ئه‌ندامێكی شاندی دانوستانكاری كورد له به‌غدا ڕای گه‌یاند، دوای چه‌ند رۆژ گفتوگۆ له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق، بڕیاره سبه‌ی بگه‌رێینه‌وه و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كه‌سی یه‌كه‌می لایه‌نه‌كان كۆ ببینه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 23ی شوبات، جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری كورد له به‌غدا بۆ "وشه" گوتی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌راورد به رۆژانی ڕابردوو هه‌ڵوێستی گۆراوه و نه‌رمی نواندووه و بڕیاری داوه كه داواكاری كورد قبووڵ بكات و كوردیش خۆی وه‌زیره‌كانی دیاری بكات به‌و مه‌رجانه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت یا ئه‌وه‌ی ئه‌و دایده‌نێت.
سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت
كۆچه‌ر ده‌ڵێت، بڕیاره سبه‌ی بگه‌رێینه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان شاندی كوردی و سه‌رۆكی هه‌رێم و كه‌سی یه‌كه‌می لایه‌نه‌كان به‌رێوه بچێت و تێیدا دواین بڕیار بده‌ین به‌شداری له حكوومه‌ت بكه‌ین یا نا. هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه سبه‌ی بۆ كورد گرنگ ده‌بێت.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه شاندی كوردستان به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان له به‌غدان به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، به‌ڵام هێشتا هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان كورد و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی نه‌كراوه.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم