هەولێر.. لەمساڵدا پێنج هاووڵاتی بە سووتان گیانیان لە دەست داوە

:: AM:10:53:26/02/2020 ‌
بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر، ئاماری ساڵی ڕابردوو بڵاو دەكاتەوە، هاوكات لە دوو مانگی ئەمساڵدا بەهۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە، پێنج هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی شوبات، سەركەوت كاڕەش گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و 694 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە ڕوویان داوە، لەو ڕێژەیە 424 ڕووداویان بەهۆی كەمتەرخەمی هاووڵاتییانەوە بووە.

پێنج هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە 
گوتەبێژی بەرگری شارستانی گوتی، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیش قوربانی زیاتر هەبووە، لە ئەنجامدا 164 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە ڕوویان داوە و بە هۆیانەوە پێنج هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە.

لەبارەی ڕووداوی گیان لەدەستدانی سێ هاووڵاتیی شارۆكەی عەنكاوە، سەركەوت ئاشكرای كرد، دوای لێكۆڵینەوەی تیمەكانی ئێمە، دەركەوت كە ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن كە بەهۆی سۆبای نەوتییەوەیە، گیانیان لەدەست داوە.

بۆ ڕووداوی سووتانی كارگەیەكی گەورەی پووشی موبەریدە، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، سووتانی كارگەكە بەهۆی ئامێری ئوتوو ڕووی داوە كە لە ئەنجامی كەمتەرخەمی كارگەكە و جێبەجێ نەكردنی ڕێنوێنییەكانی بەرگری شارستانی، ئاگركەوتنەوە ڕووی داوە، بۆیە قەبارەی زیانەكان گەورە بوون.



وشە - زریان تەها