ئە‌وەی لەسەر بە قاچاخبردنی نەوت هەواڵ بەلایەنی پێوەندیدار بدات خەڵات دەكرێت

:: PM:01:15:26/02/2020 ‌

لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسایەك ئامادە كراوە بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لە بەقاچاخبردن و مامەڵەكردنی نایاسایی بە نەوت.‌ پڕۆژەكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و یەكێك لە خاڵەكانی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوەیە هەركەسێك لەسەر بە قاچاخبردنی نەوت هەواڵ بەلایەنی پێوەندیدار بدات، خەڵات دەكرێت.

خەدیجە عومەر ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، پڕۆژەیاسای بەقاچاخبردنی نەوت كە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە،  ئاراستەی لیژنەی سامانە سروشتییەكان كراوە و ئەوانیش راپۆرتی خۆیان لەسەر ئاماده ‌كردووە. جگەلەمە لیژنەی یاساییش راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادە كردووە و لەگەڵ دەستپێكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە مانگی ئادار هەوڵی پەسندكردنی دەدرێت.

ئەو روونی كردەوە، مەبەست له ‌دەركردنی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوەیە رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت بكەن و نەهێڵن بەشێوەیەكی نایاسایی رەوانەی دەرەوە بكرێت یاخن هاوردە بكرێت. پەرلەمانتارەكە بە پێویستیشی دەزانێ‌ تەنیا ئەوانە بتوانن بازرگانی پێوە بكەن كە مۆڵەتی فەرمییان هەیە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و تەنانەت بۆ بەرهەمە جیاوازەكانی نەوتیش، پێویستە مۆڵەتی یاسایی هەبێت.
سزای ئەو كەسانەی كە قاچاخی بەنەوت دەكەن، نابێ لە پێنج ساڵ گرتن كەمتر بێت

وەك خەدیجە عومەر خستیەڕوو، سزای ئەو كەسانەی كە قاچاخی بەنەوت دەكەن، نابێ لە پێنج ساڵ گرتن كەمتر  و لە حەوت ساڵ زیاتر بێت. هەروەها ئە‌وەی لەسەر بە قاچاخبردنی نەوت هەواڵ بەلایەنی پێوەندیدار دەدات، خەڵات دەكرێت.

"لە عێراق ئەو یاسایە خۆی هەبوو، بەڵام یاساكەی ئێمە بەشێوەیەك دەبێت كە لەگەڵ واقیعی هەرێمی كوردستان بگونجێت، چونكە حاڵەتی قاچاخیكردن بە نەوت زۆر بووە و یاساكە ئەوانەش دەگرێتەوە كە‌ لە كەركووكەوە نەوت بەقاچاخ بۆ ئێران دەبەن، بەگشتی هەنگاوەكە گرنگە و بە یاسا پارێزگاری لە گرنگترین سەرچاوەی كوردستان دەكرێ كە داهاتی نەوتە و ژیانی هاووڵاتییان لەسەر ئەو داهاتەیە." خەدیجە عومەر وای گوت.

وشە/بڵند ئیبراهیم



وشە - سلێمان تاشان