كۆرۆنا.. چین و ئێران و كۆریا و ژاپۆن زیاترین گیانلەدەستدانیان هەیە

:: PM:06:58:23/02/2020 ‌

ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا لەهەڵكشانە و بەپێی دوا زانیاری ژمارەی تووشبووان 78 هەزار و 804 كەس دەبێت و ژمارەی ئەوانەیشی گیانیان لەدەست داوە دەگاتە دوو هەزار و 453، لەدوای چین هەریەك لە ئێران و كۆریای باشوور و ژاپۆن زیاترین گیانلەدەستدانیان تۆمار كردووە، وەزیری دەرەوەی كۆریای باشوور دەڵێت، 12 وڵات رێگری لە هاتوچۆی هاووڵاتییانیان دەكەن.
وڵاتانی دنیا هاووڵاتییانی چین و ئێران و كۆریای باشوور لەخۆیان دوور دەخەنەوە
دوای ئەوەی ئێران رای گەیاند كە ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 43 حاڵەت بەتۆماركردنی 15 حاڵەتی نوێ و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە هەشت حاڵەت، بەوەیش دەبێتە یەكەم وڵات لەدوای چین لەرووی ژمارەی حاڵەتی گیانلەدەستدان، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور رای گەیاند كە تا ئێستە 12 دەوڵەت قەدەغەی گەشت و هاتوچۆیان خستووەتە سەر هاووڵاتییانی كۆری. 

دوێنێ ئیسرائیل 130 هاووڵاتی كۆریای باشووری كە سەرنشینی فڕۆكەیەك بوون و لە سیئۆل هاتبوون، ئەوانی رەوانەی وڵاتەكەیان كردەوە بەهۆی مەترسی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەحرێن ئەو هاووڵاتییانەی بیانی كە سەردانی كۆریا و وڵاتانی ڤایرۆسەكەی تیادا تەشەنەی كردووە بۆ 14 رۆژ خستە دابڕانەوە، عەمانیش بەهەمان شێوە ئەوانەی لە چین و كۆریای باشوور و سەنگاپوور دێن دەیانخاتە دابڕانەوە. 

لەوكاتەی حكوومەتی كۆریا بەنیازە بۆ رەواندنەوەی مەترسیان بەوردی دوا زانیاری لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و ژمارەی قوربانیان و ئەو رێوشوێنانەی وەرگیران بە وڵاتانی دنیا بدات، مۆن جی ئین سەرۆكی كۆریای باشوور دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی روو لە ساتێكی شلۆق دەكات لە جەنگ لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەو ئاستی ئامادەسازی لە وڵاتەكەی بۆ ئاستی چوارەم و سوور بەرز كردەوە كە بەرزترین ئاستی ئامادەسازییە و گوتی، كاتی هاتووە رووبەڕووی ئەو دۆخە ببینەوە، ئەوە لەوكاتەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە كۆریا گەیشتووەتە 602 و تا ئێستە پێنج كەس گیانیان لەدەست داوە.  

لە ژاپۆن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تۆماركردنی سێیەم حاڵەتی گیانلەدەستدانیان راگەیاند لەسەر كەشتییەكی دابڕاو لە ژاپۆن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل