ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د حوسنى موباره‌ك سه‌رۆكى پێشووترى میسڕ كۆچى دوایى كرد، ئه‌و پیاوه‌ى كه رۆژگارێك خه‌ونى به‌وه ده‌بینى ببێت به باڵوێزى وڵاته‌كه‌ى له له‌نده‌ن، به‌هۆى رووداوێكه‌وه بوو به سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى 30 ساڵ به‌رده‌وام بوو.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 25ى شوبات، حوسنى موباره‌ك كۆچى دوایى كرد، ئاژانسى
فڕانس پرێس له راپۆرتێكدا نووسیویه‌تى، ئه‌و پیاوه بۆ ماوه‌ى 30 ساڵ ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر ته‌ختى سه‌رۆكایه‌تى میسر سه‌پاند، به‌ڵام دواتر به‌هۆى ئه‌و شۆڕشه‌ى له دژى پێشیكارییهكانى ده‌زگاكانى ئاسایش و خه‌ونه سیاسییه‌كانى جه‌مالى كوڕى دروست بوو، ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه.
خه‌ونى سیاسى كوڕه‌كه‌ى دیارترین هۆكارى كه‌وتنى ده‌سه‌ڵاتى موباره‌ك بوو
له 11ى شوباتى ساڵى 2011 حوسنى موباره‌ك ناچار كرا واز له ده‌سه‌ڵات بهێنێ و راده‌ستى سوپاى بكات، چونكه سوپایش بڕیارى دا بوو له ریزى خۆپێشانده‌رانى گۆڕه‌پانى ته‌حریر بوه‌ستێ. به‌م شێوه‌یه سوپا خۆى له ژهنهڕاڵهكهى پێشووى و خه‌ونه سیاسیه‌كانى كوڕه‌كه‌ى رزگاركرد.
10 ساڵى رابردوو له ژیانى حوسنى موباره‌ك چه‌ندان گۆڕانكارى به‌خۆیه‌وه بینى. دواى 30 ساڵ له حوكمڕانى به‌هۆى ده‌زگاكانى ئاسایشه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتى ره‌هایان پێ درابوو، ببوو به دیكتاتۆر، دواتر یه‌كه‌م سه‌رۆكى میسڕ بوو كه له‌به‌رده‌م دادگا وه‌ستا و دادگایى كرا. دواجاریش بوو به "سه‌رۆكى پێشووتر" دوور له ناوبانگ به بێده‌نگى ده‌ژیا.
محه‌مه‌د حوسنى موباره‌ك كه له سه‌روبه‌ندى جه‌نگى ئیسرائیل- عه‌ره‌ب له ساڵى 1973 فه‌رمانده‌ى هێزه ئاسمانییه‌كانى میسر بوو، دواى حه‌وت مانگ له ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى دادگایى كرا، به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ده‌ستى له كوشتنى زیاتر له 800 خۆپێشانده‌ران هه‌بوو، كه له‌دژى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بۆ ماوه‌ى 18 رۆژ خۆپێشاندانیان كرد. له حوزه‌یرانى ساڵى 2012 بڕیارى گرتنى هه‌تاهه‌تایى " 25 ساڵ" بۆ موباره‌ك ده‌رچوو.
به‌ڵام دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى میسر، كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له دادگاى تاوانه‌كان به‌رزتره، به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه له دووى ئازارى ساڵى 2017 بڕیارى بێ تاوانى موباره‌كى له تۆمه‌ته‌كه ده‌ركرد و له ئه‌نجامى ئه‌و بڕیاره‌یش ئازاد كرا.
به‌ڵام ئه‌مه دوایین تۆمه‌ت نه‌بوو، له ساڵى 2016 موباره‌ك و عه‌لا و جه‌مالى كوڕى به گه‌نده‌ڵى دارایى تۆمه‌تبار كران.
پێوه‌ندى موباره‌ك وكوڕهكانى له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارانى میسر جێگه‌ى گومان و گه‌لێك پرسیار بوو به تایبه‌تى له دوایین ساڵانى ده‌سه‌ڵاتى موباره‌كدا. ئۆپۆزسیۆنى میسر ده‌یانگوت سیسته‌مى حوكمڕانى موباره‌ك له‌سه‌ر تێكه‌ڵكردنى دووانه‌ى ده‌سه‌ڵات و سامان وه‌ستاوه.
له پیاوى سێبه‌ره‌وه بۆ پیاوى ده‌سه‌ڵات
دواى تیرۆركردنى ئه‌نوه‌ر ساداتى سه‌رۆكى میسڕ له ساڵى 1981 به ده‌ستى ئیسلامییه‌كان، ده‌رگاى سه‌رۆكایه‌تى له‌سه‌ر موباره‌ك كرایه‌وه، ئه‌و كاته جێگرى سه‌رۆك بوو. ئه‌و كاته كه‌س پێشبینى ئاینده‌یه‌كى گه‌وره‌ى بۆ موباره‌ك نه‌ده‌كرد، چونكه پیاوێك بوو كاریزماى نه‌بوو.
كه‌سه نزیكه‌كانى موباره‌ك ده‌ڵێن كاتى خۆى دوورترین خه‌ونى ئه‌و پیاوه ئه‌وه بوو دواى خانه‌نشینى له پۆسته سه‌ربازییه‌كه‌ى بكرێت به باڵوێزى وڵاته‌كه‌ى له له‌نده‌ن.
به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت موباره‌ك كه‌سێكى به‌رژوه‌ندیخواز بوو له سیاسه‌ته‌دا شاره‌زا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌ره به‌ره پێوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى له ده‌ست دا، دواجار بوو به كه‌سێكى كه‌لله‌ڕه‌ق و خۆبه‌زلزان، زیاتر پشتى به ده‌زگایه‌كى ئاسایشى تۆقێنه‌ر ده‌به‌ست.
له‌ماوه‌ى حوكمڕانى خۆى توانی میسڕ وه‌ك كۆڵه‌گه‌یه‌ك بۆ سه‌قامگیرى ناوچه‌كه ده‌ربخات، هه‌روه‌ها رۆڵێكى سه‌ره‌كى له ناوبژیوانى فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل هه‌بوو.
وێراى ئه‌و نارهزاییهى دروست ببوو، ئه‌و پابه‌ند بوو به رێككه‌وتنى ئاشتى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كه له 1979 واژوو كرا بوو. جگه له‌مه‌یش تا به‌هارى عه‌ره‌بى میسر وه‌ك ناوه‌ندێكى ناوبژیوان بوو بۆ عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریكایش پاڵپشتى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى موباره‌كى ده‌كرد.
موباره‌ك هه‌میشه قژى ره‌ش ده‌كرده‌وه و نیگاكانى له‌ژێر چاویلكه‌یه‌كى ره‌ش ده‌شارده‌وه، به‌ڵام ماوه‌ی 30 ساڵ سیماى ئه‌و له كۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماده بوو.
هه‌رچه‌نده هه‌وڵى دا به‌هێز گرووپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان سه‌ركووت بكات به‌ڵام نه‌یتوانى بۆ یهكجاریى له‌ناویان به‌رێت.
موباره‌ك له ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى شه‌ش جار هه‌وڵى كوشتنى دراوه
محه‌مه‌د حوسنى موباره‌ك له ئایارى ساڵى 1928 له خێزانێكى مامناوه‌ندى لادێى له دهلتاى میسڕ له دایك بووه. له بوارى سه‌ربازى پله‌كانى به‌رز ده‌بێته‌وه و دواجار به‌ر له 1975 ده‌كرێت به فه‌رمانده هێزه ئاسمانییه‌كانى میسر و دواتر ده‌كرێت به جێگرى سه‌رۆك كۆمارى میسڕ.
له ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى دا، شه‌ش جار هه‌وڵى كوشتنى دراوه و ئه‌مه‌یش وایكرد له ته‌واوى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى خۆى ئاماده نه‌بێت بارى له ناكاو هه‌ڵبگرێت.
جه‌مالى كوڕى هه‌وڵى ده‌دا شوێنگره‌وه‌ى باوكى بێت، به‌ڵام وه‌ك فرانس پرێس ده‌ڵێ ئه‌م خه‌ونه‌ى جه‌مال دوایین بزمار بوو له تابووتى ده‌سه‌ڵاتى موباره‌ك بدرێت.