وەزیری تەندروستی هەواڵێکی خۆشی ڕاگەیاند

:: AM:11:43:26/03/2020 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئێستە لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین و بەپێی ڕێوشوێنە تەندروستییە جیهانییەكان هەنگاو دەنێین و ژمارەكان لە كەمبوونەوەدان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی ئادار، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لەسەر راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئەوەی دووجار بودجەی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین كراوە، هەرچییەكی ترمان پێ بكرێت پشتیوانیان دەكەین بۆ تێپەڕاندنی كۆرۆنا. 

ئەو كەسانەشی تووشبوون، ئێستە زۆرینەیان باری تەندروستییان جێگیرە
وەزیری تەندروستی گوتی، كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە رۆژێك بۆ رۆژێكی تر دەگۆڕێت، ئەگەر كەسێك تووش دەبێت، ئەوە بەتەنیا نییە، بەڵكو ئەوانەی كە سەردانیان كردووە و خێزانەكەی و ئەوانەی بەركەوتنی لەگەڵی هەبووە، ئەوانەش بە گومانلێكراو دادەنێین و كەرەنتینیان دەكەین، بۆیە دڵخۆشین بەوەی كە ژمارەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بەتایبەتی ئەو شار و شارۆكانەی ئێستە لە كەرەنتینەدان.

باسی لەوەش كرد، لە دەستپێكردنی رێوشوێنەكان زیاتر سەرنج لەسەر گەشتیار بووە وەك هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوە و فاكتەری هێنانی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستە تەنیا گەشتیار نییە، بەڵكو ئەوانەشن كە گومانیان لێ دەكەین.

"ئێمە ئێستە لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین، راستە رێككارەكانی خۆپارێزی بەردەوامە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بڵاو نەبێتەوە و سەرچاوەكەی بدۆزرێتەوە، ئەو كەسانەشی تووشبوون، ئێستە زۆرینەیان باری تەندروستییان جێگیرە، بەگوێرەی پێڕەوێكی نێودەوڵەتی دەزانین كە بەتەواوی چاك بوونەتەوە یان نا". وەزیری تەندروستی وای گوت.



وشە - رامیار جەواد