پێویستی هەولێر بۆ خوێن ڕاگەیەنرا

:: AM:11:46:30/03/2020 ‌
بەرپرسێكی ڕێكخراوی خوێنبەخشان ئاشكرای دەكات، تووشبووانی تالاسیمیا ڕۆژانە پێویستیان بە 70 بوتڵ خوێنە، بۆیە داواكارین خوێنبەخشان سەردانی بانكەكانی خوێن بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 30ـی ئادار، كاروان عەلی سەرۆكی ڕێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تووشبووانی تالاسیمیا ژیانیان پێوەستە بە خوێن، بۆیە پێویستە ڕۆژان خوێنیان بۆ دابین بكرێت.

ڕۆژانە لە هەولێر نزیكەی 50 بۆ 70 بەتڵ خوێن پێویستە ‌
سەرۆكی ئەو رێكخراوە ئاشكرای كرد، بەهۆی كەرەنتینكردن و قەدەغەی هاتوچۆ، بەخشینی خوێن كەمتر بووەتەوە، چونكە هاووڵاتییان كەمتر دێنە دەرەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی هەڵمەتێكی بەخشینی خوێن ڕابگەیەنین بۆ خوێنبەخشان.

ڕوونی كردەوە، داوا لە خوێنبەخشان و مرۆڤدۆستان دەكەین لە ئەمڕۆوە سەردانی بانكی خوێن بكەن بۆ بەخشینی خوێن تا ژیانی تووشبووانی تالاسیمیا نەكەوێتە مەترسی.

باسی لەوەش كرد، ڕۆژانە لە هەولێر نزیكەی 50 بۆ 70 بەتڵ خوێن پێویستە بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا و شێرپەنجە، بەتایبەت تالاسیمیا كە دەبێ ڕۆژانە خوێنیان بگۆڕێت.

دوێنێ‌ كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر بانگەوازێكی بڵاو كردەوە و داوای خوێنی لە هاووڵاتییان كرد بۆ تووشبووانی تالاسیمیا.



وشە - رامیار جەواد