دوێنێ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ پرسی كورد لە كەركووك لە لقی سێی پارتی لە هەولێر بەڕێوە چوو، تێیدا گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك بڕیاری لێ درا.
ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان دەدرێ
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ یەکشەم 23ی شوبات دەست ”وشە" کەوتوون، ڕۆژی سێشەم یان چوارشەمی ئەم هەفتەیە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان دەدرێ.
لە زانیارییەكان ئاشكرا كراوە، خاڵێكی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە كە پێویستە پرسی پارێزگاری كەركووك یەكلا بكرێتەوە، پێشمەرگەش بگەڕێتەوە سنوورەكانی پێش 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017.
ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، هیچ كۆبوونەوەیەكی تری لایەنە سیاسییەكان ناكرێت و كۆبوونەوەی دوێنێ دەبێتە دوایین كۆبوونەوەی لایەن سیاسییەكانی كەركووك لەسەر بارودۆخی شارەكەیان، چونكە بۆچوونی هاوبەشی خۆیان و داواكارییەكانیان بەواژووی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان گەڵاڵە كردووە و ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانی دەكەن.
ئەوەیش باس كراوە، دوای ئەو كۆبوونەوەیە سەرجەم لایەنەكان ڕێككەوتنیان كردووە، دەبێت پرسی كەركووك لە ڕێی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ بەغدا یەكلا بكرێتەوە، بەجۆرێك هیچ لایەنێكی سیاسی نەتوانێ كەركووك بكاتە گۆڕەپانی بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكانی خۆی.
دوێنێ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كەركووك لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو بۆ یەكەمین جار پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی تێدا كرد.