کیتی پشکنینی کۆرۆنا لە سلێمانی دروست دەکرێت

پسپۆری تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا لە کاتی دروستکردنی کیتی پشکنینی کۆرۆنا
:: PM:04:42:27/03/2020 ‌
ژمارەیەک پسپۆری بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا کە لە دروستکردنی خۆبەخشانی هەرێمی کوردستانە، دەستیان بە دروستکردنی کیتی پشکنینی کۆرۆنا کردووە، بۆ ئەوەی چیتر لە وڵاتانی دەرەوە بە نرخێکی گران نەیهێنن.

ئەمڕۆ هەینی 27ی ئادار، زانیار بەهادین سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی ئاسا و پسپۆری بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەکە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ژمارەیەک پسپۆری بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا کە بەم دواییانە بۆ چاودێریی چری تووشبووانی کۆرۆنا دروست کرا، دەستیان بە دروستکردنی کیتی پشکنینی کۆرۆنا بە خۆبەخشی کردووە.

زانیار گوتی: دروستکردنی کیتی PCR بۆ شیکاریی نەخۆشیی کۆرۆنا کارێکی قوڕس و گران نییە، بەڵام بەرپرسیارێتییەکی قورس هەڵدەگرێت، چونکە ئێمە بەم کیتە دەبێ ڤایرۆسەکە شی بکەینەوە، ئەمەش مەترسیی بۆ گیانی ئێمە هەیە بۆیە خۆبەخشانە دەیکەین، لە لایەکی تریشەوە دەبێت زۆر بە وریایی ئیشی لەسەر بکەین، چونکە ئێمە بەم کیتانە ئەنجامی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی نەخۆشەکان دیاری دەکەین.

ئەم کیتە لە وڵاتانەوە بە دوو تا چوار هەزار دۆلاری ئەمەریکی دەکڕێت

ئەو پسپۆرە هەفتەی ڕابردوو پێوەندیی بە چەند کۆمپانیایەکی جیهانیی دروستکردنی کیتی پشکنینی کۆرۆنا کردووە، ئەوان پێیان ڕاگەیاندووە کە داوایەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی ئەم پشکنینە لە وڵاتانەوە دەکرێ، هەر بۆیە تا مانگێکی تریش کیت بەردەست نییە و ناتوانن داوای بکەن، ئەمەش وای کردووە ئەو پسپۆرانە هەوڵی دروستکردنی کیتەکە لە هەرێمی کوردستان بدەن.

سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی ئاسا گوتی: لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆری نەخۆشخانەی ئاسا نیوەی کارەکانی دروستکردنی کیتەکەمان تەواو کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سلێمانی لەڕێی بەشداریکردن لە پڕۆژەکە یارمەتیمان دەدەن، بەڵام چاوەڕێین جارێ کیت لە هەرێمی کوردستان ببڕێت، ئینجا دروستی دەکەین.

ئەو کیتەی بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکار دێت، لە وڵاتانەوە بە دوو تا چوار هەزار دۆلاری ئەمەریکی دەکڕێت و بەشی پشکنینی 50 بۆ 100 کەس دەکات، لە کاتێکدا ئەوەی ئەم پسپۆرانە دروستی دەکەن هەمان پسکنینە و هەمان ئەنجام دەدات، کەچی تێچووەکەی ناگاتە 400$. زانیار وای گوت.

دیزانی پرایم و پڕۆبی كیتی PCR ئامادە کراوە، "وشە" وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە: 








وشە - ڕێناس شابان