سێ زانا گەورەکەی دنیا: بەم نزیکانە کۆرۆنا لەناو دەچێت

:: PM:05:31:26/03/2020 ‌
مایکل لیڤیت براوەی خەڵاتی نۆبڵ و دوو زانای تری بایەلۆجی رای دەگەیەنن، بەم نزیکانە دنیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو شایەتی لەناوچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.
ئەو ڤایرۆسە ناتوانێ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سرووشت بگونجێنێت

پڕۆفیسۆر مایک لیڤیت، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیا لە ساڵی 2013 بەر لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشبینی کردبوو ئەو ڤایرۆسە لە چین بڵاو دەبێتەوە.
خاڵی هەرە گرنگ کۆنتڕۆڵکردنی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکە

ئەو زانا ئەمریکییە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "چاینا دەیلی نیوز" پێشوەختە چۆنیەتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژمارەی تووشبووان و ئەو کەسانەیشی کە بەهۆیەوە لە چین دەمرن، بە شێوەیەکی دروست مەزەندە کردبوو.

پرۆفیسۆر لیڤیت مەزەندەی ئەوەی کردبوو کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین دەگاتە 80 هەزار کەس و سێ هەزار و 200 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەست دەدەن، ئەوەی دنیای سەرسام کرد ئەوە بوو کە بەراوردەکەی زۆر نزیک بوو لەو رێژەیەی لە چین تۆمار کرا، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین گەیشتە 81 هەزار کەس و تەنیا هەزار کەس زیاتر لەو ژمارەیە بوو کە پێشبینی کردبوو.

ئەو زانا ئەمریکییە ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لۆسەنجلێس تایمز کە بەشێکی لە ئاژانسی عەرەبیە بڵاو کراوەتەوە، لەبارەی داهاتووی دنیا بەدەست ئەو ڤایرۆسەوە دەڵێ، خاڵی هەرە گرنگ کۆنتڕۆڵکردنی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکە و دەبێ رێگە لە دروستبوونی پشێوی بگیرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، زۆر قسە لەبارەی ڤایرۆسی کۆڤید 19 دەکرێت، بەڵام  رەنگە بە پێچەوانەی هەموو ئەو تێگەیشتنانە، ڤایرۆسەکە بەم زووانە لەناو بچێت.

زۆربەی زانایانی جیهان هەر لە ئەمەریکا و ئەوروپاوە بگرە تا رووسیا پەسنی پێشبینییەکەی پڕۆفیسۆر لیڤیت دەکەن و ئەلیکساندر میاسنیکۆف سەرۆکی نەخۆشخانەی سیتی کلینیکی مۆسکۆیش ئەو پێشبینییە شی دەکاتەوە.

ئەو زانا رووسییە رەخنە لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت و دەڵێ، ئەوان لەبری ئەوەی ئەوهەمۆ کات و وزەیە بۆ دۆزینەوەی پێکوتەی کۆرۆنا بە فیڕۆ بدەن، دەبوایە هەر لە سەرەتاوە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوە و بەرگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بگرنە بەر.

ئەلیکساندر میاسنیکۆف پشتیوانی لە بۆچوونی پرۆفیسۆر لیڤیت دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، هاکا ئەو ڤایرۆسە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خۆی لەناو بچێت و هیچ ئاسەوارێکی نەمێنێت، ئەوەش ئەگەرێکی یەکجار بەهێزە.

سێرگی کیسلۆ سەرۆکی بەشی بایەلۆجی ئەنستیوتی "ڤاڤیلوو"ی مۆسکۆ لە پەسنی بۆچوونی ئەو زانا ئەمریکییە بە رۆژنامەی لۆسەنجلێس تایمز دەڵێ، لە ئێستەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو دنیا شایەتی لەناوچوونی ئەو ڤایرۆسە دەدەن، بە جۆرێک کە هیج ئاسەوارێکی نەمێنێت.

پرۆفیسۆر لیڤیت هەوڵی زانایانی بایۆلۆجی لە سەرانسەری دنیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێکوتەی کۆرۆنا بە خەمخۆری بۆ مرۆڤایەتی وەسف دەکات، بەڵام پێی وایە دەبێ دنیا رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بکات و رێوشوێنی تۆکمە لەو پێناوەدا بگیرێتە بەر.

لەبارەی چۆنیەتی لەناوچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو زانایە بەو شێوەیە شی دەکاتەوە، بەو لێکۆڵینەوەیەی لەبارەی پێکهاتەی ئەو ڤایرۆسە ئەنجامم داوە، سروشتی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکە  کە ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و بەهۆی ئەو گۆڕانەی لە کەشوهەوا و ژینگەی زەویدا روو دەدات، ڤایرۆسەکە توانای خۆگونجاندنی نابێت و لە ئەنجامدا لەناو دەچێت.

هەوڵەکان لە پێناو چارەسەری کۆرۆنا لەسەر ئاستی دنیا دەستیان پێ کردووە و دوێنێ وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیا رای گەیاند، بەم نزیکانە ئەڵمانیا پێکوتەی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ تاقی دەکاتەوە و بەپێی ئەو رێکارەی بۆ دروستکردنی پێکوتەکە گیراوەتە بەر، ئەگەری سەرکەوتنی زۆرە.

دوو هەفتە لەمەوبەر زانایانی ئەمەریکایش پێکوتەیەکیان دروست کردبوو و لەسەر ژنێکی 43 ساڵان تاقی کرایەوە، ئەو ژنە هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەی تێدا نەبوو و کەسێکی تەندروست بوو، چاوەڕوان دەکرێت تا مانگێکی تر ئاسەواری ئەرێنی یاخود پێچەوانەی ئەو پێکوتەیە دەرکەوێت.

رۆژنامەی لۆسەنجلێس تایمز نووسیویەتی، بەهۆی راوێژەکانی کۆشکی سپی و سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان بە پرۆفیسۆر لیڤیت دۆناڵد ترەمپ بەو شێوەیە متمانەی بە لەناوچوونی ئەو ڤایرۆسە و سەرکەوتنی مرۆڤایەتی لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا کردووە و دەڵێ، ئەو زانا ئەمریکییە دەورێکی بنەڕەتی هەبوو لە کۆنتڕۆڵکردن و سەرکەوتنی جیهان بەسەر ڤایرۆسی سارس.

تا ئێسته‌ 472 هه‌زار و 381 كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری دنیا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 21 هه‌زار و 304 كه‌سیش به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، هاوکات‌ 114 هه‌زار و 719 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاك بوونه‌ته‌وه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌كانیان.


وشە - هیدایه‌ت جان