ڕێکارەکانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بە گرنگ دەزانرێت

:: PM:09:56:25/03/2020 ‌

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دنیا و لە وڵاتانی دراوسێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان دەستیان کرد بە هەنگاونان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا، قایمقامی قەزای دەربەندیخان و مامۆستایانی زانکۆ بە گرنگیەوە باس لە کارەکانی حکوومەت دەکەن.

ناسیح مەلا حەسەن، قایمقامی قەزای دەربەندیخان کە 10 تووشبووی کۆرۆنا لە قەزاکەیدا هەیە بۆ "وشە" گوتی: ڕێکارەکانی حکوومەت زۆر باشە، تەنانەت لە دوای بڵاوبوونەەەی کۆرۆنا لە قەزای دەربەندیخان پارێزگاری سلێمانی و وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی سەردانی قەزاکەیان کردین، دڵخۆش بوون لایەنە پێوەندیدارەکان بەباشی بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن و دەربەندیخان ئەو ڕێوشوێنانەی گرتویەتییە بەر بۆ نەهێشتنی هاتوچۆ، هاووڵاتییانیش پابەندی ڕێنوێنییه‌كانن.

ئەگەر حكوومەت زوو ڕێکاری نەگرتایەتەبەر و سنووری دانەخستایە و قەدەغەی هاتوچۆ ڕانەگەیندایە و وەزارەتە پێوەندیدارەکان زوو ڕێکاریان نەگرتایەتەبەر ئەوا ڤایرۆسەکە زۆر مەترسیدار و بەربڵاو دەبوو
                                                                   ناسیح مەلا حەسەن وای گوت.

قایمقامی دەرەندیخان هه‌روه‌ها گوتی: سەرۆکایەتیی حووکمەت بەباشی هات بە دەم داواکاری ئێمە، کە بودجەیان بۆ تەرخان کردوین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام هەرچەندە نازانین بڕەکەی چەندە و چۆن دابەش دەکرێت و بە چ شێوەیەک دەگات بە ئێمە، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە.

لای خۆشیەوە کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆ بۆ "وشە" گوتی: حووکمەت هەر لە سەرتاوە ڕێکاری باشی گرتووەتە بەر و جێگەی دڵخۆشییە، دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ دەکەم کە خەمخۆرانە کاریان کردووە، قایمقامەکان و پارێزگارەکان ماندوێتیی زۆر بە ڕووخساریانەوە دیارە، بەڵام بە داخەوە هاووڵاتیان پابەند نین و لە هەندێک شوێن و لە هەندێک ڕێنوێنیدا سەرپێچیی دەکەن.

«بە گرنگیشی دەزانم بڵێم کە دەبوو زووتر سنوورەکان بە ڕووی ئەو وڵاتانەدا دابخرایە ئەوا باشتر کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە دەکرا، نەدەبوو لە ماوەی ڕابردوودا رێگە بە هاتوچۆ بدرایە لە دوای سه‌عات 12ی شەوەوە، بەڵام ئێسته‌یش درەنگ نەبووە کە ئەو بڕیارانە دراوە و قەدەغەی هاتوچۆ هەیە و بەردەوام ڕێنوێنیی تەندروستی بڵاو دەکەنەوە» کەیوان ئازاد وای گوت.



سلێمانی - لۆڤە محەمەد


وشە - كوردۆ شابان

ئه‌م بابه‌ته 117 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌