وەزیری تەندروستی تورکیا رای دەگەیەنێت، ناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران شاری قومە و ئەگەر ئەو شارە خرابایە کەرەنتینەوە، پێویستی نەدەکرد هیچ وڵاتێک سنوورەکانی بە ڕوودا دابخات.
دەبوایە ئێران شاری قوم هاوشێوەی ئوهانی چین لێ بکات
ئەمڕۆ دووشەم 24ی شوبات، فەخرەدین کووجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا بە
میدیاکانی راگەیاند، لەگەڵ وەزیری تەندروستیی ئێران گفتوگۆم کردووە و هۆی داخستنی سنوورەکانی تورکیام بە ڕووی ئێراندا بۆ روون کردووەتەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بە سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستیی ئێرانم راگەیاند، دەبێ شاری قوم وەک شاری ئوهانی چین بخرێتە کەرەنتینەوە، بەڵام ئەو وەزیرە پێی گوتم، ئەوان ناتوانن کارێکی لەو شێوەیە بکەن.
"بەهۆی ئەو وەڵامەی وەزیری تەندروستی ئێران، ناچار بووین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان سنوورەکانمان بەڕووی ئێراندا دابخەین" فرەخرەدین کوجا وای گوت.
وەزیری تەندروستیی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە، ئیتاڵیا ئەو ناوچەیەی خستووەتە کەرەنتینەوە کە ڤایرۆسەکە تیایدا سەری هەڵداوە، چینیش ئوهانی بەو شێوەیە لێ کردووە، ئەگەر ئێران شاری قومی خستبایە ئەو حاڵەتەوە پێویستی نەدەکرد ئێستا ئێمە سنوورەکانمان بە ڕوویاندا دابخەین.
ئێوارەی دوێنی یەکشەم وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، تورکیا بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی، سنوورەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دادەخات.