پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە کە ئەو كەسانەی لە کەرەنتینە کراون، بە واستە و ئاسانكاری گەڕێنراونەتەوە ماڵاوە، وەزیری تەندروستی ڕوونکردنەوەی دا.
ئەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە شوێنی تایبەت كەرەنتینە كراون، بەڵام وا بڵاو کرایەوە کە ئەو کەسانە بە واستە هێندراونەتە دەرەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، بۆیە وەزیری تەندروستی ڕای گەیاند، هەر کەسێک ڕێ بە گەڕانەوەی ئەو کەسانە بدات، بە توندی سزا دەدرێت.
بەهۆی ئەو ئاسانكارییە رەنگە ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی بكەوێتە مەترسییەوە
ئەمڕۆ دووشەم 24ی شوبات، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە چەند شوێنێکی تایبەت كەرەنتینە كراون.
بەرزنجی روونی كردوە، هەر كەسێك بە هەر بیانوویەك ئاسانكاری یان واستە بۆ ئەو كەسانە بكات كە كەرەنتینە كراون بێنە دەرەوە، ئەوا بە توندترین شێوە سزا دەدرێن، چونكە بەهۆی ئەو ئاسانكارییە رەنگە ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی بكەوێتە مەترسییەوە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش كرد، بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویست بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر، بۆ ئەمەش پلانی A، B و C ئامادە كراوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی ئامادەكارییەكانی بۆ رووبەروونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا کردووە، هەروەها لایەنە پێوەندیدارەكانی لە هەر رێكارێكی كە پێویست بكات ئەنجامی بدەن دەست كراوە كردوە.