وەزیری تەندروستی هەواڵێكی خۆشی ڕاگەیاند

:: PM:12:15:29/03/2020 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، سەرجەم تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ئێستە تەندروستییان جێگیرە.

ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی ئادار، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سوپاسی چین دەكەین كە جارێكی تر كۆمەكی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تەندروستییان جێگیرە و هیچ حاڵەتێكی مەترسیدار نییە ‌
وەزیری تەندروستی گوتی، ئێستە تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تەندروستییان جێگیرە و هیچ حاڵەتێكی مەترسیدار نییە.

باسی لەوەش كرد، ژنێكی دووگیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بوو تەندروستی ناجێگیر بوو و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكی بوو، بەڵام بە هەوڵی پزیشكان ئێستە ئەویش دۆخی تەندروستی جێگیرە و گەڕاوەتەوە ماڵ خۆی دوای تێپەڕاندنی ڤایرۆسەكە.

ڕوونی كردەوە، چەند وڵاتێكی تر بەڵێنیان پێ داوین هاوكارمان بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە چاوەڕوانی هاوكارییەكانی ئەو وڵاتانەین.

ئێستە لە هەرێمی كوردستان 128 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە و لەو ژمارەیەك 53 كەس چاك بوونەتەوە و دوو كەسیش گیانی لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد