جلوبه‌رگ ئه‌و پێداویستییه‌یه كه ڕۆژانه له ڕێى فڕۆكه‌خانه و خاڵه سنوورییه‌كانه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌گوازرێته‌وه و هه‌اران جۆر و سه‌تان كوالیتی هه‌یه، به‌ڵام هیچ كۆنترۆڵێكی له‌سه‌ر نییه. به‌گوته‌ى به‌رپرسێكى چاودێرى بازرگانى، "دیاریكردنى كوالێتی و نرخى جلوبه‌رگ ئه‌سته‌مه". له‌م به‌دواداچوونه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر هاووڵاتییه‌كى كوردستان له 2019 بایى 147 دۆلار جلوبه‌رگى كڕیوه.
له وڵاتانى "چین، توركیا، ئێران و ئیتاڵیا"وه، ساڵانه زۆرترین جلوبه‌رگ هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێن، به‌ڵام خراپى كوالێتی و گرانى نرخ، بازاڕیان شێواندووه و هاووڵاتى نازانێ جلوبه‌رگى باش له كوێ بكڕێ.
ڕابه‌ر عه‌بدوڵا بازرگانێكى شارى هه‌ولێره و ساڵانه به‌مه‌به‌ستى هێنانى جلوبه‌رگ و پێویستییه‌كانى پۆشین، به‌گوته‌ی خۆی "هه‌شت بۆ 10 گه‌شتى چین ده‌كات".
رابه‌ر بۆ "وشه" قسه‌ی كرد و ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ساڵى 2019 زۆرترین فرۆش بۆ جلوبه‌رگى هه‌رزان و بێ كوالێتی بووه. له‌باره‌ی هۆكاره‌كه‌یشی گوتی "چونكه جلوبه‌رگى باش كڕیارى كه‌مه، بۆیه هه‌ندێك بازرگان ئێسته هه‌ر وازیان له هێنانى جلوبه‌رگى ماركه هێناوه".
كڕیار له نرخ ده‌كۆڵێته‌وه نه‌ك كوالیتی، بۆیه هه‌رزانه‌كه هاورده ده‌كه‌ین
ڕابه‌ر نموونه ده‌خاته ڕوو به‌وه‌ی "كابۆ هه‌یه تێچووى كڕین و گواستنه‌وه‌ى تا ده‌گاته كوردستان، شه‌ش دۆلاره، هه‌یشه ئه‌گه‌ر له چین بیكڕیت جۆری باشه و نرخه‌كه‌ی ده‌گات به 35 دۆلار، به‌ڵام كڕیار له نرخ ده‌كۆڵێته‌وه نه‌ك كوالیتی، بۆیه هه‌رزانه‌كه هاورده ده‌كه‌ین".
"پێڵاوى چینى له 2019 له بازاڕه‌كانى كوردستان ئاگرى گرتبوو له پڕفرۆشى، به‌هۆی هه‌رزانی، ته‌نانه‌ت كاله‌ى چینى نرخى تا شه‌ش هه‌زار دینار هه‌بوو كه ئه‌وه كه‌مترین نرخه تۆمار كرابێت" ئه‌و بازرگانه واى گوت.
هه‌رچى به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى و بازرگانى هه‌ولێره ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ناتوانن نرخی جۆرى جلوبه‌رگ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام بۆ كوالێتییه‌كه‌ى به‌رده‌وام لیژنه‌كان له خاڵه سنوورییه‌كان و بازاڕ و مۆڵه‌كان، به‌پێى چه‌ند پێوه‌رێك بڕیار ده‌ده‌ن.
هێمن سه‌ید موراد بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "له بازاڕدا جلوبه‌رگى سه‌تان كۆمپانیاى بیانى و وڵاتان هه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان شێواز و كوالێتییان جۆرێكه، بۆیه ناتوانرێ نرخ دیارى بكرێ، به‌ڵام ده‌توانرێ تا ئاستێك چاودێرى كوالێتى بكرێت".
"هیچ هاووڵاتییه‌ك نه‌هاتووه له‌سه‌ر خراپى جلوبه‌رگ سكاڵا بكات، به‌ڵام ئێمه له ڕێى تیمه‌كانمانه‌وه به‌پێى ئه‌و ئه‌زموونه‌ى هه‌مانه، چاودێرى كوالێتى جلوبه‌رگ ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده له سنووره‌كان پشكنینیشیان بۆ ده‌كرێت و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كوالێتییان ده‌كرێت" به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى واى گوت.
له كوردستان هیچ روون نییه ئه‌و ره‌نگانه‌ی له قوماش و كابۆدا به‌كار هاتووه چین و كاریگه‌رییان چییه، به‌ڵام كه ده‌چیته فه‌رمانگه‌یه‌ك یاخۆ كۆمپانیا، كاتێك فه‌رمانبه‌ر له شوێنی خۆی هه‌ڵده‌ستێ، ره‌نگی كابۆكه به كورسییه‌كه‌وه ده‌ركه‌وتووه، ئیتر دیار نییه پێوه‌ری چاودێری بازرگانی بۆ كوالیتی چییه.
سه‌رهه‌د ئه‌بوبه‌كر بۆ "وشه" گوتی، "كاتێك سه‌ردانى شوێنێك ده‌كه‌ین كه جلوبه‌رگى هه‌یه، بۆ نموونه پانتۆڵێكى كابۆ به 25 هه‌زار نووسراوه، به‌پێى دروستكراوى وڵات و جۆرى قوماشه‌كه و ساڵى دروستكردنى، ده‌توانین بڕیار له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ى بده‌ین، ئه‌گه‌رنا شتێك به‌ناوى به‌سه‌رچوون نییه و ناشتوانین له‌سه‌ر ئه‌و نرخه سزاى بده‌ین".
زیاتری روون كرده‌وه، "ته‌نیا بۆ جلوبه‌رگى ژێره‌وه به‌سه‌رچوون و كوالێتى گرنگى پێ ده‌درێت، ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتییان دوور بن له خراپیی جلوبه‌رگی ژێره‌وه كه زۆرجار زیان به پێست و ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه جلوبه‌رگى دروستكراوى ژێره‌وه نابێ زیاتر له ساڵێك بمێنێته‌وه".
شایانی باسه تا ئێسته‌یش ماركه به‌ناوبانگه‌كانی دنیا له جلوبه‌رگدا لقیان له كوردستان نییه و بازاڕه‌كه بووه‌ته شوێنی ساغكردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی خراپی وڵاتانی توركیا و ئێران و چین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی بازرگانی كورد خۆیشیان جگه له پاره هیچ شتێكی تر گرنگ نییه به لایانه‌وه و بیر له پێشخستنی وڵاته‌كه‌یان ناكه‌نه‌وه.
جه‌وده‌ت كاكل سه‌رۆكى په‌یمانگه‌ى ڕاست بۆ توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه ئابوورییه‌كان، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ساڵى ڕابردوو 2019 به‌پێی ئامارى ژماره‌ى دانیشتووان كه له حكوومه‌ت وه‌رمانگرتووه، خه‌ڵكی كوردستان به پێنج ملیۆن و 600 هه‌زار هاووڵاتى دیارى كراوه، بۆ جلوبه‌رگ و له ئاستی مامناوه‌ندی، بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌كى پێگه‌یشتوو بڕى 102 دۆلار و یه‌ك سه‌نت جلى كڕیوه، له‌گه‌ڵ بڕى 44 دۆلار بۆ پێڵاو".
دووپاتیشی كرده‌وه، "هه‌ر هاووڵاتییه‌كى پێگه‌یشتوو، به‌تێكڕایى له ساڵێكدا به جلوبه‌رگ و پێڵاو 146 دۆلار و دوو سه‌نت خه‌رجى هه‌بووه، كۆى گشتى له هه‌رێمى كوردستاندا ده‌گاته 817 ملیۆن و 600 هه‌زار دۆلار زیاتر".
بەگوتەی کاکل لەو ئامارەی پەیمانگەکەیان، پشتبەستراوە بە داتاکانی یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران و ژووری بازرگانی و پیشەسازی و ئاماری هەرێم بۆ ژمارە پێوانەییەکان.