جەنگی جیهانی دژ بە كۆرۆنا و چەند زانیارییەك

:: PM:05:04:28/03/2020 ‌

تا ئێستەیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا خێرایە و بەپێی دوایین ئاماری تووشبووان ژمارەكە گەیشتووەتە 614411 و ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە 28243 حاڵەتن، هاوكات هەوڵی حكوومەت و زانایان بۆ رووبەڕووبوونەوەی خێراتر دەبێت بۆ پێشگرتنەوە لەو زیانە گەورە و گەورەتر بوونی، لەو ماوەیەدا و لەسەر رێگەی دۆزینەوەی چارەسەری بنبڕ، چەند راستییەكی زانستی دۆزانەوە لەوانە:
سەركەوتنی چین بەهۆی بەردەوامی لە جێبەجێكردنی رێوشوێنە خۆپارێزییەكانە
* تاقیكردنەوەی تووشبوون لە ماڵەوە، "تاقیكردنەوەی دژەتەنەكان"، كە تاقیكردنەوەیەكی پشت پێ بەستراوە و خەرجییەكی زۆری نییە و پێشانی دەدات كە ئەو كەسە پێشتر تووشی كۆرۆنا بووە، ئێستە دۆخی چۆنە، واتە تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوەیە كە لە قۆناغی هاتنەوە و دووبارە بوونەوەی پەتاكە پشتی پێ دەبەسترێت.

ئەو تاقیكردنەوەیە توانای پێوانی ئاستی بەهێزی بەرگری كەسەكانی هەیە و پێشانی دەدات كە ئەو كەسانە دوای تووشبوونیان تا چەند دەتوانن بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و بەهۆی بەرگری لەشی بەهێزیان چاكبوونەتەوە، چەندان دامەزراوەی تەندروستی لە دنیا ئەو تاقیكردنەوەیە بەكاردێنن لە تاقیگەكانیان، بەڵام بەو فرەوانییە نا، چونكە ئەو تاقیكردنەوە دەبێت دوای چەند هەفتەیەك لە تووشبوون بێتە ئەنجامدان. 

لای خۆیەوانەوە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی دەرمان كار بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری پشكنینی خێرا دەكەن كە كەسەكان لە ماڵەوە بەكاری دێنن بە هاوشێوەی تاقیكردنەوەی دووگیانی، هاوكات لایەنە پێوەندیدارەكان كار بۆ بەدەستبوونی ئەو ئامێرانە بە خێراییەكەی زۆر دەكەن، هەروەها دڵنیابوونەوە لە وردیی ئەنجامەكانی. 

كۆمپانیای "ئابووت"ی ئەمەریكی رای گەیاند كە ئامێرێكی هاوشێوەی مۆبایلی بەرهەمهێناوە توانای دیاریكردنی تووشبوونی مرۆڤی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی تەنیا پێنج خولەك هەیە و روونی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی مۆڵەی پێ داوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئامێرە كە دوەتوانێت هەفتەی داهاتوو بۆ كارمەندانی تەندروستی دابینین بكات، وەك "فرانس پرێس"، باسی كرد. 

چەند هەفتەیەكە راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن كە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەستی بۆنكردنی كەسی تووشبوو، ئەوەیش لەسەر بنەمای راپۆرتەكان لە چین و كۆریای باشوور و ئیاڵیا و كۆمەڵەی بەریتانی بۆ پزیشكیی لووت و گوێ و قورگ پەسندی ئەنجامەكانی كرد، بەڵام هەواڵێكی خۆش ئەوەیە كە ئەگەر ڤایرۆسەكە ژمارەیەك خانەی بۆنكردنیش لەناو ببات، بەڵام لە لووت قەدە خانە هەیە و دەوتوانن ببن بە خانەی نوێی بۆنكردن. 

*ڤایرۆسی كۆرۆنا ناگۆڕێت، بە شێوەیەكی گشتی ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا حەز بە گۆڕان بە خێرایی  ناكەن، لە ماوەی ئەم هەفتەدا زانایان دڵنیایی زیاتریان پێشكەیش كرد كە ڤایرۆسی كۆرۆنای هۆكار بۆ كۆڤید19 لەو جۆرەیە كە بە خێرایی ناگۆڕێت، كاتێك زانایان لە "زانكۆی هۆبكنز"ی ئەمەریكی هەزار سامپڵیان شی كردەوە و تەنیا چوار بۆ 10 جیاوازی جینیان لە نێوان تیرە بڵاوبووەكانی لە ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەی ووهانی چینی دۆزییەوە، وەك رۆژنامەی "واشنتن پۆست"، باسی كردووە، ئەوەیش مانای ئەوەیە كاتێك پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسەكە دەدۆزرێتەوە، تا ماوەیەكی دوورودرێژ كاریگەر دەبێت، چونكە ڤایرۆسەكە گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.  

*قەدەغەی جموجۆڵ و داخستن پێویستە بەردەوام بێت، تا ئێستە هیوا بەوەی بەمنزیكانە ژیان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە لاوازە، بۆیە توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پێویستە ئەو رێوشوێنانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە وەرگیراون پێویستە بۆ چەند مانگێك بەردەوام بن، توێژینەوەیەك لە گۆزاری "لانسێت"، بڵاو كراوەتەوە و ئاماژە دەكات ئەگەر چین لە سەرەتای ئەم مانگە كاتێك ژمارەی تووشبووان كەمی كرد، رێوشوێنەكانی هەڵگرتبووایە، خۆی دەخستە ناو مەترسی رووبەڕووبوونەوەی شەپۆڵێكی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە حوزەیرانی داهاتوودا، بۆیە بەهۆی بڕیاری بەردەوامبوونی داخستن، تا كۆتایی نیسانی داهاتوو، ناوەندی پێشبینیكرداوی تووشبوون تا كۆتایی ئەمساڵ بە رێژەی 24% كەمی كردووە.

*پیاوان زیاتر بەو ڤایرۆسە دەمرن، تا دێت بەڵگەكان زیاتر دەبن لەسەر ئەوەی پیاوان زیاتر ئەگەری مردنیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە بە بەراورد بە ژنان، ئەوەیش بۆ یەكەمجار لە چین بەدی كرا كاتێك تێكڕای مردن لە پیاوان 2.8% بوو و لە ژنانیش 1.7%، ئەم هەفتەیەیش ئیسپانیا رای گەیاند كە ژمارەی مردووان لە پیاودا دووهێندی ژمارەی مردووانی ژن بووە، بۆیە ئەم هەفتەیە زانایان توێژینەوەیان دەست پێ كردووە لەبارەی هۆكاری مردنی زیاتری پیاوان، لەو ئەگەرانەیش بەرگری لەشی ژن رەنگە بەهێزتر بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەكە، بۆیە پێشبینی دەكرێت توێژینەوی نوێتر لە چەند هەفتەی داهاتوو هۆكاری زیادبوونی رێژەی مردنی پیاوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا بكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل