كۆمپانیایەك پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای دۆزیەوە

:: PM:06:37:22/02/2020 ‌

ژمارەی قوربانیان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵكشانە، هاوكات هەوڵی وڵاتان و كۆمپانیا و تاقیگە و ناوەندەكانی توێژینەوەی زانستیش زیاتر دەبێت بۆ رێگرتن لەو مەترسییەی هەموو دنیای داگرتووە، لەوناوەدا كۆمپانیایەكی تایبەت بە ئەندازەی بۆماوەیی لە ئەمەریكا رای گەیاند كە پێكوتەی دژ بەو ڤایرۆسەی دۆزیوەتەوە.
زانایان خەریكە بەسەر ڤایرۆسەكە زاڵ دەبن
تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"، لە جۆن برایس سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای "گریفیكس"ی ئەمەریكی گواستەوە كە بارەگاكەی لە تێكساسە، ئەوان گەیشتوونەتە  دۆزینەوەی پێكوتەیەك كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو دەبات و هەنگاوی داهاتوویان بەر لە وەرگرتنی رەزامەندیی خستنەبازاڕیەتی لە حكوومەتی ئەمەریكا، تاقیكردنەوەیەتی لەسەر ئاژەڵ.

وەك ئەو بەرپرسەی كۆمپانیاكە دەڵێت كە ئەگەر حكوومەتی ئەمەریكا لەسەر خستنەبازاڕی پێكوتەكە رازی بێت، ئەوكات كۆمپانیاكە بێ بەرانبەر لە ئەمەریكا و وڵاتانی تر دابەشی دەكات، ئەو روونی كردەوە كە پەرەپێدانی ئەو پێكوتە پشتی بە بەكارهێنانی ڤایرۆسی زیندوو یان مردووی كۆرۆنا نەبەستووە كە لە چین سەری هەڵداوە، هاوكات ئەوان لە ئەنجامی هاریكاریی نێوان "گریفیس" و پەیمانگەی نیشتمانی بۆ تەندروستی و نەخۆشییە درمەكان بەو ئەنجامە گەیشتووەن.

شایەنی باسە لە دوو رۆژی رابردوو كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوونی رۆژانە بەو ڤایرۆسە تۆمار كراوە كە تا دوێنێ هەینی ژمارەی ئەوانیان گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 2345 و ئەوانەیشی تووشی بوونە 76288 كەس.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل