پەرلەمانتارێكی عێراق: ڤایرۆسی كۆرۆنای ئێرانی لەوەی چین بەهێزترە

:: PM:06:09:26/02/2020 ‌

بڵاوبوونەوە و زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران زۆر خێراترە بە بەراورد بە وڵاتانی تری دنیا و ئەوەیش وای كردووە ببێتە دووەم دەوڵەت لەدوای چین، ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق داوای داخستنی تەواوەتی سنوورەكان لەگەڵ ئێران دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو ڤایرۆسەی لە ئێران هەیە لەوەی چین بكوژترە.
ئێران ژمارەی راستەقینەی قوربانیان راناگەیەنێت و رێوشوێنەكان جێبەجێ ناكات
جەواد مووسەوی، ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، كۆرۆنا لە ئێران نەبووەتە پەتا، بەڵام ئەو ڤایرۆسەی لەو وڵاتە سەری هەڵداوە لە رووی بكوژی و بەهێزییەوە لەوەی چین جیاوازە، كاتێك رێژەی گیانلەدەستدان لە ئێران گەیشتووەتە 30% و رێژەكە لە چین 2%یە، بۆیە پێویستە سنوورەكانی ئێران بەتەواوەتی بێتە داخستن و هەر ئەگەرێكی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە رێگری لێ بكرێت و دەوامی فەرمی لە قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانەگەكان بۆ ماوەی 14 رۆژ بێتە داخستن بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە. 

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستداوان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، ئێزگەی "ئێران ئینتەرناسیۆناڵ"، رای گەیاند كە ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 84 كەس، لەوكاتەی عەلی ئەبرازە، جێگری سەرۆكی زانكۆی پزیشكی قوم رای گەیاند كە نەخۆشخانەكانی كامكار و فورقان لە قوم كە شوێنی 600 نەخۆشیان هەیە، پڕ بوونەتەوە و ئێستە نەخۆشخانەی ئیمام رەزا بۆ پێشوازیكردن لە تووشبووان بە ڤایرۆسەكە سوودی لێ دەبینرێت، كاتێك حكوومەتی ئێران ژمارەی تووشبووان بە 139 و ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە بە 19 كەس راگەیاندووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل