له‌میا عومه‌ر مه‌عرووفی گۆرانیبێژ كه له سلێمانی له دایك بووه. باوكی خه‌ڵكی سلێمانی و دایكیشی رۆژهه‌ڵاتییه، ماوه‌ی سێ ساڵه ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه. ئه‌و له دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر گۆرانی به‌شێوه‌ی دوێت بڵێ، حه‌ز ده‌كات له‌گه‌ڵ زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵا گۆرانی بڵێت.
بۆچی سه‌ره‌تا به گۆرانیی فارسی ده‌ستت پێ كرد؟
ماوه‌ی سێ ساڵه ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كردووه، 11 گۆرانیم به فارسی و یه‌ك گۆرانیم به زمانی كوردی گوتووه، هه‌روه‌ها ڤیدیۆ كلیپم بۆ حه‌وت له‌و گۆرانییه فارسییانهم كردووه و گۆرانییه كوردییه‌كه‌شم به‌شێوه‌ی ڤیدیۆ كلیپ بڵاو كردووه‌ته‌وه. بۆ سه‌رجه‌م گۆرانییه فارسییهكانم به‌ئاسانی سپۆنسه‌رم ده‌ست ده‌كه‌وت، به‌ڵام بۆ گۆرانییه كوردییه‌كان هیچ سپۆنسهرێكم ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه كوردییه‌كه‌م به حه‌زی خۆم گوتووه و خه‌رجییه‌كانی له ئه‌ستۆی خۆم بووه.
ئامانجت له بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه كوردییه‌كه‌ت چی بووه؟
گۆرانییه كوردییه‌كه‌م دوو شێوازی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێ، به‌شی یه‌كه‌می به‌ناوی "عه‌شق"ـه و مه‌به‌ستم لێی خۆشویستنی كوردستانه و ریتمهكهیشی سڵۆیه، به‌شی دووه‌می شادی و هه‌ڵپه‌ڕكێیه. ئامانجیشم لێی پێشاندانی ئاواز و هه‌ڵپه‌ڕكێ و جلوبه‌رگی كوردی بووه، به‌تایبه‌ت كه فارسه‌كان زۆر ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگ و هه‌ڵپه‌ڕكێ و ئاوازی كوردی نییه.
له‌و به‌رهه‌مه كوردییه‌دا كێ بوون ئه‌وانه‌ی هاوكارییان كردی؟
ئه‌ڕێنج و دروستكردنی گۆرانییه‌كه له‌لایه‌ن ئاریۆس حه‌مه‌سه‌عید ئه‌نجام دراوه، حه‌مه‌سه‌عید ئیبراهیمی باوكیشی تێكستی گۆرانییه‌كه‌ی نووسیوه. هه‌روه‌ها ئێسته به‌رهه‌مێكی تری كوردیم له به‌رده‌ستدایه كه ئه‌ویش شادی و هه‌ڵپه‌ڕكێیه و به پۆشینی جلی كوردی له كلیپه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وم. ره‌نگه تا مانگێكی تر كلیپه‌كه‌ی ته‌واو بێت و دواتر بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه.
بۆچی ئه‌وه‌نده حه‌ز به گۆرانیی هه‌ڵپه‌ڕكێ و شادی ده‌كه‌یت؟
ده‌مه‌وێ له ناو ئێران و كوردستانیشدا به گۆرانییه‌كانم دڵی خه‌ڵك خۆش بكه‌م، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ئێران هه‌میشه كورد به هه‌ڵپه‌ڕكێ و شایی و شادی ده‌ناسن.
ستایلی گۆرانییه‌كانت لاسایین یان تایبه‌ت به خۆتن؟
ستایلی گۆرانییه‌كانم زیاتر ڕۆژئاوایین، لاسایی هیچ كه‌سێكم نه‌كردووه‌ته‌وه و خۆم خاوه‌نی ستایلهكانم، بۆیه ئێسته له ئێران له شێواز و گوتنه‌وه‌ی گۆرانی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر جیاوازم.
تا ئێسته گۆرانیت به‌شێوه‌ی دوێت گوتووه؟
به‌شێوه‌ی دوێت دوو گۆرانیی فارسیم له‌گه‌ڵ دوو هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ و ناسراوی فارس گوتووه، زۆر كه‌سی تریش پێیان گوتووم كه دوێتیان له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌ڵام من حه‌زم ده‌كه‌م ئه‌م جاره دوێت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌كانی كورد بكه‌م، مه‌به‌ستم زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده كۆنانه‌یه كه ئێسته و پێشتریش ناوبانگیان هه‌بووه و هه‌یه، به‌تایبه‌ت زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵا.
ئێسته پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟
جگه له‌و به‌رهه‌مه كوردییه‌ی باسم كرد كه كاری تێدا ده‌كه‌م، ئێسته كارێكی تازه‌ترم له به‌رده‌سته، ئه‌ویش گۆرانییه‌كی فارسییه و دوای دوو هه‌فته‌ی تر بڵاو ده‌بێته‌وه.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال