كۆرۆنا زۆربه‌ی دانیشتووانی گۆی زه‌وی ناچار به هێشتنه‌وه له ماڵه‌كانیان كردووه. مانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌نی خه‌ڵك له ماڵه‌كانیان ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌مێكدا بۆ رێكخستنی گه‌شت و سه‌یران و گه‌ڕان و سووڕان به ناو بازاره‌كان قۆسترابێته‌وه، ئه‌وا له سه‌رده‌می كۆرۆنادا ئه‌م ئۆفه‌ره داخراوه و به خۆشی بێ یان ناخۆشی ده‌بێت هاووڵاتییان له ماڵه‌وه نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشیی كۆرۆنا پارێزراو بن.
هه‌رچه‌نده مانه‌وه له ماڵه‌وه له تووشبوون به كۆرۆنا ده‌یانپارێزێت، به‌ڵام له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌وانه‌یه بۆ هه‌ندێك خێزان ده‌رهاویشته‌ی خراپی هه‌بێت و هه‌ندێك خێزانی تریش ده‌رفه‌ته‌كه بۆ زیاتر قووڵكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی یان خوێندنه‌وه و سه‌یریكردنی فیلمی زیاتر بقۆزنه‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی مانگێكه قوتابخانه‌كان و زۆربه‌ی داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت داخراون و رێوشوێنه‌كانی حكوومه‌ت رۆژ به رۆژ توندوتۆڵ‌تر كراون، وێڕای قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، هانی خه‌ڵك ده‌درێ له ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ كۆڵانیش ده‌رنه‌چن.
مانه‌وه‌ی خه‌ڵك له ماڵه‌وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌نانه‌ت نوكته و قسه‌ی جیاوازی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و پیاوان گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن له ماڵه‌وه ناچار به پێچاندنه‌وه‌ی دۆڵمه و شووشتنی قاپ و قاجاخ و مافوور ده‌كرێن، چه‌ندان گرته‌ی ڤیدیۆیی له‌وباره‌یه‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه. هه‌ندێك كه‌س به گۆرانی و هه‌ندێكی تر به به‌ند و هۆنراوه‌ی جیاواز باس له هه‌سته‌كانیان له سه‌رده‌می كۆرۆنا ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك نوكته‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه كه هێشتنه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆری هاوسه‌ره‌كان له ماڵه‌وه ده‌ره‌تانی سه‌رجێكردنی ره‌خساندووه و جاران كه له‌به‌ر ماندووبوون و ئاڵۆزیی فكری، ده‌ره‌تانی ئه‌وه نه‌بووه ژن و مێرد وه‌ك پێویست سه‌رجێیی بكه‌ن. شه‌و هه‌ردووكیان له‌به‌ر ماندووبوون ده‌چوونه پێخه‌فه‌كانیان و به‌یانیانیش زوو له‌به‌ر دواكه‌وتن له ئیش و كار ماڵه‌كانیان جێ ده‌هێشت. ئه‌مجاره كار له كار ترازاوه و خه‌ڵك له مانه‌وه‌یان له ماڵه‌كانیان ماندوو كرد و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه دوای نۆ مانگی تر سه‌رجه‌م ئه‌و ژنانه‌ی شوویان كردووه و فه‌رمانبه‌رن داوای مۆڵه‌ت بكه‌ن و حكوومه‌ت له ته‌نگژه‌ی كۆرۆناوه تووشی ته‌نگژه‌ی ده‌ستی كار بكه‌ن.
مانه‌وه‌ی خه‌ڵك له ماڵه‌وه له هه‌ر وڵاتێكدا لێكه‌وته‌ی جیاوازی هه‌یه، له چین كه ژماره‌ی دانیشتووانی زۆره و به‌شی زۆری دانیشتووانی ئه‌و وڵاته ته‌مه‌نیان به‌رزه، به‌مدواییه هانی خه‌ڵك دراوه منداڵیان ببێت بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان گه‌نجتر بێته‌وه و چ بیانوویه‌ك له‌وه باشتره سوود له كۆرۆنا و پلانه‌كانی مانه‌وه له ماڵ وه‌ربگیرێت. له چین ئه‌مه به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كان پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و ده‌گوترێ به‌راورد به دۆخی پێش كۆرۆنا رێژه‌ی جیابوونه‌وه زیادی كردووه.
ماڵپه‌ڕی
radiichina راپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی مانه‌وه‌ی هاووڵاتییانی چین و كاریگه‌رییه‌كانی كردووه و ده‌ركه‌وتووه له دوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای نووسینگه‌ی ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه له ویلایه‌تی سیچووان، ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی جیابوونه‌وه به خێرایی به‌رز بووه‌ته‌وه و له هه‌ندێك شوێن ژماره‌كه ئه‌وه‌نده به‌رزه كه هیچ كات چاوه‌ڕوانی ئه‌و ژماره به‌رزه نه‌كرابوو.
ئه‌و ده‌ره‌نجامه بۆ حكوومه‌تی چین دڵخۆشكه‌ر نه‌بووه، چونكه دوای چه‌ندان ساڵ له دابه‌زینی ژماره‌ی دانیشتووان ئه‌و وڵاته چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد لانی كه‌م ئه‌مساڵ ژماره‌كه به‌رز ببێته‌وه. تا ساڵی 2017 له چین سیاسه‌تی یه‌ك منداڵ پێڕه‌و ده‌كرا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه ئه‌و پلانه‌ی لابردووه و ئامانجیه‌تی وڵاتێكی گه‌نجتر له جارانی هه‌بێت.
یه‌كێك له دروشمه‌كانی ویلایه‌تی هینان ئه‌وه بوو به مانه‌وه له ماڵه‌وه و خستنه‌وه‌ی منداڵی دووه‌م خزمه‌تی وڵات بكه‌ن.
له‌و حاڵه‌تانه‌ی له چین جیا بوونه‌ته‌وه باس له هۆكاری جیاواز ده‌كرێ هه‌ندێكیان دوای مانگێك له ماڵه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وتووه نابێت درێژه به‌م جۆره ژیانه‌یان بده‌ن، له‌و مانگه‌دا بۆیان ده‌ركه‌وتووه ئه‌گه‌ر مانگێك نه‌توانێ له‌گه‌ڵ ژن یان مێرده‌كه‌ی هه‌ڵبكات، ئه‌وا چۆن ده‌توانێت بۆ ته‌مه‌نێك له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات.
هه‌ڵبه‌ت كه‌م نین ئه‌وانه‌ش دڵخۆشی خۆیان له‌وه ده‌ربڕیوه له‌و ماوه‌یه‌ی له ماڵه‌وه بوون توانییان به باشی پشوو بده‌ن و قه‌ره‌بووی هه‌ندێك له كه‌موكورتییه‌كانی رابردوویان بكه‌نه‌وه. به‌شێكی تر له‌و كێشانه‌ی باس كراون بریتین له نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی ماڵ و به‌خێوكردنی منداڵ كه له ناو چینییه‌كان ناكۆكیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌شێك له خێزانه‌كن باسیان له‌وه كردووه له ماڵی دراوسێیان هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده‌ی ماوه‌ی مانه‌وه به هۆی كۆرۆنا هه‌ستیان به توندوتیژی خێزانی نه‌كردووه و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له ناو خێزانه‌كان به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه.
با بێینه‌وه سه‌ر كوردستانه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان كه بابه‌ته‌كه ئه‌گه‌ر له گاڵته و پێكه‌نین بترازێت، به دڵنیاییه‌وه ده‌رهاویشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشی به‌دواوه ده‌بێت. ئاری هاوار جه‌باری توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه له كوردستان ژیان و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتی تر جیاوازه و له كاتی ئاساییش خێزانه‌كان قه‌ره‌باڵغن و ماوه‌ی كاركردن له ده‌ره‌وه‌یان زۆر درێژ نییه.
له كوردستانیش كێشه و ده‌رهاویشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دواوه ده‌بێت
ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌مه حاشا له‌وه ناكرێ له كوردستانیش كێشه و ده‌رهاویشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دواوه ده‌بێت و له‌وانه‌یه هه‌ندێك خێزان كه خۆی هه‌ر پێشتر له یه‌كتر له بیانوو بوون، ئێسته له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی بچووك هه‌وڵی جیابوونه‌وه له یه‌كتر بده‌ن یان كێشه و توندوتیژی بهێننه كایه‌وه.
ئه‌و ئاماژه‌ی دا، به‌شێكی زۆری دۆخه‌كه پێوه‌ندی به ئاستی رۆشنبیریی تاكه‌كان هه‌یه و كاتێك ژن زیاتر له ماڵه‌وه كاری كردووه و ماندوو بووه، بۆچی ئێسته پیاویش یارمه‌تی نه‌دات و به‌شێك له كاروباری ماڵه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رانه‌په‌ڕێنێت. ئه‌و پێی وایه ئه‌مه ده‌رفه‌تی باشه بۆ زۆر له خێزانه‌كان كه بتوانن كتێبی زیاتر بخوێننه‌وه و باشتر به په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان رابگه‌ن و خۆشه‌ویستی و بناغه‌ی خێزان پته‌وتر بكه‌ن.