له‌ سۆران هێرشكرایه‌ سه‌ر پۆلیس

:: PM:06:38:27/03/2020 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ شارۆكه‌ی سۆرانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌وكاته‌ی پۆلیس هه‌وڵی تێكدانی خانووی زێده‌ڕۆییان ده‌دا، له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر و به‌ بلۆك له‌ پۆلیسك درا و بریندار بوو.

له‌ گه‌ڕه‌كی قه‌ندیلی سۆران دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی شاره‌وانی ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تێك كرد بۆ لادانی زێده‌ڕۆیی و تێكدانی شوێنی ئاژه‌ڵ به‌خێوكردن له‌ نێو شاره‌كه‌، به‌ڵام هاووڵاتییان ڕێگرییان لێ كردن و ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌مه‌قاڵه‌ و دواتر شه‌ڕ دروست بوو.

شه‌ماڵ دێواری گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سۆران به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، پۆلیسی شاره‌وانی و كارمه‌ندانی به‌شی زێده‌ڕۆیی بۆ لادانی شوێنی به‌خێوكردنی مه‌ڕو ماڵات كه‌ دیارده‌یه‌كی ناشارستانی له‌ نێو سۆران دروست كردووه‌، ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێك كرد، جیا له‌وه‌یش خانووی زێده‌ڕۆیشیان ده‌ڕووخاند.

خه‌ڵك كۆبوونه‌ته‌وه‌ و هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر پۆلیسی شاره‌وانی
زیاتر گوتی، هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوی "ج، س، م" به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و سه‌رقاڵی هێزه‌كان به‌ پاراستنی دۆخی ناو شار، ده‌ستی به‌ دروستكردنی خانووه‌كه‌ی كردووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شاره‌وانی چوون بۆ شوێنه‌كه‌ تا بیڕووخێنن، به‌ڵام موختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌ هانی خه‌ڵكی داوه‌ كه‌ بێنه‌ سه‌ر شه‌قام و ڕێگری له‌ پۆلیسی شاره‌وانی بكه‌ن، به‌وشێوه‌یه‌ گرژی و ده‌مه‌قاڵی دروست بووه‌.

ئاماژه‌ی دا، پاش ئه‌وه‌ی گرژییه‌كان ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، كه‌سێك به‌ پارچه‌ بلۆك هێرشی كرده‌ سه‌ر پۆلیسی شاره‌وانی و برینداری كردوه‌، ئێمه‌یش گرتوومانن و ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌ له‌گه‌ڵیان.

سۆران/ موڕشید برادۆستی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د