چین بەوشێوەیە كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كۆرۆنای كرد

:: PM:04:59:25/03/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ووهانی چینەوە دەستی بە بڵاوبوونەوە كرد و لە ماوەی چوار مانگدا تەواوی دنیای گرتەوە، ئێستە ئەوروپا و ئەمەریكا بوونەتە سەرچاوەی پەتاكە، كەچی چین توانوویەتی كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی بكات و ئەوانەی ئێستە لەو وڵاتە تووش دەبن كەسانێكن لە دەرەوەی چین دەگەڕێنەوە، بەڵام چۆن ئەوە رووی دا؟
حكوومەت و گەلی چین لە رووبەڕووبوونەوەی نەهامەتییەكە هاوشانیان كرد
دوای سەردانیكردنی چین لە ماوەی دوایی بە سەرۆكایەتی شاندێكی 25 پزیشكی وڵاتانی جیا جیا، برووس ئیلۆرد پزیشك لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە ماڵپەڕی "بزنس ئیسایدەر"ی ئەمەریكی گوت، دنیا بە هاوشێوەی چین لە رووی رژدی و خێرایی ئامادە نییە رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێتەوە، ئەوەیش وەك ماڵپەڕەكە ئاماژەی بۆ كردووە بۆ چەند رێوشوێنێك دەگەڕێتەوە كە پەكین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە پیادەی كردوون كە لە دوایین ئاماردا تووشی 436024 كەس بووەتەوە لە دنیا.

لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، پەكین كۆت و گەمارۆی خستە سەر نزیكەی 60 ملیۆن كەس لە هەرێمی هۆبی و هەموو هاتوچۆ و جموجۆڵێكی بە پیادە و ئۆتۆمبێل و كەشتی و هیڵی ئاسنین و ئاسمانی وەستاند و سزای توندی بۆ هەر هەوڵێكی هەڵاتن لەو كۆتە پزیشكییە دانا، بۆیە چین توانی لە رێگەی 12 خاڵەوە كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات و لە پلەی یەكەمی زۆری ژمارەی مردنەوە، ببێتە سێیەم دوای ئیتاڵیا و ئیسپانیا، هەنگاوەكانیش بریتین لە:

1-پشكنینی بەخۆڕایی، ئەو پزیشكە دەڵێت، ئەوانەی كە لە تووشبوونیان دڵنیا دەبنەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن بۆ دابڕینیان، هەروەها حكوومەتی چینی پشكنینیەكانی كردووەتە بێبەرانبەر و بەڵێنیشی داوە خەرجی هەر چارەسەریەك بگرێتە ئەستۆ كە بیمەی تەندروستی نایگرێتەوە.

2-دروستكردنی چەندان نەخۆشخانە بۆ دابڕینی تووشبووان، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە چین دەستی كرد بە دروستكردنی چەندان نەخۆشخانەی هەزار بۆ هەزار و 300 قەروێڵەیی كە یەكێكیانی لە ماوەی شەش رۆژ و ئەوەی تر لە 15 رۆژ دروست كرد، جیا لەوەی چەندان تەلاری كرد بە نەخۆشخانە.

3-حاڵەتە سەختەكان، پارتی فەرمانڕەوای چینی بڕیاری دا بە گۆڕینی زۆرێك لە پشكنینیە پزیشكییەكان بۆ شێوەی راوێژكاری ئۆنلاین بە ئینتەرنێتەوە. 

4-ئاسانكاری گەیشتن بە نۆرینگە پزیشكییەكان، چین چەندان نۆرینگەی دەرەكی پزیشكی لە هەموو ناوچەكانی ئەو وڵاتە بڵاو كردەوە كە لە 2002 بەهەمان شێوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی سارس پشتی پێ بەسترا.

5-هەوڵی زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەكە، چین نەخۆشخانەكانی لە ناوچەكانی پەتاكە تیایاندا بڵاو بووەتەوە بە تەواوەتی بۆ چارەسەری تووشبووان تەرخان كرد لە رێگەی دابڕینی تەواویان لە نەخۆشەكانیتر. 

6-خێرایی مامەڵەكردن، چین توانی بە خێراییەكی زۆر مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسەكە بكات و چەندان بڕیاری توندی دەركرد و لە ماوەی چەند رۆژێك بە زەبری هێز جێبەجێی كردن، هەروەها هەرچەند حاڵەتی نوێ ئاشكرا دەكرا، خێراتر بەدواداچوونی بۆ دەكرد و سەرچاوەكەی دەدۆزیەوە، بۆیە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە سەركەوتوو بوو. 

7-تەكنۆلۆجیا، پەكین رای گەیاند كە تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووی بەكار هێناوە بۆ چاودێریكردنی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە و دیاریكردنیان وەك ئامرازەكانی چاودێری و پێوەندیكردن لە نێوان نەخۆشان و پزیشكان و تایبەتكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی چین بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەدواداچوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە. 

8-سیستمێكی پێشكەوتووی چاودێریكردن، لە 2002 لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی سارس، چین پشتی بە سیستەمێكی چاودێری پێشكەوتوو بەست بۆ دیاریكردن و ناسینەوەی كەسانی مامەڵەیان لەگەڵ كەساتی تووشبوو كردووەتەوە. 

9-ئاسانكاریی گەیاندنی خۆراك و پێویستییەكان، لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەسەڵاتدارانی چین تەواوی وڵاتیان داخست و فەرمانیان بە خەڵك كرد لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بۆ نموونە لە ووهان 15 ملیۆن كەس تەنیا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە داوای خۆراكیان دەكرد.

10-زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەكە، دەسەڵاتدارانی چین نزیكەی 40 هەزار كرێكاریان لە بواری پزیشكی رەوانەی هەرێمی هۆبی پەتادار كرد كە زۆریان كەسانی خۆبەخش بوون، هەروەها هەزارانیش لە كەرتەكانی گواستنەوە و كشتوكاڵ و بەڕێوەبردن و فرۆشیاری خۆیان بەخش كرد بۆ بەردەوامبوونی گەیشتنی كاڵا سەرەكییەكان و چاودێریكردنی كەسانی مامەڵەكردوو لەگەڵ نەخۆشەكان.

11-هەڵسوكەوتی گەلی چین، ماڵپەڕەكە روونی كردەوە كە گەلی چین وا رەفتاریان كرد كە ئەوان بەیەكەوە لەبەردەم ئەو نەهامەتیەن و دەستیان نەكرد بە كڕینی بڕی زۆری خۆراك و پێویستی و ئەمباركردنی.

12-شوێنی مانەوە و كاتی گەڕانەوە، حكوومەتی چین سزای ئەو كەسانە دەدات كە كاتی بوونیان لە ناوچە پەتادارەكان دەشارنەوە، وەك ئەوەی دوایی بۆ ئافرەتێك كە لە ویلایەتی نیویۆرك گەڕاوەتەوە چین كە زەرەرمەندرتین ویلایەتەكانی ئەمەریكایە، كە رەنگە تووشی سزای یاسایی بێت بەهۆی شاردنەوەی، بەتایبەتی كە دەركەوت تووشبووی ڤایرۆسەكەیە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل