ئیره‌ج مورادی /36 ساڵ/ كه له گوندی باقلاوا سه‌ربه ناوچه‌ی كه‌ڵاته‌رزانی نێوان سنه و مه‌ریوان له دایك بووه، یه‌كێكه له لێكۆڵه‌ره دیاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و خاوه‌نی ده‌یان به‌رهه‌می فه‌رهه‌نگی و ساغكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌قی كۆنی كوردییه و كه وه‌ك خه‌مێكی تاكه‌كه‌سی شانی داوه‌ته به‌ری.
ئه‌گه‌رچی مورادی پسپۆڕیی خۆی بواری كشتوكاڵه، به‌ڵام ساڵانێكه سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه و شه‌نوكه‌وكردنی ده‌ستنووسی شاعیر و زانایانی كورده. بۆیه "وشه" به پێویستی زانی ماندووبوون و هه‌وڵه‌كانی به‌سه‌ر بكاته‌وه، هه‌ندێك زانیاری تایبه‌ت به مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی و هه‌وڵه‌كانی ئێسته له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه كۆنانه و ده‌ستخستنی ده‌ستنووسه‌كان لای خه‌ڵك و كۆكردنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، له‌گه‌ڵیدا گفتوگۆ بكات.
ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك باشوور ده‌وڵه‌مه‌نده به زانا و گه‌وره‌پیاو. ڕه‌وشی ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردی له ئێران به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟
به‌گشتی پاشخانی به‌رهه‌می نووسین له‌ناو پێشینانی كورد ئه‌وه‌ی كه به كوردی نووسراون، به‌شی زۆرینه‌ی شیعر و هۆنراوه‌ن. كۆنترینی هۆنه‌رانی ئێمه‌ی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی سێ و چواری كۆچی. واتا كه‌سانێك وه‌ك بابا تاهیری هه‌مه‌دانی و پوور فه‌ره‌یدوونی كوردی شیرازی.
هه‌مووان ده‌زانین بابا تاهیر شێوه‌زاری له‌كی ناوچه‌ی هه‌مه‌دان بووه و هێشتا دوای ئه‌و هه‌موو ده‌ستكارییه‌ی فارس به‌سه‌ر دیوانه‌كه‌یدا هێناویانه، شوێنه‌واری كوردبوونی پێوه دیاره. یا كه‌سێك وه‌ك پوور فه‌ره‌یدوون كه هاوشێوه‌ی بابا تاهیر به شێوه‌زاری كوردی كوردانی شیراز یا وه‌ك مێژوونووسان ئێژن فه‌هله‌ویات شیعری داناوه. زۆربه‌ی توێژه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ن كه شیعره‌كانی پوور فه‌ره‌یدوون تێكه‌ڵی دیوانه‌كه‌ی بابا تاهیر بووه. پاش ئه‌وانه ئه‌ده‌بی كوردی له هه‌مان ڕێچكه‌ی ڕێبازی یارسانه‌كاندا تا چه‌ند سه‌ده چووه‌ته ناو كه‌لامه‌كانی كوردانی یاری. به‌رچاوترینی ئه‌و شاعیره كلاسیكانه‌ی شیعریان به‌هۆی جه‌مخانه و ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كانی یارسانه‌وه زیندوو مایه‌وه، "بابا سه‌رهه‌نگی ده‌وانی، بابا ناووسی سه‌رگه‌تی و مه‌لا په‌رێشان"ن.
ئه‌مه‌ی باسم كرد وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌و سه‌رچاوه مێژووییه‌ی له ئه‌ده‌بی كلاسیكی كورددا ده‌ق و به‌رهه‌می ماوه‌ته‌وه بۆ ئێمه. خۆشبه‌ختانه پاشخانی دیوانی شاعیرانی كلاسیك له به‌شی ڕۆژهه‌ڵات ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆیه نه‌وه‌ی ئێسته شانازی ده‌كات و به پشتگه‌رمی ئه‌و ڕێبازه درێژه‌ی پێ ده‌دات. شاعیرانی وه‌ك كه‌نووله‌یی، كولیایی، كاكۆزه‌كریایی، ئالانی، ده‌ره‌هه‌ردی، كۆماسی، جانه‌وره‌یی، ئه‌ركه‌وازی، داواشی، موكریانی، ناری، خه‌ڵووزی، شامی كرماشانی و ده‌یان كه‌سایه‌تی تر كه دیوانه‌كه‌یان چرای ڕۆشنایی به‌رده‌م شاعیرانی ئێمه‌ن.
جیا له‌وه‌ی ئێمه به‌رهه‌می ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌مان له به‌رده‌ستدایه، كه‌شی كوردپه‌روه‌ری له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هێشتا له ترۆپكدایه، بۆیه شاعیری سه‌ركه‌وتووی ئێسته وه‌ك جه‌لالی مه‌له‌كشا، شه‌ریفی حوسێنپه‌ناهی، ئه‌مینی گه‌ردیگلانی، ته‌ركه‌میر، ئاسۆ، سیمین چایچی و چه‌ندان كه‌سی تر سه‌ركه‌وتووانه باڵای ئاڵای شیعریان ده‌شه‌كێته‌وه.
به‌ڵام به‌گشتی كه‌شێكی هه‌ندێك ته‌ماوی ئاسمانی خوێندنه‌وه و نووسینی ئێمه و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه. دنیای ئه‌ده‌ب و شیعریش هاوشێوه ئه‌و درم و ته‌مه‌ی بۆ هاتووه، به‌ڵام ڕه‌شبین نه‌بین و ڕه‌شی نه‌نوێنین، به‌رهه‌می شیعری جوان له‌و كه‌شه له‌رزۆكه‌دا زیاتر گه‌شه ده‌سێنێ و شیعری جوان ده‌خوڵقێ. مه‌گه‌ر ئێمه‌ی كوردیش له نه‌هامه‌تییه‌كانی تر ڕزگارمان بێ و وه‌ك وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌ناڤی له ئاسایش و ئاسووده‌یی و هێمنیدا شیعر بهۆنینه‌وه و سرووشی شیعر وا ڕوومان تێبكات. ئه‌وكاته ده‌بێ چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م و دیوانی خۆشتر و گه‌شتر و كاكڵه‌دارتر بین له بلیمه‌تانی بواری شیعر و ئه‌ده‌بمان.
جارێك له‌و كه‌شه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تێی كه‌وتووین، ده‌بێ هه‌ر هێنده چاوه‌ڕوان بین كاروانی شاعیره‌كانمان چ به نووسینی شیعری كلاسیك و چ نوێ و ئازاد و سپید، به‌ره‌و كوێ ده‌چێ.
به‌گشتی ئه‌ده‌بی كوردی له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور زۆر پێوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه. له باشوور كه باسی هێمن و هه‌ژار و وه‌فایی و ئه‌دیبی شاعیر ده‌كرێت، هه‌ست ناكه‌ی ئه‌وه خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كی تری كوردستانن. هۆكاره‌كه‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ئێمه سه‌یری سه‌رچاوه مێژووییه‌كان بكه‌ین، كاتێ هێرۆدۆت باسی كورد ده‌كات، یا ئیبن وه‌حشیه له سه‌ده‌ی دووی كۆچی باس له ده‌قی كوردی پسپۆڕانی كوردی بواری ئاو و كشتوكاڵ ده‌كات، یاخۆ كتێبی فه‌رمووده‌كان كه باسی ئه‌سحابه‌ی پێغه‌مبه‌ر جابانی كورد ده‌كات، مه‌به‌ستی ئه‌وانه له وشه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه جیا له عه‌ره‌ب و فارس و تورك. یا كه‌سانی تر وه‌ك ئیبن سه‌لاحی شاره‌زووری، مه‌لا ئیبراهیمی شارانی، ئه‌بوحه‌نیفه‌ی دینه‌وه‌ری، مه‌لا ئه‌بوبه‌كری چۆڕی و سه‌دان كه‌ڵه‌زانای تری كورد، هه‌موو ئه‌وانه پاشناویان كوردی و گۆرانی به جیا یا پێكه‌وه گۆرانی كوردی هاتووه.
یا له باری جیۆگرافیا و بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌یری بكه‌ین، وڵاتی كوردان و كوردستان و "جبل الاكراد" باسی بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كات. به‌داخه‌وه له دابه‌شكارییه‌كانی نێوان پاشاكانی ئێران و عوسمانی به‌ره‌به‌ره باسی كوردی ئێران و كوردی عوسمانی هاتووه‌ته گۆڕێ. دواتر بووه كوردی بابانی، ئه‌رده‌ڵانی، موكریانی، زه‌نگه‌نه‌یی، سۆرانی، هه‌كاری، به‌تلیسی، بۆتانی و بادینانی. واته میرنشینه‌كانیش ئێمه‌یان له یه‌ك نه‌ته‌وه‌بوون ترازاند.
یه‌كه‌م جار ئه‌حمه‌دی خانی له شیعره‌كانیدا باسی ئه‌م لێكترازان و هێڵكارییه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كردووه و یه‌ك نه‌ته‌وه‌یی كردووه‌ته ئامانجی خۆی، یا بڕوانینه شیعره‌كانی حاجی قادری كۆیی، هه‌ژاری موكریانی، شاعیری تری ئه‌و سه‌رده‌مه به‌هه‌مانشێوه ئه‌و ده‌رده باس كراوه و كورد ئاگه‌دار كراوه‌ته‌وه كه جیۆگرافیای وڵاته‌كه‌تان له‌ت كراوه خۆتانیش نه‌ته‌وه له‌ت مه‌كه‌ن.
ئه‌و گه‌وره‌پیاوانه هه‌موو هه‌وڵیان داوه به ئاڵای شیعره‌وه كاروانێك پێش بخه‌ن و ببن به پێشه‌نگ و پێشه‌وا تا سنووره ده‌ستكرده‌كان بسڕنه‌وه و دیسان وه‌ك سه‌رده‌می هێرۆدۆت و ئیبن وه‌حشیه و شارانی و چۆڕی كه باسی كورد كراوه، یه‌ك نه‌ته‌وه بێته خه‌یاڵ و بیره‌وه.
خۆشحاڵم ئێوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له باشوور كاتێ باسی كه‌سایه‌تیی شاعیر و زانای دیوی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كرێ، هه‌ست به وڵاتی تر ناكرێ. ئه‌مه هه‌مان ئه‌نجام و به‌رهه‌می پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازییه كه پاش ئه‌حمه‌دی خانی دروست بوو و گه‌یشتووه‌ته ئێسته. واته هۆكاره‌كه‌ی ده‌بێ بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ بوونی كیانێكی نیوچه سه‌ربه‌خۆی كوردی كه گه‌ره‌كمان بێ یا نا، زۆر جار وه‌ك نوێنه‌ری گه‌لی كورد له دنیا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ئاخڤێ.
ئاره‌زوو ده‌كه‌م له هه‌موو جومگه و به‌ستێن و لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، وێژه، ستراتیجییه‌كانی داهاتوو، ئه‌و ده‌نگه یه‌ك نه‌ته‌وه‌ییه ده‌نگ بداته‌وه.
له باشوور به‌گشتی ده‌ستنووسی زانا و ئه‌دیبانی كورد له‌ناو چوون. ڕه‌وشی ده‌ستنووسی كورد له ڕۆژهه‌ڵات چۆنه؟
چه‌ند ساڵه به‌شێك له ژیانم ته‌رخان كردووه به بواری ده‌ستنووسی كوردی و به‌رهه‌می ده‌ستنووسی زانایانی كورد. چونكه بواری ده‌ستنووس پسپۆڕی و شاره‌زایی خۆی ده‌وێ و دروست ئه‌وه‌یه ده‌بێ زانین و پێشكه‌وتنه‌كه له زانكۆ و لایه‌نی ئه‌كادمییه‌وه ده‌ست پێ بكرێ، به‌ڵام ئاشنابوونی من به‌م بواره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌وت ساڵ پێش ئێسته. پێش ئه‌وه هێنده كه‌ڵكه‌ڵه و خه‌می ئه‌و بواره‌م نه‌بوو. له بیری مشوورخواردنی ئه‌و بواره‌دا نه‌بووم و هه‌ستم پێی نه‌ده‌كرد. ئێسته كه به زۆربه‌ی به‌ستێن و بنكه و لایه‌نه‌كانی ئه‌و بواره سه‌ره‌ده‌ری و ئاشنایه‌تیم ده‌ست كه‌وتووه، ده‌زانم ئاستی خه‌مخۆری و دڵسۆزی و توێژینه‌وه‌ی ئێمه له‌و بواره‌دا له چ ئاستێكدایه.
ئه‌وه‌ی باسی له‌ناوچوون ده‌كه‌ن له دیوی باشوور، ده‌بێ بڵێین سه‌رجه‌م خاكی كوردستان. سه‌یرێكی سه‌فه‌رنامه‌كه‌ی ئه‌ولیا چه‌له‌بی بكه، وا باسی باره كتێبه‌كانی عه‌بداڵ خانی به‌دلیسی ده‌كات، یا بڕوانه ژیاننامه‌ی ئیبن وه‌حشیه كه باسی ئه‌و كتێبه كوردییانه ده‌كات وه‌ریگێڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زمانی كلدانی و عه‌ره‌بی، یاخۆ سه‌یری كتێبی نوور ئه‌لئه‌نواری عه‌بدولسه‌مه‌دی تووداری بكه ناوی چه‌ند كتێبی زانای كورد ده‌بات كه ته‌نیا ناویان هه‌یه و هیچ نیشانه‌یه‌كیان تا ئێسته به‌رچاو ناكه‌وێ. ئه‌وانه له كوێن و چاره‌نووسیان چی لێ هاتووه؟ ئاره‌زوو ده‌كه‌م ئه‌وانه له كتێبخانه و ده‌ستنووسخانه‌كانی ده‌وڵه‌تان یا لای بنه‌ماڵه‌یه‌كی دڵسۆز و خه‌مخۆر، پارێزراو بن.
ئه‌وه‌نده‌ی له ڕۆژهه‌ڵات تێی گه‌یشتووم، بواری ده‌ستنووس تووشی هه‌وڵ و به‌رنامه‌یه‌كی چاك و خراپ بووه‌ته‌وه. چاكه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌سانێكی خه‌مخۆر له‌به‌ر خۆیانه‌وه ده‌ستیان پێ كردووه و ماڵ به ماڵ و تاق به تاقی ئه‌م دێ و ئه‌و شار و ئه‌و مزگه‌وت و ئه‌و دیوه‌خان ده‌گه‌ڕێن و كاری دیپلۆماسی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارانی ده‌ستنووس. به هه‌زار به‌رنامه و قسه‌بازی و تێگه‌یاندن و جاری واهه‌یه فێڵ و سیاسه‌ت، ده‌ستنووس وه‌رده‌گرن و كاری وێنه‌گرتن و به‌ڵگاندنی بۆ ده‌كه‌ن.
لایه‌نه خراپه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و كاره هه‌وڵی تاكه‌كه‌سییه و به مردنی هه‌ر كام له‌و ئه‌رشیڤدارانه دیسانه‌وه چاره‌نووسی ده‌ستنووسه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه قووڵاییه‌كی زیاتر. واته چه‌ند ده‌ستنووس لای چه‌ند كه‌س ئێسته بوونه‌ته چه‌ند ده‌ستنووس لای یه‌ك كه‌س. زۆر جار خاوه‌نی ده‌ستنووسه ئۆرجیناڵه‌كه له‌به‌رئه‌وه پێی وایه تازه ده‌ستنووسه‌كه‌ی پارێزراوه و هیچی تری ناوێ، وه‌ك جاران پارێزگاری ناكات و چاره‌نووسی ئۆرجیناڵه‌كه‌ش زیاتر ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. واته جاران لای وابوو ڕۆژێك پاره‌یه‌كی بۆ ده‌كات، به‌ڵام ئێسته وا بیر ناكاته‌وه و گرینگییه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه لای.
له دیوی ڕۆژهه‌ڵات چه‌ند ناوه‌ند و ئه‌رشیڤدارێكی گه‌وره هه‌ن كه ده‌كرێ له پلانێكی داڕێژراودا هه‌موو ئه‌وانه ڕێك بخرێن و ناوه‌ندێكی تایبه‌ت وه‌ك بنكه‌ی ژینی سلێمانی یا سه‌نته‌ری قوبهانی دهۆك دابمه‌زرێت.
ئایا هیچ ناوه‌ندێكی تایبه‌ت هه‌یه به ده‌ستنووس له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستنووسی خوێنده‌وارانی كوردی لێ كۆ كرابێته‌وه؟
له پرسیاری پێشووتاندا باسمان له كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووس كرد له‌لایه‌ن كه‌سانی خه‌مخۆر و دڵسۆزه‌وه. ئه‌گه‌رچی ناكرێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستنووس كۆ ده‌كه‌نه‌وه به خه‌مخۆر دابنێین. بۆ نموونه ماوه‌یه‌ك كابرایه‌كی هه‌مه‌دانی كه‌وتبووه ناو كوردستان و ئه‌وه‌ی ده‌ستنووسی هه‌بوو به پاره‌یه‌كی ٥٠٠ هه‌زار و یه‌ك ملیۆن تمه‌ن ده‌یكڕی و ده‌یبرد. كه‌س نازانێ ئه‌وانه‌ی بۆ كام كتێبخانه‌ی ئێران ده‌برد.
پیاوێكی خوێنده‌وار و مامۆستایه‌كی ئاینی له گوندی ئێمه بووه به ناوی مامۆستا گیب ناسراو به قازی. خۆم به منداڵی چه‌ند جار چاوم به ده‌ستنووسه‌كانی كه‌وت كه لای كوڕه‌كه‌ی كه‌وتبوون. له ته‌نه‌كه‌یه‌كی ڕزیودا بوون. پێش ئه‌وه‌ی بێمه ناو ئه‌م بواره كۆڵكه‌مه‌لایه‌ك چووبوو بۆ لای كوڕه‌زایه‌كی ئه‌و مامۆستا قازییه و چه‌ند دانه له ده‌ستنووسه‌كانی بردبوو، له سنه فرۆشتبوونی و چه‌ند كتێبی شه‌رعی تازه‌ی بۆ هێنابووه‌وه. له بیرم دێ چه‌ند دانه له‌و ده‌ستنووسانه بابه‌تی هه‌نده‌سه و بیركاری و حیساباتی كۆن بوو. ئه‌وانه ئێسته نه‌ماون.
له سه‌ردانێك من ئه‌وه‌ی مابوو سكانم كرد و ئۆرجیناڵه‌كه‌م به خاوه‌نه‌كه‌ی دایه‌وه. چه‌ندان نموونه‌ی ئاوام له‌و ماوه‌یه‌دا كه گه‌ڕاوم و سه‌ردانی خه‌ڵكم كردووه، بیستووه. هه‌رجار كه هه‌واڵی وا ده‌بیستم مووچڕك به گیانمدا دێت و زیاتر خه‌م دامده‌گرێ بۆ بێكه‌سی و بێ ده‌وڵه‌تی گه‌لی كورد. چونكه ئه‌وانه پاشخانی كه‌له‌پوور و فه‌رهه‌نگی ئێمه‌ن و نموونه‌ی وا له مێژووی ئێمه‌دا زۆره.
باسی سووتانی كتێبخانه‌كه‌ی گوندی ده‌گاشێخانی مه‌ریوان، تاڵانكردنی كتێبخانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی وه‌كێلی شاری سنه، تاڵانكردنی كتێبخانه‌كه‌ی خانه‌قای بیاره و ده‌یان بابه‌تی تر، هه‌موو كاره‌سات و یاده‌وه‌ری تاڵن بۆ ئێمه. ژیانی كه‌سانێك وه‌ك موسه‌نفی چۆڕی بخوێنه‌وه، كوا كتێبه‌كه‌ی "تاریخ سلاگین كورد" وا بۆ خۆی باسی ده‌كات، یا كتێبی "تاریخ شهرزور" كه مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌ردۆخی ناسراو به شه‌یدا باسی ده‌كات. ئه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵا ئه‌گه‌ر نه‌مابێت ئه‌وه له هه‌مان سووتانی كتێبخانه‌ی ده‌گاشێخان له‌ناو چووه. یا كوا كتێبه‌كه‌ی "سلسله الژهب"ی ئیبن ئاده‌م باڵه‌ك وا تێیدا باسی میرنشینی سۆران ده‌كات. ده‌یان و سه‌دان كتێبی وا ناویان هه‌یه و نیشانه و سه‌روشوێنیان نه‌ماوه.
هه‌ر ئێسته كه‌سانێك وه‌ك من وا ماڵ به ماڵی خاوه‌ندارانی ده‌ستنووس ده‌گه‌ڕێن، ده‌زانن هه‌ر ئێسته‌یش هه‌زاران ده‌ستنووس له ماڵان‌دا هه‌ن كه كابرا ناهێڵێ ئه‌وانه ڕۆشنایی ببینن و بێكه‌س ماونه‌ته‌وه و چاره‌نووسیان له مه‌ترسیدایه. بۆ نموونه مانگێك له‌مه‌وپێش چوومه گوندی هه‌نجیرانی لای مه‌ریوان. كابرا ده‌ستنووسێكی شانامه‌ی كوردی لابوو ده‌وری ٣٠٠ لاپه‌ڕه بوو، ئه‌وه‌نده هێشتی بیخوێنمه‌وه و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی وێنه بگرم. ده‌یگوت به كه‌سی ناده‌م. ده‌ترسم خه‌ڵك بیبه‌ن و به ناوی خۆیانه‌وه چاپی بكه‌ن. هه‌وڵی زۆرم دا و تا ئێسته نه‌متوانیوه قه‌ناعه‌تی پێ بێنم و به ئه‌مانه‌ت لێی وه‌ربگرم و ئۆرجیناڵه‌كه‌ی بده‌مه‌وه.
ئه‌وه‌ی من بزانم و ئاگه‌داری ئه‌رشیڤه‌كه‌یان بم، ئێسته له ڕۆژهه‌ڵات كه‌سانێك وه‌ك كتێبخانه‌ی خوالێخۆشبوو سه‌ید تاهیر هاشمی لای كاك پووریا سه‌یدزاده له كرماشان، دكتۆر نادر كه‌ریمیان سه‌رده‌شتی له تاران، دكتۆر سه‌باح حوسه‌ینی له سه‌قز، دكتۆر محه‌مه‌د عه‌بدولی له مه‌هاباد، كاك ئه‌میر (یه‌حیا) محه‌مه‌دی له سنه، كاك محه‌مه‌د ڕه‌شیدی ئه‌مینی له پاوه و كاك ماجدی ئیمام له سه‌قز، ئه‌مانه ئه‌رشیڤداری ناسراون له بواری ده‌ستنووس.
له ڕۆژهه‌ڵات هێشتا وه‌ك ناوه‌ندی بنكه‌ی ژین و كه‌له‌پووری كورد له سلێمانی، ناوه‌ندی ئاكادیمیای كوردی له هه‌ولێر و كتێبخانه‌ی قوبهان و گۆڤاری نیژه‌ن له دهۆك، شوێنی فه‌رمیمان بۆ هه‌ڵگرتن و نیشاندانی ده‌ستنووس نییه. ئه‌گه‌رچی به‌خته‌وه‌رانه ورده ورده بنیاتی موسه‌نفی چۆڕی و بنكه‌ی كه‌له‌پووری ڤه‌ژین له مه‌ریوان و نووسینگه‌ی گۆڤاری كه‌شكۆڵ له مه‌هاباد وه‌ك ڕێكخراوه و كه‌سایه‌تیی ده‌ستیان به‌و كاره كردووه.
شوێنێكی وه‌ك بنیاتی موسه‌نیف تا ئێسته خۆی ٣٠٠ ده‌ستنووسی له ماڵان كۆ كردووه‌ته‌وه و وێنه‌ی گرتوون و ئۆرجیناڵه‌كه‌ی به خاوه‌نه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه، یا ئه‌رشیڤی كاك محه‌مه‌دی عه‌بدولی له مه‌هاباد زۆرینه‌ی ده‌ستنووسه‌كانی كوردی له كتێبخانه و ده‌ستنووخانه فه‌رمییه‌كانی ئێران وه‌ك مه‌رعه‌شی قوم، ئاستانی قودسی مه‌شهه‌د، كتێبخانه‌ی مه‌جلیس و میلی له تاران وه‌رگرتووه یا كڕیوه و له ئه‌رشیڤی كه‌شكۆڵ پاراستوونی، هه‌روه‌ها چه‌ند پێڕستی ده‌ستنووسه‌كانی كتێبخانه‌یه‌كی شه‌خسی چاپ كردووه.
له باشووری كوردستان له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام زۆر له ده‌ستنووسه‌كان به زه‌بری و پاره و هێز بران بۆ به‌غدا، ئاخۆ به‌درێژایی مێژوو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و كاره به‌رانبه‌ر كورد كراوه؟
له پرسیاره‌كانی پێشوودا هه‌ندێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تانم دایه‌وه. زۆر جار گوتوومه خۆزگه هه‌موو ده‌ستنووسه‌كانی كورد وا ئێسته له ماڵ و كتێبخانه شه‌خسییه‌كاندا بێ‌ناز كه‌وتوون و ڕۆشنایی نابینن، له كتێبخانه‌ی به‌غدا و تاران و به‌رلین و به‌ریتانیا یا شوێنی تر بوونایه. لانیكه‌م ئه‌وانه ڕۆژێك ده‌بوو ڕه‌نگی ده‌ره‌وه ببینن. بۆ نموونه له كۆنفڕانسی ئیبن ئاده‌م باڵه‌ك كه خۆیشتان هاتبوون، به‌رپرسی كتێبخانه‌ی مه‌لیك فه‌هد له ڕیاز وێنه‌ی زۆربه‌ی ده‌ستنووسه‌كانی زانایانی كورد كه له عه‌ره‌بستان هه‌ڵگیراون، پێشكه‌ش به ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران كرد. شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان كه كوردستان به‌رداشی ئه‌و نێوانه بووه و ناكۆكی خێڵایه‌تی ناوخۆیی و ئاژاوه‌ی ناو بنه‌ماڵه‌كان چاره‌نووسی زۆربه‌ی ده‌ستنووسه‌كانی ئێمه‌ی به‌ره‌و نه‌مان و په‌رشوبڵاوبوون، بردووه.
جارێك له كابرایه‌كی مه‌هابادیم بیست مامۆستا فڵانی كاتێ عه‌مری خوای كرد، كوڕه‌كانی ڕێك نه‌كه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كتێبخانه‌كه‌ی، بۆیه هاتن ته‌خته‌یان كێشا به ڕووی ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كان و گه‌چكارییان كرد و تا ئێسته هه‌ر وا ماوه‌ته‌وه و چه‌ندان په‌ڕه و په‌رتووك و به‌ڵگه‌ی ده‌ستنووس به‌و شێوه شاراونه‌ته‌وه. یا ده‌ستنووسێكی "الوچوح" مه‌لا ئه‌بوبه‌كری موسه‌نفی چۆڕی كه مێژووی ١١٠٠ی كۆچی پێوه بوو، واته ٨٥ ساڵ پاش نووسه‌ر نووسرابووه‌وه، لای مامۆستایه‌كه له پیرانشار. جارێك ئه‌و مامۆستایه ڕێی دا ئه‌و ده‌ستنووسه بیبینم. باوه‌ڕ بفه‌رموون مستێ كا له بن جزوبه‌ندی كتێبه‌كه‌دا هه‌ڵگیرابوو. یا ده‌ستنووسه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا ڕه‌سووڵی ئه‌دیب له ناوچه‌ی لاجان. كاتێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره به پیرانشار و شنۆ و نه‌غه‌ده‌دا ده‌گه‌ڕام، چه‌ند جار ئه‌و باسه‌م به‌رگوێ كه‌وت كه سه‌د حه‌یف و مخابن كاتێ شه‌ڕی پاسدار و پێشمه‌رگه بوو، له ترسی ده‌وڵه‌ت بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا محه‌مه‌دی زه‌ندی ئامۆزای ئه‌دیب، چه‌ند دانه له ده‌ستنووسه‌كانیان سووتاند. له‌ناو ئه‌وانه ده‌ستنووس كه به "په‌ڕشین" ناسراو بووه و ئه‌دیب یاداشتی ڕۆژانه‌ی خۆی تێدا نووسیبووه‌وه، له‌گه‌ڵ ڕه‌چه‌ته و نوسخه‌ی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری نه‌خۆش. به‌داخه‌وه په‌ڕشین ته‌نیا ناوه‌كه‌ی ماوه. خودا ده‌زانێ له شه‌ڕی مه‌غۆل و قزڵباش چیی ئێمه له‌ناو چووه. یا شه‌ڕی ڕووس و عوسمانی له سه‌رده‌می قاجار یا سه‌رده‌می به‌گزاده‌گیرانی په‌هله‌وی یه‌كه‌م.
به‌شی كوردی زانكۆكان له ئێران تا چه‌ند كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی زمانی كوردی؟
بیست سی ساڵێك ده‌بێ له ئه‌نجوومه‌ن و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانی ناوشاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خولی فێركاری ڕێنووس و ڕێزمانی كوردی هه‌ن. هه‌ر له دامه‌زراندنی گۆڤاری سروه له ساڵی ١٩٨٠ له‌لایه‌ن مامۆستا هێمن موكریانی له شاری ورمێ و دواتر ئه‌نجوومه‌نی مه‌وله‌وی كورد له سنه له‌لایه‌ن مامۆستا شه‌ریفی حوسه‌ینپه‌ناهی و فێرگه‌ی سۆما و ڕاژه و چه‌ندان ئه‌نجوومه‌ن و فێرگه‌ی تر، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌زموونی خوێندنی كوردین له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
پێش ئه‌وه‌ی به‌شی كوردی له زانكۆی كوردستانی سنه بكرێته‌وه، مامۆستایانی خوێندنگه‌كانی شاری سه‌قز به فه‌رمی كتێبی "فێركاری زمانی كوردی"یان دانا و فه‌رمانگه‌ی په‌روه‌رده‌ی پارێزگای سنه وه‌ك كتێبێكی فێركاری زمان په‌سه‌ندی كرد. ناو به‌ناو به یارمه‌تی ئه‌و كتێبه، مامۆستا و قوتابیانی سه‌قزی به فه‌رمی وانه‌یه‌كی كوردی‌یان ده‌خوێند. دواتر پێنج ساڵ پێش به‌شی كوردی له زانكۆی سنه كرایه‌وه. چه‌ند دكتۆرێك بۆ ئه‌و به‌شه ته‌رخان كران و به‌فه‌رمی به‌شی كوردی چووه ڕیزی خوێندنی ئه‌كادمی له ئێران.
ئێسته ده‌وڵه‌ت ناچاره ددان به‌وه‌دا بنێت كه منداڵی كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی به كوردی بخوێنێت. به بۆچوونی من چه‌ند ساڵی تر كه خوێندكارانی ئه‌و به‌شه له ئه‌زموون و تاقیكارییه‌كانی دامه‌زراندن به‌شداری ده‌كه‌ن، ته‌وژم و گوشارێك له‌سه‌ر لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌وێت و مامۆستای زمانی كوردی له خوێندنگه‌كاندا داده‌مه‌زرێنن. چونكه جارێك له كۆنفڕانسێك بووین له سنه، وه‌زیری خوێندنی باڵای ئێرانیش هاتبوو. یه‌كێك له نووسه‌رانی سه‌ركه‌وتووی مه‌هابادی كاك ئه‌حمه‌دی قازی نامه‌یه‌كی پێ دا و داوای لێ كرد به‌زه‌یی به ڕۆڵه و منداڵی كورددا بێته‌وه كه بۆ له خوێندن به زمانی دایكی خۆیان بێبه‌ش بن. وه‌زیر له قسه‌كانیدا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ئێمه ده‌بێ سه‌ره‌تا مامۆستا له‌و بواره‌دا په‌روه‌رده بكه‌ین ئینجا بیكه‌ینه به‌رنامه بۆ خویندنگه.
یا نموونه‌یه‌كی تر، پڕۆژه‌ی نووسینی فه‌رهه‌نگی سێ به‌رگی فارسی به كوردی و چوار به‌رگی كوردی به كوردی و فارسی زانكۆی كوردستان كه كاك ماجیدی ڕۆحانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، خۆشبه‌ختانه به سه‌ركه‌وتوویی چاپ بوون. ئه‌م پڕۆژه‌یه ڕێك هاوشێوه‌ی هه‌مان قسه‌ی وه‌زیر بوو كه ٢٠ ساڵ پێش زانكۆی سنه هه‌ستی به‌و بۆشاییه كردبوو كه ئه‌گه‌ر ڕۆژێك زانكۆ به‌شی كوردی كرده‌وه، وه‌زاره‌ت سه‌رچاوه و قامووسی كوردی په‌سه‌ندكراوی خۆی و ئه‌كادیمی ده‌وێت. ئه‌مانه هه‌موو له سای ئه‌و پڕۆژه و كردنه‌وه‌ی به‌شی كوردییه‌وه بوو. هیوادارم زانكۆكانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و به‌شه بكه‌نه‌وه.
وه‌ك توێژه‌ر و لێكۆڵه‌رێك، ڕه‌وشی ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان چۆن ده‌بینی؟
به‌پێی ئه‌وه‌ی ئێمه جگه له به‌شی كوردی زانكۆی سنه و ئه‌و ئه‌نجوومه‌نانه‌ی باسم كرد له ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ر كارێكی ئه‌ده‌بی و وێژه‌یی ده‌كرێ هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌ركی تاكه‌كه‌سییه. دیاره به‌هۆی هه‌ستی خۆبه‌خشییه‌وه ئه‌و ئه‌ركانه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ری زۆرتری پێوه دیاره. چونكه كارێك ئه‌گه‌ر ئیداری بوو و چووه چوارچێوه‌ی ئیداره، ئه‌و هه‌سته‌ی تێدا كه‌متر ده‌بێته‌وه. خۆشبه‌ختانه لایه‌نه مه‌ده‌نییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان چه‌ندان هه‌وڵی خۆیان به‌ده‌ر له كاری حكوومه‌ت خستووه‌ته گه‌ڕ، ئه‌مه بۆ خۆی دڵخۆشكه‌ره. وه‌ك دانیشتنه‌كانی هه‌فتانه‌ی به‌شه جیاجیاكانی ئه‌نجوومه‌نی ڤه‌ژین له مه‌ریوان، یا ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی شاری شنۆ و شاره‌كانی تریش هه‌روا. یا خه‌ڵاته‌كانی ساڵانه‌ی كتێب له نێوان كتێبه چاپكراوه‌كانی چاپه‌مه‌نییه‌كانی كوردی پارێزگای سنه، یان خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی كتێبی باشوور له شاری ئیلام و خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی چیرۆكی كوردی له شاری بانه و شه‌وه شیعره‌كانی شاعیرانی كورد كه تێیدا كه‌سانێك وه‌ك مامۆستا جه‌لال مه‌له‌كشا، مامۆستا ئاسۆ، كاك پشكۆ یاسینی و كه‌سانی تر به‌شداری ده‌كه‌ن. ئه‌مانه هه‌موو دڵخۆشكه‌رن و به‌و هیوایه‌ی درێژه‌یان هه‌بێ.
هه‌وڵه‌كانی دوای مام هه‌ژاری شاعیر چۆن ده‌بینی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زمانی كوردی؟
بوونی مامۆستا هه‌ژار، هێمن و بنه‌ماڵه‌ی قازی و كه‌سانی تر له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بۆ خۆی به‌ستێنێكی فه‌راهه‌مه بۆ بووژانه‌وه‌ی زمان و وێژه‌ی كوردی. ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه له ژیاندا نه‌ماون، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانیان ساڵانه ڕۆڵه‌ی هاوشێوه‌ی خۆیان به‌رهه‌م دێنن. با باسی كه‌ڵه‌پیاوی كورد ئاكۆ جه‌لیلیان خه‌ڵكی ناوچه‌ی كرماشان بكه‌ین. ئه‌و كابرایه ئه‌گه‌ر لای داده‌نیشی به‌رده‌وام ڕه‌نگ و هه‌وڵی پڕۆژه‌كه‌ی هه‌نبانه‌بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژاری پێوه دیاره. چه‌ندان كتێبی له سه‌ختترین بارودۆخی ئابووریدا له كه‌شی تایبه‌تی كرماشان‌دا نووسیوه. كه‌سێكه ژیانی خۆی بۆ ئه‌و كاره داناوه و له خانوویه‌كی لادێی ده‌ره‌وه‌ی كرماشان به ته‌نیا له‌گه‌ڵ كتێب و نووسینه‌كانیدا ده‌ژی. ئێسته پڕۆژه‌ی كوردیكای به ده‌سته‌وه‌یه كه وه‌ك قامووسی دێهخودای فارسییه و تا سی به‌رگ ده‌ڕوات. چه‌ند به‌رگێكی لێ چاپ بووه.
یا كه‌سێكی وه‌ك كاك سه‌ڵاحی پایانیانی كه پڕۆژه‌ی نووسینی فه‌رهه‌نگی زاری موكریانی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ. پێشه‌كی هه‌شت به‌رگه چاپكراوه‌كه‌ی بخوێنیته‌وه، ده‌زانی ئه‌و كابرایه به ته‌نیا چی كردووه و چی خه‌می ئه‌و گه‌له ده‌خوات. خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپوور گه‌وره زمان‌ناسی كورد له زانكۆی ئۆپسالا كاتێ قسه‌ی كاره‌كه‌ی كاك سه‌ڵاحی ده‌كرد، وه‌ك شاكارێك باسی ده‌كرد. ئه‌وه‌بوو كاتێك بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد كۆچه‌ر بیركار هاته هه‌ولێر و خه‌ڵات كرا، كه‌سێكی وه‌ك كاك سه‌ڵاحی پایانیانی له‌و به‌رنامه‌یه خه‌ڵاتی پێ درا و كاره‌كه‌ی كه‌وته ڕیزی ڕێزلێنان له بیركار.
ئه‌م پیاوانه ئه‌گه‌ر تاوێك هه‌ل ده‌ڕه‌خسێ و سوود له قسه و باسیان وه‌رده‌گری ده‌زانی چه‌نده ڕێز بۆ هه‌ژاری نووسه‌ر و شاعیر و وه‌رگێڕ داده‌نن.
تا ئێسته چه‌ند به‌رهه‌می ساغكردنه‌وه‌ی شاعیرانی كوردت هه‌یه؟
تا ئێسته به‌گشتی چه‌ند كتێبم چاپ بووه. له پڕۆژه‌ی نووسینی فه‌رهه‌نگی سێ به‌رگی فارسی به كوردی زانكۆی كوردستان، یه‌كێك له هه‌شت نووسه‌ری ئه‌و كتێبه بووم، هه‌روه‌ها له هه‌مان پڕۆژه له به‌شی فه‌رهه‌نگی كوردی به فارسی و كوردییه‌كه‌دا، نووسه‌ری به‌شی گژوگیا و دار و ده‌وه‌ن بووم.
كتێبی فه‌رهه‌نگی ڕووه‌كناسی كوردستان به زمانه‌كانی كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و لاتینی له یه‌ك به‌رگدا چاپ كردووه. كتێبی پێشه‌كییه‌ك له‌سه‌ر گیاده‌رمانی و گیاناسی و پزیشكی خۆماڵی كورده‌واری له دوو نۆره‌ی چاپدا نووسیوه. كتێبی گه‌نجینه‌ی پزیشكی حه‌كیمانی كورده‌واری به‌رگی یه‌كیم چاپ كردووه.
ئه‌مساڵیش دوو به‌رهه‌می ده‌ستنووسی شاعیرانی كوردم ساغ كردووه‌ته‌وه و زانكۆی سۆران چاپی كرد. شاعیرانی ساڵه‌كانی ٨٩٠-١٢١٠ كۆچی ناوچه‌ی كه‌ڵاته‌رزان و هه‌روه‌ها شاعیری ناسراوی ناوچه‌ی لاجان مه‌لا ڕه‌سووڵی ئه‌دیب.
وشه/ دیمانه- ئیسماعیل ته‌ها