رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی توركیا و سوپای سووریا لە ئیدلب بەردەوامە و وەزارەتی بەرگریی توركیا كوژرانی سەربازێكی تری توركیای راگەیاند و بەوەیش ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی توركیا لە باكوری سووریا لەماوەی ئەم مانگەدا گەیشتووەتە 17 سەرباز.
پێشڕەوی سوپای سووریا لە ئیدلب بەردەوامە
وەزارەتی بەرگریی توركیا لە لاپەڕی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، لە ئەنجامی بۆردمانی تانكەكانی سوپای سووریا، سەربازێكی توركیا دوای برنداربوونی گیانی لەدەست داوە و بەوەیش ژمارەی كوژراوانی توركیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستە لە باكوری رۆژئاوای سووریا گەیشتووەتە 17 سەرباز.
لەوكاتەی سوپای توركیا رای گەیاند كە دوای ئەوەی سوپای سووریا سەربازێكی توركیایان لە ئیدلب كوشت، ئەوان وەڵامی هێرشەكەی سووریایان داوەتەوە و 21 ئامانجی سووریایان تێكشكاندووە.
بەپێی رێككەوتنی سووچی لەگەڵ رووسیا، توركیا لە ناوچەی ئیدلب 12 خاڵی چاودێری دامەزراندووە، بەڵام دوای ئەوەی بەمدواییە سوپای سووریا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و لۆجیستی رووسیا زۆرینەی ناوچەكانی كۆنترۆڵ كردەوە، ئێستە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو سوپای سووریا و توركیا هەیە كە توركیا هەزاران سەرباز و تانك و زریپۆشی رەوانەی ئەو ناوچەیەی خاكی سووریا كردووە بۆ رێگرتن لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی لەلایەن سوپای سووریاوە.