ئەمساڵ یادی هیچ بۆنەیەکی ئادار و نەورۆز ناکرێتەوە

:: PM:01:39:26/02/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر ئاشكرای دەكات، بەمەبەستی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمساڵ بۆنەكانی ئادار و نەورۆز ڕادەگیرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی شوبات، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە بەرانبەر بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەڕێوە چوو.

بڕیارمان داوە بۆنەكانی ئادار و نەورۆز ڕابگرین 
پارێزگاری هەولێر گوتی، بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر كە ئاشكرایان كردووە، تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار نەكراوە.

ئاشكرای كرد، ئێمە هەموو ڕێكارێكی پێویستمان گرتووەتەبەر لەسەر سنوورەكانەوە بگرە تا ناو بازاڕ و بەخشینی ڕێنوێنیی پێویستی تەندروستی، هاوكات دابینكردنی ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و خۆپارێزی لەم نەخۆشییە پێویستن.

پارێزگاری هەولێر ڕوونی كردەوە، لەڕێی لیژنەكانی قایمقامییەتەوە هەموو ڕێكارێكمان گرتووەتەبەر و ڕای دەگەیەنین، لە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵ ناكەین كە ئەم دۆخە بقۆزێتەوە بۆ گرانكردنی نرخی شتومەك و كاڵا پێویستەكان لە بازاڕی هەولێر، هاوكات بۆ پێشگیریی لەم نەخۆشییە و پاراستنی تەندروستیی گشتی، بڕیارمان داوە بۆنەكانی ئادار و نەورۆز ڕابگرین و ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدایە.



وشە - رامیار جەواد