پاره‌ى كۆمپانیاكانى پێ نادرێت..رۆیته‌رز مایه‌پووچى عێراق ئاشكرا ده‌كات

:: AM:11:26:28/03/2020 ‌
ئاژانسى رۆیته‌رز ئاشكراى كردووه‌، عێراق پێشنیازى بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كانى نه‌وت كردووه‌، خه‌رجى پێشخستنى كێلگه‌ نه‌وتییه‌كان به‌ رێژه‌ى 30% كه‌م بكه‌نه‌وه‌، به‌ مه‌رجێك ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ كاریگه‌رى به‌سه‌ر بڕى به‌رهه‌مهێنن نه‌بێت.

ئاژانسى رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ شه‌موو 28 ى ئادار نرخى نه‌وتى له‌ بازاڕه‌كانى دنیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ نرخى به‌رمیلێك خاوى برێنت گه‌یشتووه‌ته‌ 24 دۆلار و 93 سه‌نت، خاوى تێكساسیش بووه‌ته‌ 21 دۆلار و 51 سه‌نت.

 له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئه‌مه‌یش روونكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ پێنجه‌م هه‌فته‌یه‌ نه‌رخى نه‌وت داده‌به‌زێت و ئه‌مڕۆیش خاوى برێنت به‌ رێژه‌ى 5.35 % نرخه‌كه‌ى دابه‌زیوه‌ و خاوى تێكساسیش  به‌ رێژه‌ى 4.84% نرخه‌كه‌ى دابه‌زیوه‌.

عێراق: ناتوانین شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیاكان بده‌ین


وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌، دابه‌زینى نرخى نه‌وت كاریگه‌رى به‌سه‌ر ته‌واوى ئابوورى دنیا ده‌بێت و به‌ تایبه‌تیش ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى  سه‌ره‌كى پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى ترى به‌هێزیان نییه‌، عێراقیش یه‌كێكه‌ له‌م وڵاتانه‌.
 
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌لایه‌ن به‌رپرسانى ئابوورى عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، نه‌وت بۆ عێراق 98% دراوى بیانى دابین ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ دانانى بودجه‌ى عێراق نه‌وت رێژه‌ى 93%ى بودجه‌كه‌ پێكده‌هێنێ. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات خه‌ڵكى عێراق هه‌ست به‌ مه‌ترسى دابه‌زینى نرخى نه‌وت بكه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ حكوومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق پێشتر باسى له‌وه‌ كردووه‌، چه‌ند رێگه‌ییه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ هیچیانى ئاشكرا نه‌كردووه‌،  ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌مڕۆ رۆیته‌رز ئاشكراى كردووه‌، عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كانى نه‌وت كه‌وتووه‌ته‌ گفتوگۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه‌ پێشنیازى خۆى خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌شى ئابوورى رۆیته‌رز هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كان، له‌ راپۆرتێكى سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به‌ عێراق ئاشكراى كردووه‌، عێراق داواى له‌ كۆمپانیاكانى نه‌وت كردووه‌ تێچووى پێشخستنى كێلگه‌ نه‌وتییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، به‌رپرسانى عێراق و سه‌رچاوه‌كان له‌ كه‌رتى نه‌وتى عێراق به‌ رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌، عێراق كۆمه‌ڵیك پێشنیازى داوه‌ته‌ ته‌واوى كۆمپانیا بیانییه‌كان، یه‌كێك له‌ پێشنیازه‌كان ئه‌وه‌یه‌ بودجه‌ى پێشخستنى كێڵگه‌كان به‌ رێژه‌ى 30% كه‌م بكرێته‌وه‌، چونكه‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وت كارى له‌سه‌ر داهاتى حكوومه‌ت كردووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووپات كراوه‌ته‌وه‌ نابێت جێبه‌جێكردنى ئه‌و پێشنیازانه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر داهات هه‌بێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌، كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ باشوورى عێراق به‌گوێره‌ى  گرێبه‌ستێك كار ده‌كه‌ن، ئه‌وان به‌پێى گرێبه‌سته‌كه‌ رسووماتى جێگیر ده‌ده‌ن بۆ بڕى نه‌وتى به‌رهه‌مهێنراو، دواتریش به‌غدا خه‌رجى دروستكردنى پرۆژه‌كان ده‌دات و ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پلانى پێشخستنى كێلگه‌كان ده‌دات.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌، له‌وه‌ته‌ى له‌سه‌رى ساڵه‌وه‌ نرخى نه‌وت له‌ دابه‌زینه‌، كۆمپانیاكانى وزه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى دنیا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان، چونكه‌ دواجار نرخى نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ 24 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك.

به‌رپرسانى عێراق باسیان له‌وه‌ كردووه‌ نرخى نه‌وت وه‌زاره‌تى نه‌وتى ناچار كردووه‌، پێداچوونه‌وه‌ بۆ پلانه‌كانى بكات و بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ چۆن شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیا بیانییه‌كان بدات بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ.

به‌رپرسان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، هێشتا وه‌زاره‌تى نه‌وت چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى كۆمپانیاكان ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وان هێشتا هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانى عێراق رانه‌گه‌یاندووه‌.

وه‌زاره‌تى نه‌وت داوا له‌ كۆمپانیاكان ده‌كات خه‌رجى كێڵگه‌كانى نه‌وت كه‌م بكه‌نه‌وه‌


رۆیته‌رز ناوى زۆربه‌ى به‌رپرسه‌كانى كه‌رتى نه‌وتى عێراقى ئاشكرا نه‌كردووه‌، كه‌ زانیارییان پێداوه‌، ئه‌وان به‌ كورتى باسیان له‌ پێشنیازه‌كانى تر كردووه‌ و زیاتر دووپاتیان له‌سه‌ر پێشنیازى كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش چه‌ندان جار باسیان له‌وه‌ كردووه‌، نابێت ئه‌مه‌ كاریگه‌رى به‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى نه‌وت هه‌بێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، عێراق به‌ دووه‌م به‌رهه‌مێنه‌رى نه‌وت داده‌نرێت له‌ رێكخراوى ئۆپیك، رۆژانه‌ چوار ملیۆن و 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێ.

به‌رپرسێكى نه‌وتى به‌سڕه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌ كورتى چه‌ند پێشنیازێكى ترى ئاشكرا كردووه‌ و ده‌ڵى، "هێشتا بێ ده‌رماڵه‌ى بودجه‌ى 2020 ین، دابه‌زینى نه‌وتیش بارودۆخه‌كه‌ى ئاڵۆزتر كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ به‌لێنده‌ره‌ بیانییه‌كان هه‌موو كۆششێك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجى كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى خۆیان دوا بخه‌ن".

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمپانیایه‌كى بیانی به‌ رۆیته‌رزى راگه‌یاندووه‌، نامه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كانم پێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام هێشتا هیچ بڕیارێكمان نه‌داوه‌.

عاسم جیهاد گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ده‌ڵێ، "گفتوگۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان كراوه‌یه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى ته‌كنیكی و دارایی، پێوه‌ندى هه‌یه‌ بۆ تاوتوێكردنى بیرۆكه‌ و پێشنیازه‌كان".

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ رۆیته‌رز به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، " ئێسته‌ به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا له‌سه‌ر بازاڕى نه‌وت و ئابوورى دنیا، كه‌س ناتوانێ پێشبینى بكات، بۆیه‌ داناییه‌ ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان دوابخرێن و بڕیارى گونجاو له‌ كاتى گونجاو بدرێت، كێشه‌یه‌كیش له‌مه‌دا نییه‌ چونكه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان تێگه‌یشتن هه‌یه‌ و هیواى ئه‌وه‌ ده‌خوازین له‌ ماوه‌ى داهاتوودا بازاڕى نه‌وت راست ببێته‌وه‌"

ئاژانسى رۆیته‌رز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات سه‌یرى نامه‌یه‌كى كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیلى كدووه‌ كه‌ له‌ كێڵگه‌ى رۆژئاواى قورنه‌-1 له‌ باشوورى عێراق كار ده‌كات، له‌ نامه‌كه‌دا داواى له‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران كردووه‌ ته‌واوى خه‌رجییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

ئیكسۆن مۆبیل له‌ نامه‌كه‌ى ده‌ڵَێ "كه‌رتى نه‌وت و گاز به‌ شێوه‌یه‌كى گه‌وره‌ به‌ دابه‌زینى نرخى خاوى نه‌وت كاریگه‌ر ده‌بن، كه‌ نزمترین ئێسته‌ نزمترین ئاستى له‌ ماوه‌ى 20 ساڵى رابردوودا تۆمار كردووه‌".

ئیكسۆن مۆبیل هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا داوا ده‌كات به‌ په‌له‌ له‌ عێراق خه‌رجى كۆمپانیاكه‌ى كه‌م بكرێته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخى عێراق له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى تر خراپتره‌، به‌ڵام له‌ رێكارى كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجی كۆمپانیاكانى نه‌وت به‌ ته‌نیا نییه‌، رۆیته‌رز له‌ كۆتایى راپۆرته‌كه‌ى ئاماژه‌ى بۆ چه‌ند وڵاتێكى تر كردووه‌، له‌وانه‌ ئیمارات و كوێت و سعوودیه‌ كه‌ هه‌مان رێكارییان گرتووه‌ته‌به‌ر.





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل