ترەمپ: داخستنی ئابووری ئەمەریكا وێران دەكات

:: PM:10:24:24/03/2020 ‌

دوای بڵاوبوونەوەیەكی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا و وەرگرتنی رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە وریایی لە داڕمانی دۆخی ئابووری ئەمەریكا دا بەهۆی ئەو داخستنەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا پیادە دەكرێت، وەك دەڵێت تەنگژەیەكی ئابووری وا دروست دەكات وڵات وێران دەكات. 
ژمارەی قوربانیانی داخستنی ئابووری لە قوربانیانی كۆرۆنا زیاتر دەبێت
ترەمپ لە لێدوانێكی بۆ تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، بەو داخستنەی ئێستە كردوومانە دەكرێت وڵاتێك وێران بكەین، روونی كردەوە، هەفتەی داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ كاریگەرییەكانی داخستنی ئابووری دەكەم، كە هەندێك داوای جێبەجێكردنیان بۆ ماوەی 15 رۆژ كردووە.

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە دەكرێت ژمارەی قوربانیان چوونەوەیەكی گەورەی ئابووری لە ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا زیاتر بێت، بۆیە هیوام وایە بەمنزیكانە دەست بە جموجۆڵی ئابووری بكرێتەوە، دووپاتی كردەوە كە دەكرێت بەهۆی ئینفلەوەنزاوە ژمارەیەك قوربانی بدەین، بەڵام رەنگە ژمارەكە زیاتر بێت ئەگەر وڵاتمان لەناو داخستنی ئابووری نقووم كرد كە ئەوكات هەزاران حاڵەتی خۆكوشتن روودەدات. 

ئەمڕۆ سێشەم مارگرێت هاریس، گوتەبێژ بەناوی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، 85%ی حاڵەتە نوێیەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا هەواڵی رێكخراوەكە دراوە بۆ تۆماركردنیان لە شەوی رابردوو لە ئەوروپا و ئەمەریكا بووە، بۆیە ئێستە ئەوان سەرچاوەی سەرەكیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەن.

رای گەیاند، ئێستە زیادبوونێكی زۆر خێرای ژمارەی تووشبوون لە ئەمەریكا هەیە، بۆیە ئەگەری هەیە ئەو وڵاتە ببێتە سەرچاوەیەكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، تا ئێستە ناتوانین ئەوە دووپات بكەینەوە، بەڵام ئەگەرێكە لەپێش ئەمەریكا، چونكە بڵاوبوونەوەیەكی زۆر گەورەیان بۆ ڤایرۆسەكە هەیە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل