بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، ئێوارەی دوێنێ تەرمێك بۆ نەخۆشخانەی ڕاپەڕین گواستراوەتەوە و دوای چوونی هێزەكانی ئاسایش بۆ شوێنی ڕووداوەكە چوار كەس گیراون.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كردووە، ئێوارەی دوێنێ تەرمی هاووڵاتییەك بە كوژراوی بەناوی "ع . ع . ئـ" لە دایك بووی ساڵی 1978 پیشەی كاسب لە ڕەگەزی نێر و دانیشتووی ژاراوە لە شارۆكەی قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ.
لەسەرەی بەنزین دەمەقاڵێ لەگەڵ لایەنی بەرانبەر دروستبووە
پۆلیس ڕوونی كردووەتەوە، كوژراوەكە ئاسەواری یەك گوللە بە جەستەیەوە هەبووە، دوای توێكاریش، تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە، دوایی ڕووداوەكەش دەستبەجێ هێزەكانی بەشی پۆلیسی پشدەر بە هاوكاریی ئاسایشی قەڵادزێ چونەتە شوێنی رووداوەكە و چوار كەس گیران.
باس لەوەشكراوە، لە ڕووداوەكەدا چەكی جۆری كڵاشینكۆف بەكارهاتووە و كەسێكیش بریندار بووە كە ئاسەواری گوللە بەقاچیەوە هەیە كە یەكێكە لە گیراوەكان.
پۆلیس ئاشكرای كردووە، بەگوتەی كەسوكاری كوژراوەكە دوو شەوی ڕابردوو لەسەرەی بەنزین دەمەقاڵێ لەگەڵ لایەنی بەرانبەر دروستبووە و دوێنێش كێشەكە سەری هەڵداوەتەوە كە بۆتە هۆی كوشتنی ناوبراو، لە ئێستەیشدا رووداوەكە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس كۆنتڕۆڵكراوە و دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.