باوكی کچە هەشت ساڵانەکە: وەزیری ناوخۆ هەموو كارێكی پێویستی كردووە

:: AM:11:22:23/02/2020 ‌
باوكی ئەو منداڵە ناكامەی كە دەستدرێژیی سێكسی كرابووە سەر و هەڕەشەی لەسەر بوو، ئاشكرای دەكات كە سەرجەم تۆمەتباران گیراون.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی شوبات، لوقمان ئیسماعیل باوكی كچە هەشت ساڵانەی هەولێر كە ساڵی ڕابردوو دەستدرێژی كرابووە سەر، لە بەردەم دادگای هەولێر بۆ میدیاكان ڕای گەیاند، سوپاس بۆ وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر كە سەرجەم تۆمەتبارانیان گرتووە.

باوكی كچە هەشت ساڵانەكە گوتی، ئێستە هەست دەكەم مافی كچەكەم وەردەگرم، بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین دادگا چی بڕیارێك بدات، جێبەجێ دەكرێت، ئەوەیش جێی دڵخۆشییە كە كەسەكان بەرانبەر دادگا جیاوازییان نییە.

دادگا چی بڕیارێك بدات، جێبەجێ دەكرێت 
ڕێبین سەباح پارێزەری كەیسی كچە هەشت ساڵانەكە گوتی، لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان چەندان پارێزەری خۆبەخشی بۆ كەیسەكە دابین كردووە، بۆیە تا دۆسیەكە كۆتایی نەیەت  دەستبەرداری نابین.

پارێزەرەكە گوتی، جگە لە پارێزەرانی هەولێر، چەند پارێزەرێكی تریش وەك خۆبەخش لە ڕۆژی دادگا ئامادە دەبن.

ڕۆژی 21ـی شوبات، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەواوی داودەزگا پێوەندیدارەكان هاتوونەتە راسپاردن بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسی رووداوی "منداڵە حەوت ساڵییەكەی هەولێر" كە لە مانگی نیسانی 2019 رووی داوە. 

ئاشكرای كرد، لایەنە پێوەندیدارەكان رێكاری یاساییان بەرانبەر ئەم دۆسیەیە و تۆمەتبارەكانی گرتووەتەبەر، ئەو پێنج تۆمەتبارەی كە پێشتر بە دەستەبەری ئازاد كرابوون، گیرانەوە و بەهیچ شێوەیەكیش چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی ئەم تاوانە قێزەونە ناكرێت.



وشە - رامیار جەواد