تەندروستی جیهانی تیمێکی تایبەت رەوانەی ئێران دەکات

:: AM:10:20:25/02/2020 ‌
رێکخراوی تەندروستی جیهانی تیمێکی پزیشکی تایبەت رەوانەی ئێران دەکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە بکەن.
تا ئێستا کۆرۆنا لە ئێران 76 قوربانی لێ کەوتۆتەوە

ئەمڕۆ سێشەم 25ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی "دویچەڤێلە" لە زاری مایک رایان، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ تیمێکی پزیشکی تایبەت دەگەنە تارانی پایتەختی ئێران.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو تیمە پزیشکییە بۆ هاوکاری وەزارەتی تەندروستی ئێران و چاودێریکردنی چۆنیەتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەوانەی تاران کراون.

دووپاتی لەوەیش کردووەتەوە، تیمەکە راپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتی پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە و شێوازی رێگریکردنی حکوومەتی ئێران لە بڵاوبوونەوەی ئامادە دەکات و رادەستی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکاتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێراییەکی زۆر لە ئێران تەشەنە دەکات و بەپێی ئامارە فەرمییەکان 12 هاووڵاتی بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەست داوە و 64 هاووڵاتیش تووشی کۆرۆنا هاتوون.

دوێنێ نوێنەری شاری قوم لە پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا لە شاری قوم 50 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و حکوومەت هەوڵی شاردنەوەی راستییەکان دەدات.



وشە - هیدایه‌ت جان