له ناو بازاڕی شارۆكه‌ی سۆران، بڕی 250 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و 40 كیلۆ زێڕ دزرا، لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه كردووه.
به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌موو حه‌وتی ئادار، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانی بازاڕی زێڕنگرانی سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی سۆران، ده‌ركه‌وتووه له یه‌كێك له دوكانه‌كانی زێڕ، بڕی 250 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و 40 كیلۆ زێڕ دزراوه، خاوه‌نه‌كه‌ی له ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌م پێنجی ئاداره‌وه دوكانی داخستووه و ئه‌مڕۆ دزییه‌كه‌ی بۆ ئاشكرا بووه.
ئه‌مڕۆ شه‌موو حه‌وتی ئادار، سه‌رباز فه‌رهاد باڵه‌كی سه‌رۆكی زێڕنگرانی سۆران به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، چه‌ند كه‌سێك له ڕێی تونێل و مه‌زرای ئاو و ئاوه‌ڕۆ، به ئامێری بڕینه‌وه‌ی ئاسن، دزییه‌كی گه‌وره‌یان له بازاڕی زێڕنگرانی سۆران كردووه.
دزەکان له رێی ژێرزه‌مینه‌وه چوونه‌ته ناو دوكانه‌كه
زیاتر گوتی، له ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوو، یه‌كه‌م حاڵه‌تی شكاندن و بڕینی دوكانه به‌و شێوه‌یه له سۆران تۆمار ده‌كرێت كه دیوی ده‌ره‌وه‌ی دوكانه‌كه ده‌ستكاری نه‌كراوه، له رێی ژێرزه‌مینه‌وه چوونه‌ته ناو دوكانه‌كه، بڕی 250 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و 40 كیلۆ زێڕیان دزیوه.
كرمانج عزه‌ت قایمقامی شارۆكه‌ی سۆران به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ تیمێكی تایبه‌تی ئاسایش و پۆلیس له شوێنی ڕووداوه‌كه‌ین، سه‌رقاڵی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ین، تا ئێسته كه‌س له‌سه‌ر دزینی پاره و زێڕەکە ده‌ستگیر نه‌كراوه، به‌ڵام هاووڵاتییان و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه تاوانباران ده‌ستگیر ده‌كه‌ین و رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌ینه‌وه.
سۆران له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره، ده‌كه‌وێته باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر، ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له 300 هه‌زار كه‌س ده‌بن، ئێسته ناوه‌ندی كارگێڕی شارۆكه‌كانی چۆمان، مێرگه‌سۆر و ڕواندزه.
سۆران- موڕشید برادۆستی