بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، سبەی شەپۆڵێكی باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاو هەیە.
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی شوبات، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كراوە، شەپۆلێكی باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێك ناوچە لێزمە باران دەبێت.
پێشبینی دەكرێت ئاستی باران بۆ بارانی بە لێزمە بگۆردرێت
كەشناسی ئاشكرای دەكات، سەنتەری كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەك دەكەوێتە سەر ناوەڕاستی عێراق، كاریگەریەكەی بۆ سەر بەشێك لە ناوچەكان درێژ دەبێتەوە، ئەمشەو باران لە كاتەكانی درەنگانی شەودا لە بەشێك لە ناوچەكان دەست پێ دەكات.
باس لەوەش كراوە، ئاستی بارانەكە لەسەر بەشەكانی باشووری هەرێم زیاتر دەبێت، بەتایبەتی بەشێك لە " ئیدارەی گەرمیان وە بەشێك لە ناوچەكانی باشووری پارێزگای سلێمانی" لە كاتی زیادبوون و بەهێزبوونی كاریگەری ئەم شەپۆلە پێشبینی دەكرێت ئاستی باران بۆ بارانی بە لێزمە بگۆردرێت لە ناوچەكانی ئاماژە پێكراو، ئەگەری دروست بوونی هەورە تریشقەش هەیە لە كاتی بارانی بە لێزمە.
ڕوونكراوەتەوە، لە درەنگانی شەوی سێشەم كاریگەری لەسەر ناوچەكانی باشووری هەرێم كۆتای دێت، بەڵام لەسەر ناوچەكانی تری هەرێم لە كاتێكی زووتر كۆتای دێت.