ساڵی داهاتوو ئابووری دنیا گه‌شه‌ ده‌كات

:: PM:02:14:24/03/2020 ‌

سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بڵاوی كرده‌وه‌، ئه‌مساڵ ئابووری دنیا ته‌نیا پاشه‌كشه‌ ناكات، به‌ڵكو رێژه‌ی نه‌رێنیش تۆمار ده‌كات، به‌ڵام ساڵی داهاتوو ئابوورییه‌كه‌ گه‌شه‌ ده‌كات.

كریستیانۆ جۆرجیا سه‌رۆكی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو به‌ وردی ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ ئابووری دنیا به‌ چ رێژه‌یه‌ك داده‌به‌زێت، به‌ڵام دامه‌زراوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی دارایی له‌ پاریس ئاشكرای كردبوو گه‌شه‌ی ئابووری ساڵی 2020 بۆ -‬1.‬5%‬ داده‌به‌زێت و رێژه‌ی نه‌رێنی تۆمار ده‌كات.

 به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، سه‌رۆكی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی له‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا بۆ سه‌ر ئابووریی دنیا زۆر به‌رچاو ده‌بێت، بۆیه‌ش داوای له‌ وڵاتان كرد له‌ پاڵپشتی دارایی كارئاسانی بكه‌ن.


ئه‌و روونی كرده‌وه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان دۆخیان باشتره‌ و توانایان هه‌یه‌ خۆیان بپارێزن، به‌ڵام وڵاتانی هه‌ژار و ئه‌و وڵاتانه‌ی هێشتا‌ نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست گه‌شه‌ بكه‌ن، له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی گه‌وره‌تردان.

پێشتر سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو رای گه‌یاندبوو 50 ملیار دۆلار بۆ قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی ته‌رخان ده‌كات. یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ كه‌ داوای پێنج ملیار دۆلاری كردووه‌ ئێرانه‌.

هێشتا سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ڵامی ئێرانی نه‌داوه‌ته‌وه‌
هێشتا سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ڵامی ئێرانی نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتیوانی له‌ داواكارییه‌كه‌ كردووه‌. پێ ناچێت ئه‌مه‌ریكا به‌مه‌ دڵخۆش بێت، چونكه‌ سیاسه‌تی ئه‌وه‌یه‌ داهاتی ئێران كه‌م بكات و به‌ بیانووی وه‌رگرتنی قه‌رز بۆ كۆرۆنا درێژه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانی رابردووی دژی ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌دات.

سه‌رۆكی سندووقی نێودوڵه‌تی دراو ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو بۆ یارمه‌تیدانی وڵاتانی دنیا له‌ هه‌موو توانا داراییه‌كه‌ی خۆی سوود وه‌رده‌گرێت كه‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلاره‌.




وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌