بڕیارە سبەی پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان بە كابینە و بەرنامەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ساز بكات، بەهۆی رێك نەكەوتنی عەلاوی لەگەڵ بەشێك لە هێزە سیاسییەكان ژمارەیەك پەرلەمانتار پێشبینی دەكەن لە دانیشتنی سبەی عەلاوی شكست بێنێت.
تا ئێستە عەلاوی متمانەی تەواوی بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان نییە
ئەسعەد مورشدی پەرلەمانتاری شیعە ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، فراكسیۆنە گەورەكانن بەهۆی دەستكەوتەكانیان پاڵپشتی لە عەلاوی دەكەن و شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان دیاری دەكەن، ئەوەش وای كردووە كە فراكسیۆنەكانیتر كە لە دانیشتنی سبەی متمانە بە عەلاوی نەدەن.
زیاتر گوتی، زۆرێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق بەنهێنی دژی كاندیدكردنی عەلاوین و قبووڵی ناكەن، بۆیە ئەگەرێكی دوورە سبەی دەنگ لەسەر حكوومەتی محەمەد عەلاوی بدرێت، ئەگەری زۆرە دانیشتنەكە بێتە دواخستن.
مورشدی دووپاتی كردەوە، تا ئێستە ناوی ئەندامانی كابینەی حكوومەتی عەلاوی نەگەیشتووەتە پەرلەمان و كەس ئاگەداریان نییە، لەوكاتەی دەبوایە بەر لە دوو رۆژ پێش دانیشتنی پەرلەمانی ناوەكان بگەیشتبان بۆ تاوتوێكردنیان، بەتایبەتی لەسایەی بوونی ناكۆكی و ململانێیەكی بەهێزی سیاسی.
ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیمەی نیشتمانی سەر بە عەمار حەكیم ئاماژەی كرد كە ئەگەری زۆر هەیە بەرێژەی 90% كە دانیشتنی سبەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە حكوومەتی عەلاوی دوابخرێت، چونكە ناكرێت دەنگ بە كابینەیەك بدرێت بێ تاوتوێكردنی ناوی كاندیدەكان و تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەیشی پاڵپشتی لە عەلاوی دەكەن ئەوانیش بەو كارە رازی نین، بۆیە ئەگەری زۆرە دانیشتنەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.
لای خۆیەوە محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری شیعە گوتی، پەرلەمان كاتێك پێنجشەمی بۆ دانیشتنی دەنگدان بە حكوومەتی عەلاوی دیاری كرد بەو مەرجە بووە 48 سەعات پێش دانیشتنەكە ناوی وەزیرەكان بگاتە پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی، بۆیە ئەگەر ناوەكان نەگەن دانیشتنەكە بۆ یەكشەمی داهاتوو دێتە دواخستن و ئەگەر ئەوكاتیش رەوانەی نەكات دانیشتنەكە زیاتر دوادەكەوێت.
لەلایەكی تر جاسم جەعفەر سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردەوە كە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەن كە حكوومەتی محەمەد عەلاوی سبەی پێنجشەم تێپەڕ نابێت و ئەو بووەتە بەشێك لە رابردوو، چونكە سوننە و كورد و بەشێك لە شیعە دەنگی پێ نادەن و پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایش گومانی لای شیعەكانیتر دروست كردووە بەوەی كار بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا ناكات.