
ئیتر هه‌ڵوێستى توركیا له مێزی گفتوگۆ لاواز ده‌بێت، ویستی توركیا بۆ داهاتووی سووریا گرێ دراوه به رێ نه‌دان به دروستبوونی هه‌رێمێكی كوردان و پێ نه‌دانی ماف به كورد، نه‌ك نه‌مانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات.
كه‌واته هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆغان و ناردنی هێز، سه‌ر ده‌كێشێ بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د؟
نه‌خێر شه‌ڕ روو نادات، ره‌وشی توركیا بۆ شه‌ڕ له‌بار نییه و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ته‌قه به‌های لیره داته‌پی. جگه له‌مه‌ش، توركیا نایه‌وێ شه‌ڕ له دژی رووسیا بكات، چونكه رووسیا وڵاتێكی بێ به‌زه‌ییه و به دوو سه‌عات توركیا ته‌خت ده‌كات. ئه‌ردۆغانیش له‌و دۆخه‌دا نییه شه‌ڕ بكات و دۆخی ناوخۆیی خراپه. هه‌موو ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یكات، نه‌خۆشیی پڕوپاگه‌نده‌یه.
ئه‌مه‌ریكا له كوێی هاوكێشه‌ى سووریادایه؟ نه‌وت ده‌پارێزێت یان كورد؟
بوونی ئه‌مه‌ریكا بۆ نه‌وت نییه به‌ڵكو پاساوه. پێش كه‌وتنی عه‌فرین، ئه‌مه‌ریكا مه‌به‌ستى بوو له رێى كورد بگاته ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، پوتین ده‌زانێ ئه‌ردۆغان كوێی دێشێ، بۆیه رێی دا عه‌فرین داگیر بكات، به‌مه‌ش گورزێكی كوشنده‌ى له پلانی ئه‌مه‌ریكا دا، توركیایشی تووشی كێشه كرد به‌رانبه‌ر به ناتۆ و ئه‌مه‌ریكا. چونكه بوونی یه‌ك هێڵ له كه‌نداوی فارس تا ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، پرسێكی جیۆسیاسی زۆر گرنگ بوو كه توركیا تێكی دا، ئێسته ئه‌مه‌ریكییه‌كان به توركیا ده‌ڵێن، ئه‌وه ئاكامی هه‌ڵه‌كانتان بوو له سووریا.
ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌مه‌ریكا ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له سووریا ناكات، بوونی ئه‌وان ته‌نیا بۆ بڕیاری سیاسیی جنێڤه، رووسیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و به‌شار ئه‌سه‌دیش له ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێت، بۆیه ئه‌مه‌ریكا له رۆژئاوای كوردستان ده‌مێنێته‌وه و نایه‌وێ كوردیشی له ده‌ست ده‌ربچێت، چونكه بێ رۆژئاوای كوردستان گۆڕانكاری له داهاتووی دیمه‌شق ناكرێت.
هیچ گره‌نتییه‌ك هه‌یه رۆژئاوای كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك له ده‌ستووری سووریادا بمێنێته‌وه؟
له ده‌ستوور نا، چونكه لیژنه‌ى ده‌ستووری زیاتر له 150 كه‌سن، ته‌نیا سێ كه‌سیان كوردن، له كاتێكدا ژماره‌ى كورد له سووریا 15%ـیه و ده‌بوو لایه‌نی كه‌م 20 كورد هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌نه‌كه‌سه ئه‌مه‌ی قبووڵ كرد و تێكی دا. سێ جار له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ناوی من نووسرا ببمه ئه‌ندام له لیژنه‌كه، به‌ڵام توركیا نه‌ك هه‌ر رێگره له به‌رده‌م ته‌ڤده‌م، منیشی ڤیتۆ كرد! توركیا، كوردانێكی ده‌وێ گونجاو بن بۆ سیاسه‌تى توركیا.
زۆرباشه، كه‌واته به‌های لیژنه‌ى ده‌ستووری چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئیدلب بكه‌وێ؟
ئه‌وه‌یه كه رووسیا ده‌یه‌وێ بیكات، رووسیا شه‌ڕه‌كه بۆ ئامانجی سیاسی ده‌كات و ده‌یه‌وێ له ئیدلب سه‌ربكه‌وێت ئینجا كاره‌كانی لیژنه‌ی ده‌ستووری بكرێت، ئه‌وكاتیش ئۆپۆزسیۆن لاواز ده‌بن و ناتوانن مه‌رج و داواكارییه‌كانیان بسه‌پێنن. به‌و هه‌نگاوه نه‌ك هه‌ر ئۆپۆزسیۆن ناتوانن داوای شتێك له سووریا بكه‌ن، لووتكه‌ی جنێڤیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه كه به بڕیاری نێوده‌وڵه‌تى دامه‌زراوه و لوتكه‌ى سووچی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كه رووسیا خاوه‌نداریه‌تى ده‌كات، به‌مه‌ش له هاوكێشه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به مانا فراوانه‌كه‌ی به‌ره‌ی رووسیا سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌مه زیره‌كی و دانایی ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى رووسیایه، ئیتر ده‌ستوور به دڵی خۆیان ده‌نووسنه‌وه.
به‌ڵام ته‌ڤده‌م له لیژنه‌ى ده‌ستووری نییه؟
سیناریۆكان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره زۆرن، به‌ڵام دیارترینیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت فڕه‌نسا، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خه‌تن و داوا له ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه ده‌كه‌ن رێكبكه‌ون و ئیداره‌یه‌ك دابمه‌زرێنن، بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌ن به بناغه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی داهاتوو له سووریا، له‌مه‌دا رژدن.