وەزیری بازرگانی بۆ "وشە": کوالیتیی خۆراک نایەتە خوار و جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ بەردەوامە

:: PM:06:26:29/03/2020 ‌
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، هیچ تەنگژەیەكی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دروست نابێت و تەواوی كۆگاكان پڕ خۆراكن. هەروەك ئاماژە بە بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدات و بە گرنگی دەزانێ‌ كە لەم دۆخەكە حكوومەت بەشێوەیەكی زۆر دروست مامەڵەی كرد و داوا دەكات خەڵك پابەندی رێنوێنییەكان بن.

لەو پرسیارەوە دەست پێ دەكەم كە لەگەڵ بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا لە كوردستان خەڵك تا ئێستەیش مەترسیی هەیە كە تەنگژەی خۆراك دروست بێ، چۆن دڵنیایی دەدەنە خەڵك كە رێ‌ لە دروستبوونی تەنگژەی خۆراك دەگرن؟.
لەم دۆخەكەدا پێویستە هاووڵاتییانی كوردستان رێنوێنییە تەندروستیییەكان جێبەجێ‌ بكەن و هاوكاری بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ تەنگژەیەكی خۆراك دروست نابێ‌ ئاڵوگۆری بازرگانی بەردەوامە و لە هەندێك رۆژ لەپێشوو زیاترە، هەموو رێوشوێنێكمان گرتووەتە بەر تەنانەت هیچ كەلوپەلێك لە كوردستان بەرەو كەمبوونەوە و نەمان ناچێت، راستە تەنگژە بەهۆی كۆرۆناوە زۆربەی وڵاتانی دنیای گرتووەتەوە دەكرێ‌ بڵێین تەنگژەیەكی جیهانییە و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك دروست كردووە، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندان بڕیاری گرنگ و كۆبوونەوەی كردووە بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێ‌، هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستان كراوە، یەكێك لە بڕیارە گرنگەكان ئەوەبوو بەخێرای كارئاسانیمان كرد بۆ بازرگانان تا بەردەوام بن لە هێنانی كەلوپەل و خۆراك بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستە كۆگاكانی خۆراك لە كوردستان پڕ خۆراكن و پێویست نییە هاووڵاتییانی كوردستان دڵەراوكێیان هەبێت و لە پێوەندیدان بە بەردەوامی لەگەڵ هەموو مەرز و ئەو دەروازانەی كە خۆراك و كەلوپەلی لێ‌ هەناردە دەكرێ‌ و هیچ كێشەیەك نییە.

لە سبەینێوە دەست دەكرێ‌ بە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان كە مادەكانی ڕۆنی زەیت و شەكرە
سەرباری ئەوەی هاتنی خۆراك و كەلوپەل بەردەوامە، ئێوە باسی دەكەن، بەڵام گومان لەسەر كوالیتی و رووە تەندروستییەكەی هەیە، لەوەیش دڵنیایی دەدەن؟
هیچ كەمتەرخەمییەك لە كوالیتی و رووە تەندروستییەكەی ئەو خۆراك و كەلوپەلانە نییە كە دەهێنرێتە كوردستان هەمووی بەرێكاری پێویست و وەك جاران لەژێر چاودێری تەندرستی دەهێنرێ‌، سەرباری ئەوەی لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیران رێكارەكانی دیاری كردووە، ئەو بابەتە شتیك نییە هیچ كەمتەرخەمی تێدا بكرێ‌ مەرزەكان پابەند كراون كە رێكارەكان وەك خۆی جێبەجێ‌ بكەن، بۆیە دڵنیاتان دەكەینەوە هاتنی بەردەوامی خۆراك لەسەر بنەمای كوالیتی خراپ نییە، تیمەكانی كشتوكاڵ و تەندروسیش لەو لایەنەوە هاوكارن و لیژنەیان لە مەرزەكان جێگیر كردووە.


بازرگانەكانی كوردستان لەو دۆخەی كوردستان تاچەند هاوكارن، بەرپرسیاریەتییان هەڵگرتووە؟
بەشێكی سەرەكی لە دروستنەبوونی تەنگژەی خۆراك و بازاڕ بازرگانەكان بوون، كە من لێرەوە سوپاسیان دەكەم لەو دۆخەدا هاوكاری حكوومەتن و زۆربەیان هەست بە بەرپرسیارییەتی دۆخەكە دەكەن، لەگەڵ ئەوەیش هیوادارین كە نرخی كەلوپەل بەجێگیری بمێنێتەوە و گران نەبێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توانایەكی زۆرەوە رووبەڕووی ئەو دۆخە بووەوە
پیشتریش ئاماژەم بۆ كرد دنیا رووبەرووی تەنگژەی خۆراك دەبێتەوە، چۆن دڵنیایی دەدەی كە ئێرەش ناچێتە ئەو چوارچێوەیە؟
كوردستان چەند سەرچاوەیەكی تری هەیە جگە لە جموجۆڵی بازرگانی ئەویش هاتنی بەشەخۆراكی مانگانەیە، لە سبەینێوە دەست دەكرێ‌ بە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان كە مادەكانی ڕۆنی زەیت و شەكرە، سەرباری ئەوەی لە چەند بەشێكی خۆراك كارگەی ناوخۆی هەیە و پێویستییەكان پڕ دەكاتەوە، هەورەها كەرتی تایبەت رۆڵێكی بەرچاو دەبینێ‌ لە دروستنەبوونی تەنگژە، ئێستە خۆراكی بەشەخۆراكی مانگانەیش پشكنینی بۆ دەكرێ‌، برنج لە پشكنینەوە دواتر دەدرێتە بریكارەكان بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.

تۆ لە تیمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەڵسەنگاندت بۆ بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چییە لەو دۆخەی ئێستە كە یەكەمجارە كەشێكی وا رووبەرووی كوردستان ببێتەوە؟
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توانایەكی زۆرەوە رووبەڕووی ئەو دۆخە بووەوە، بڕیارەكانی هەموو لەكاتێكی گونجاودا بوو، تەنانەت هەر ئەو بڕیارانەبوون وای كرد كە بەشێوەیەكی خراپ كۆرۆنا تەشەنە نەكات ئەوەیش بە بڕیاری گرنگی حكوومەت دادەنرێ‌ كە زوو فریای دۆخەكە كەوت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم